بۆ سیڤەر جێبەجێنەکرا؟

  10/08/2020  |    1390 جار خوێندراوەتەوە

بەشی یەکەم
پەیمانی سیڤەر یەکێک لەو پەیمانانەیە کە لە ئاکامی گفتوگۆکانی کۆنفرانسەکانی ئاشتی کە لە چەند شارێکی ئەوڕوپا لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەستران، هاتەبەرهەم. پەیمانەکان لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان کە لایەنی براوەی شەڕی یەکەمی جیهان بوون لەگەڵ لایەنە دۆڕاوەکانی شەڕ مۆرکرا. پەیمانی سیڤەر لەنێوان بەریتانیا، فەڕەنساو ئیتاڵیا وەک لایەنی سەرەکی براوە لەلایەک‌و تورکیا وەک لایەنی دۆڕاو لە ١٠/٨/١٩٢٠ لە شاری سیڤەر لە فەڕەنسا مۆرکرا.

یۆنان‌و ئەرمینیاو حیجازیش لە پاڵ چەند لایەنێکی دیکەی لاوەکی وەک بەشێک لە هاوپەیمانان مۆرکەری پەیمانەکەن. بەپێی پەیمانی سیڤەر لە بەشە داگیرکراوەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چەند دەوڵەتێک لەژێر ئینتیدابی بەریتانی‌و فەڕەنسی دروستکران‌و بەشێکی زۆری ئەوەی مایەوەش کەوتە ژێردەستی یان نفوزی هاوپەیمانەکان‌. بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ئەرمەنییەکان‌و ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییش بە کوردەکان درا.

بڕگەی سێیەم لە بەشی سێیەم لە پرسە سیاسییەکان، کە لە سێ ماددە پێکهاتوە لە پەیمانەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستان (کوردستانی تورکیا) و باشوری کوردستان (کوردستانی عێراق) تەرخانکراوە. بەپێی ماددەی ٦٢ "کۆمسیۆنێک لە سێ ئەندام کە لەلایەن بەریتانیاو فەڕەنساو ئیتاڵیاوە دیاریدەکرێن‌و بارەگاکەی لە ئیستەمبۆڵ دەبێت، دەبێت لە ماوەی شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی ئەم پەیمانە بەرنامەیەک داڕێژن بۆ ئۆتۆنۆمی خۆجێیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن‌و دەکەونە نێوان ڕۆژهەڵاتی زێی فورات‌و باشوری سنورەکانی ئەرمینیا، کە دواتر دیاریدەکرێن، لەگەڵ باکوری سنورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریاو مێزۆپۆتامیا وەک لە بڕگەی دووی ماددەی ٢٧ دا هاتوون. ئەگەر بۆ هەر پرسێک نەتوانرا کۆدەنگی مسۆگەر بکرێت، ئەوە لەلایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەکە دەخرێتە بەردەمی نوێنەرانی حکومەتەکانیان.

بەرنامەکە دەبێت زەمانەتی پاراستنی کەلدوئاسورییەکان‌و کەمینە ڕەگەزی‌و دینییەکانی دیکەش لەو ناوچانەدا بکات. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆنێک لە نوێنەرانی بەریتانیاو فەڕەنساو ئیتالیاو ئێران‌و کورد پێکدێت، دەبێت سەردانی ناوچەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوەو بڕیاردان لە ڕاستکردنەوەی، ئەگەر هەبێت، سنورەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران بەبنەما لەسەر بڕگەو ماددەکانی ئەم پەیمانە. ماددەی ٦٣ ی پەیمانەکە دەڵێت "دەوڵەتی تورکی پاپەندە بە قەبوڵکردن‌و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەو کۆمسیۆنەی کە لە ماددەی ٦٢ ئاماژەیپێکراوە لە ماوەی سێ مانگ لە ئاگادارکردنەوەی حکومەتە پەیوەندارەکان.

بۆ کورد، ماددەی ٦٤ لە هەردوو ماددەکەی دیکە پڕبایەخترە چونکە پێشنیارێک دەخاتەڕوو بۆ یەکگرتنەوەی دوو پارچەی کوردستان‌و ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستبەکاربوونی ئەم پەیمانە، کوردەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی لە ماددەی ٦٢ دا دەستنیشانکراون، داوایەکیان پێشکەش بە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان (League of Nations) کرد، بەشێوەیەک نیشانیاندا کە زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە ئارەزودەکەن لە تورکیا جیاببنەوەو ئەنجومەنیش دوای ڕەچاوکردن گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەم خەڵکە دەتوانن ئەو سەربەخۆییە بپارێزن‌و ڕاشیسپارد کە سەربەخۆییان پێبدرێت، ئەوە تورکیا لە ئێستاوە پەیماندەدات ئەو ڕاسپاردەیە جێبەجێبکات‌و دەستبەرداری هەموو ماف‌و ئیمتیازێکی خۆی بێت لەو ناوچانەدا.

وردەکارییەکانی ئەو دەستبەرداربوونەش دەبێت لە ڕێکەوتنێکی دیکەدا لەنێوان هێزە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ تورکیا دەستنیشان بکرێت. ئەگەر، یان هەر کاتێک ئەم دەستبەردارییە هاتە ئاراوە، ئەوە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان نابێت هیچ بەرهەڵستییەک نیشانبده‌ن لەسەر پێکەوەلکانی ئارەزومەندانەی ئەو کوردانەی کە ئێستا بەشێکن لە ویلایەتی موسڵ بە کوردەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکەی کوردستان."

دوای سەد ساڵ لە مۆرکردنی پەیمانی سیڤەرو شەڕی یەکەمی جیهانی پرسیارێک بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، داخۆ بۆ گەلی کورد، لەو سەرەوبەندە دا، وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە بە مافی چارەنوس نەگەیشت‌و نەیتوانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دروستبکات‌و سەربەخۆیی‌و سەروەریی زامنبکات؟ پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، لەکاتێکدا کە پەیمانی سیڤەر، بە کرچوکاڵیش بێت، مافی دامەزراندنی دەوڵەتی بە کوردەکان ڕەوا بینی، ئەدی بۆ مافەکە بەرجەستە نەکرا؟ لەم پرسیارانەش گرنگتر ئەوەیە، ئەگەر بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت-نەتەوە هۆکاری هەرە سەرەکی سەرهەڵدان‌و دروستبوونی پرسی کورد بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین‌و دابەشکردنی کورد بەسەر چەند دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە –تورکیا ، عێراق، سوریاو ئێران– لە پشت درێژبوونەوەو بەردەوامی پرسەکە بێت تا ئێستا، داخۆ ئەمڕۆ دەبێت هەلەکان‌و ئاڵنگارییەکان‌و چارەسەرەکان بۆ پرسی کورد چی بن؟

پەیمانی سیڤەر چەند ماددەیەکی تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆشەوە، کەچی چارەسەری پرسەکە ئێستاش لە چاوەڕوانیدایە. هۆکار زۆرن لەپشت جێبەجێنەکردنی ماددەکانی سیڤەر بەڵام لەسەرەتا واباشە کە بەهەڵەتێگەیشتنێک ڕاستبکرێتەوە ئەویش کە ئەو تێگەیشتنەیە کە دەڵێن کوردەکان بۆیە بە مافەکانی خۆیان نەگەیشتن چونکە پەیمانی سیڤەر جێبەجێنەکرا، یان پەیمانی لۆزان پەیمانی سیڤەری هەڵوەشاندەوەو بوو بە جێگرەوەی. ئەم تێگەیشتنە ئەگەر ڕاستیشی تێدابێت تەواوی ڕاستییەکان لەخۆناگرێت چونکە دەوڵەتانی عێراق‌، سوریا، ئیسرائیل/فەلەستین، میسرو سودان، هەموویان بە بنەما لەسەر بەندو ماددەکانی پەیمانی ڤێرسای‌و سیڤەر دامەزران.

ڤێرسای شەرعیەتی بە ئینتیدابی بەریتانی‌و فەڕەنسی بەسەر ئەم وڵاتانە دا، سیڤەریش شەرعیەتی بە سنورە دەستکردەکانی ئەم وڵاتەنە دا‌. لەڕاستیدا تەنیا ئەو دوو دەوڵەتە (ئەرمینیاو کوردستان) نەخشە بۆ کێشراوەی سیڤەر کە نەخرابوونە ژێر ئینتیدابی هێزە براوەکان بەرجەستەنەبوون. سیڤەر مافی بە کوردو ئەرمەنییەکان دا بەڵام بەرجەستکردنەکەی دەوڵەتەکەیان بە خۆیان سپارد کە بە بەراورد لەگەڵ هێزی تورکەکان زۆر لاوازتر بوون.

ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بەگشتیی لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان هێز هۆکاری سەرەکی‌و یەکلاکەرەوەی پرسەکانە. ئەمە نەک هەر بۆ کوردستان‌و ئەرمینیا ڕاستە بەڵکو بۆ عێراق‌و سوریاش هەر ڕاستە، ئەم دوو دەوڵەتە ئەگەر نەخرابانە ژێر ئینتیدابی بەریتانی‌و فەڕەنسی ئەوە ئەگەری زۆر بوو کە چارەنوسیان وەک کوردستان‌و ئەرمینیای لێدەهات. بێجگە لەمە، پەیمانی سیڤەر ماوەی ساڵێکی داناوەو وابەستەی کردوە بە هەندێک مەرج‌ بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی، بۆ ئەمەش لەنێو کوردا بوونی سەرکردەی کارامەو شارەزاو پڕئەزمونی لە بوارەکانی دیبلۆماسی‌و ڕێکخراوەیی‌و هەڵسوڕانی دەویست‌و لەنێو هاوپەیمانانیش دەستوبردکردن‌و خۆتەرخانکردنی پێویست بوو، هەر دوو پێداویستیی لاواز بوون.

لە بەشەکانی دیکە باس لە هۆکارەکانی دیکەو ڕەهەندە نێوەدەوڵەتییەکانی پەیمانی سیڤەر دەکەن

زیاتر