ساوەر

  19/07/2020  |    1045 جار خوێندراوەتەوە
ساوەر خواردنێکی کۆنی کوردەواریە و تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش سەرەکیترین خواردنی خێزانەکان بوو. بەڵام ئێستا وەک خواردنی سەرەکی تەماشا ناکرێت. چێشتانەی ماڵەکان ئێستا گۆڕاوە، خواردنی سورەوەکراو و خواردنی خێرا و پیزا و فینگر و سپاگێتی لەنێو ئەم نەوە تازانەدا جێپێی ساوەری تەواو لەق کردووە.

کە دەچمە چێشتخانە لە پاڵ برنجەکەدا کەمێک ساوەر دانراوە یان پێش داواکردنی خواردن لەگەڵ زەڵاتە پڕ کەوگێرێک ساوەر لە سەر قاپێک نراوە بۆ ئەوەی پێش خواردنەکە بیخۆی. خاوەنی چێشتخانە نازانێ لای من ساوەرەکە خواردنی سەرەکییە، ساوەر بە ماستاوی سارد و تەڕە پیازەوە کەمێ ڕۆن و پیازی بەسەردا بقرچێنی یەک چێژی هەیە نەبێتەوە.

ساروەر چیە؟ گەنم دەهێنرێت و دەکوڵێنرێت، ئینجا هەڵدەخرێ تا وشک دەبێتەوە، دوای وشک بوونەوەی دەهاڕدرێت و دەبێت بەساوەر. کە دەدرێتە دەم با و پاک دەکرێتەوە پاشماوەکەی ساوەرێکی وردە و پێی دەوترێ پێرخەنیلە، واتە جوینی ناوێ و بۆ پیاوی بیر باشە و پیر خەنی دەکا. ئەها لە درامای (ماڵەکەی مەعروف)دا عارف بە سەرگوڵی هاوسەری دەڵێ: (لەوەتەی هەن لە گنگر بەولاوە هیچی ترتان نەخواردووە، مارف و شیلان لەوەتەی هەن هەر پیرخەنیلە و ساوەر دەخۆن).

کاتی کوڵاندنی گەنم کە نەرم و کوڵاوە پێی دەوترێت دانولە. منداڵ بووین هەر ماڵێک ساوەری بکوڵاندایە بە قاپێکەوە دەچووین و خاوەن ماڵیش دڵی نەدەشکاندین. هەندێ جار بە هەرەوەز خەڵکی گوند یارمەتی یەکتریان دەدا و بە سەتڵ ساوەریان دەبردە سەربان و هەڵیان دەخست ئەو ڕۆژە وەک ئاهەنگی گوند وابوو. ئاهەنگی هەرەوەزی کچان و کوڕانی لادێ بۆ سەرخستنی سەتڵە ساوەری کوڵاو بۆ سەربان چێژی تایبەتی هەبوو، بە ئەنقەست کچان دەچوونە تەنیشت ئەو کوڕە گەنجەی دڵی دەیخواست و لەو کاتەی کە سەتڵە گەنمەکەی دەدایە دەست کە هەڵاوی لێ هەڵدەستا پەنجەیان بەر پەنجەی یەکتر دەکەوت و جارجارەش لەکاتی گواستنەوەی سەتڵە ساوەردا دەچەمینەوە و وشەیەکیان بە گوێی یەکتر دا دەچرپاند.

سەردەمێک ژیان سادەبوو، لەگەڵ سادەیی ژیاندا خواردنیش سادەبوو. ئەو زەڵاتەیەی ئێستا دادەنرێت پێشتر ژەمێک بوو بۆخۆی. بیرمە لە گەرمای هاویندا نان و شوتیمان دەخوارد و فێنک دەبوینەوە. کولێرە و ترێ، نانی تیری و کاڵەک خرمەی سەوزە خەیاری گوڵ بدەم کە لە نێو ناندا خۆی حەشار دەدا، چێژەکەی زۆر لە سفرەی قەرەباڵغی ئێستا زیاتر بوو.

لە دوو بۆنەدا ساوەر پاشەکشەی دەکرد و برنج دەخورا. پرسە و شایی. هەرکەس لە گوندەکەمان زەواجی بکردایە یەک مانگ پێشتر گەنجەکان هەڵدەپەڕین، ڕۆژی شایی مەنجەڵە برنج بە ڕیزە لێدەنران، چێشتێکی زۆر و گوشت لە بان برنج دەخرا، شلەی پەتاتە مڵاشومانی دادەماڵی. لە پرسەشدا هەر خواردنی خۆش دەکرا، بیرمە شەڕم بوو لەگەڵ کوڕێکی گوندەکەمان توڕی کردم وتم: ڕەبی بمری بەڵکو بە بۆنەی تۆوە گوشت و برنج بخۆین.

بەڵام ساوەر هەمیشە خواردنی سەرەکی ماڵەکان بوو. هەم لێنانی ئاسان بوو هەم ئاسان دەهاتە بەردەستی کەیبانو و هەم بەرهەمی گوندەکە خۆی بوو. فەردە ساوەری کەڵەکەبوو شەڕە تفەنگت لە پاڵ بکردایە و زستانی سەختت پێ بەڕێ دەکرد.
لە ژەمی خواردنماندا ئەوەندە ساوەر هەبوو بە گۆرانیش هەر دەمانوتەوە و لەسەر دەممان بوو. کۆپتەری سەربازی عیراق بەئاسمانەوە بوو ئێمەش لەخوارەوە هاوارمان دەکرد:

عەلی کۆپتەر واوەرە
چێشتەکەمان ساوەرە
.................
جا ئەوە دەڵێن ژن و پیاوێک لەماڵەوە لەیەکتر عاجز ببوون و قسەیان بەیەکەوە نەبوو، دوو کوڕی منداڵیان هەبوو. پیاوەکە ساوەری دەدا بە کوڕەکان دەیوت: بخۆن کوڕم بخۆن با (ک) تان گەورە بێ. ژنەکەش لەبەر خۆیەوە بە بۆڵەبۆڵ دەیوت: خۆی دەمی شکاوە کەمێ بخوا.
زیاتر