ئایە سۆفیە

  11/07/2020  |    837 جار خوێندراوەتەوە
ململانێی ئەتاتورک و ئەردۆگان

ئایە سۆفییە کڵێسایەکی کرستیانەکان بوو کە ئیمراتۆری ڕۆم جۆستینیان لە ٥٣٧ ز دروستیکردوە. لە ١٤٥٣ دوای ئەوەی کە محەمەدی غازی (فاتیح)، سوڵتانی عوسمانی قونستەنتینیە داگیردەکات، دەیکات بە مزگەوت. لە دوای ڕوخانی عوسمانییەکان‌و دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای نوێ، مستەفا کەمال، ناسراو بە ئەتاتورک، لە ١٩٣٥ دەیکات بە مۆزخانە. لەوکاتەوە هەمیشە وەک کردەیەک‌و سیمبولێکی بە سێکولارکردنی تورکیا وێناکراوەو ناسێنراوە. ئەمڕۆ، سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، کردیەوە بە مزگەوت.
من لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١ بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێک لەسەر پرسی کورد چووم بۆ ئەستەمبۆڵ. بابەتەکەم لەسەر ئەگەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو. لەوێ لێیان پرسیم تۆ چۆنە لە ئەستەمبۆڵ باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەیت. منیش گوتم، ئەستەمبۆل لیبرالترین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەستەمبۆل وەک شار زۆرترین کورد لێی نیشتەجێن. هاوکات، ئەستەمبۆل ئەو شارەیە کە ناسیونالیزمی کوردی کە هەمیشە دوا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بووە، سەریلێهەڵداوە. دوای کۆنفرانسەکە هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەگەڵ خەدیجەی هاوسەرم بچم سەردانی ئایەسۆفیە بکەین. بەڕاستی ئایەسۆفیە ئایکۆنێکی جوانی میعمارییە لە ئاستی ئایکۆنە هەر بەرزەکانی جیهان کە سەدان ساڵە وەک خۆی ماوەتەوەو هەر ئەوەی لێدێ مۆزەخانە بێت‌و وەک مۆزەخانە بمێنێتەوەو هەموو خەڵکی دنیا، دیندارو بێدین، موسڵمان‌و کرسیتیان، بوزی‌و هیندی، یارسان‌و ئێزیدی بچن سەردانی بکەن.
دڵنیام لەم ڕۆژانە زۆر شت دەنوسرێن لەسەر هۆکارەکانی بە مزگەوتکردنی ئایەسۆفیە لەلایەن ئەردۆگان بەڵام من وای دەبینم کە هۆکاری هەرە سەرەکی ململانێی نێوان ئەردۆگان‌و ئەتاتورکە نەک هەر ئەوەی خۆی لە ململانێی نێوان سێکولارەکان‌و ئیسلامییەکان دەبینێتەوە بەڵکو لەنێوان ئەوەی کە کامیان باڵادەستترن، ئەتاتورک یان ئەردۆگان، لەسەر دیاریکردنی ئەوەی کە تورکیا چییەو دەبێت چی بێت. لەوەش گرنگتر کێ نوێنەری ناسیونالیزمی تورکییە، ئەتاتورکی سێکولار یان ئەردۆگانی ئیسلامی. ئەردۆگان دەیەوێت شوناسێکی نوێ بۆ تورکیا دروستبکات کە خۆی تێیدا میعماری ئەو شوناسە بێت‌و تێکەڵەیەک بێت لە شوناسی ئیسلامی‌-عوسمانی‌و ناسیونالیستی-تورکی-ئەتاتورکی بەڵام بەناوی خۆیەوە بێت نەک ئەتاتورک یان محەمەدی غازی. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت خۆی‌و کردارو سیمبوڵەکانی لە ئاست کردارو سیمبولەکانی ئەتاتورک‌و محەمەدی غازی بەرزتر بێت نزیمتر نەبێت. بەمزگەوتکردنی ئایەسۆفیە بۆ ئەردۆگان خزمەت بەو پڕۆژەیەی دەکات.
زیاتر