ئەگەر لەخەمی كەركوكدان

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  19/08/2020  |    606 جار خوێندراوەتەوە
سەرەتا دەبێت ئەو راستیە بڵێم ئەوەی لێرەدا دەینووسم بە هیچ جۆرێك ئەو كەسە ئاگادار نیە كە من دواتر ناوی دەبەم ، هەڵبەت من پێشتریش وەك نووسەرێك لە خەمخۆریمەوە بۆ دۆزی گەلەكەم و بۆ ئەوەی لەم تەڵەزگەی هات و نەهاتە دەرچین ، رەنگە ناوی كەسانی تریشم بردبێت و ئومێدم بۆ خواستبن ، كە لە بواری خۆیاندا سەركەوتوبن .

لە رابردودا بۆ كەركوك لە دوای 16-10-2017 ەوە ناوی زۆر كەس برا ، هەڵبەت هەرە زۆریان كەسانی باش و بە ئەزمون و خەمخۆر بون ، من هەر لە سەرەتاوە دەمزانی نەك ئەو ناوانەی دەهاتن سەدان ناوی دیكەش ریزبكرایە دۆخەكە هەر بەو جۆرە دەبوو ، چونكە یەكێ‌ لە لایەنە سەرەكیەكانی پڕۆژەی راستكردنەوەی دۆخی كەركوك جگە لەوەی ئامادە نەبوو ئەو بارو دۆخە راست بكاتەوە سزای هەركەسێكیشی دەداكە لایەنەكەی دیكە پێشنیازی دەكرد .

لە راستیدا ئەمە لەلایەك بە قوربانی كردنی خەڵكی كەركوك بە گشتی و بەتایبەت كوردی كەركوك بوو، لەلایەكی دیكەشەوە بە قوربانی كردنی هەموو ئەوانە بوو كە ناویان  دەخرایە سەر زاران ، من بۆ خۆم لە رووی خەمخۆریمەوە بۆ ئەوان لە گەڵ یەكدوویەكیان  بەو جۆرە دوام كە نەچنە نێو یاریەكی واوە ، من هەر لە سەرەتاوە دەمزانی ئەم بابەتە چارەسەرەكەی پشتگوێ‌ دەخرێت و دەدرێتە دەم رۆژگارەوە ، خۆ رەنگە لەمەشدا دڵی وڵاتانی هەرێمی و تەنانەت كەسانێكیش راگیرابێت ، ئەوە جگە لەوەی ئەمە دەبێتە جۆرێك لە خۆ دەربازكردن لە بەر پرسیارەتی دیرۆكیش .

دوای سێ‌ ساڵ لەو روداوانەی مانگەكانی 9و 10ی 2017 ئایە كاتی ئەوە نیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت برینی كەركوك و كەركوكیەكان ساڕێژ بكرێت ، مەبەست لە بۆ ماوەی كەم ئەوەیە ئەگەر تەنها بۆ یەك ساڵیش بێت دەكرێت ئەو لاسەنگی و شكستەی كەركوك راست بكرێتەوە ، من بڕوام وایە بۆ دۆخی ئێستای كەركوك ، بۆئەوەی چارەسەری بەشێكی زۆر لە كێشەكانی ئەو شارە بكرێت ، بۆ ئەوەی دادوەری گوێزەرەوە لە قۆناغی راگوزەردا جێی خۆی بگرێت داواكردن لە عوسمانی حاجی مەحمود بۆ ئەوەی ئەركی پارێزگار لەو شارە وەربگرێت و هەموو لایەنە كوردیەكانیش پشتگیری بكەن ، بەشێكە لە هەنگاوێكی ئاكاری ئەو لایەنانە .

عوسمانی حاجی مەحمود بە دەر لە رابردووە بێگەردەكەی لە سەردەمی حوكمڕانی كوردیشدا وەزیرێكی بوێرو دەستپاك و رێزلێگیراوی هەموو لایەك بووە ، كەسێكە هەمیشە لەوە زیاتر دەكات كە دەبێت پێی هەستێ‌ ، من بە حوكمی زۆر نزیكیم لەوەوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ ، گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی بۆ ئێستای كەركوك شیاوترینە ، هەڵبەت لەوەش دڵنیام كە ڕەنگە ئەم پۆستەی بە دڵ نەبێت ، چونكە ئەوە یەكەمجار نیە من لە نووسیندا ئاماژەی پێدەكەم و لە سەری دەنووسم ، هەر جارێكیش كە نوسینەكە دەبینێ‌ یان نیشانی دەدەن ، ئەو گلەیی ئەوە دەكات كە پێویست ناكات .

ئەم نوسینەی من پێشنیازێكە بۆ هەر سێ‌ لایەنی سەرەكی نێو هەرێم و هەموو لایەنەكانی دیكەش كە كەم و زۆر رۆڵیان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هەیە .
زیاتر