میراتی قادری حاجی عەلی

  13/11/2020  |    14938 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر میراتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا و باقی سەرکردەکانی دیکە بۆ گردەوانەکان بریتی بێت لە تەوریسی سیاسی، ئەوا بۆ شوێنکەوتوانی قادری حاجی عەلی رێک پێچەوانەکەیەتی.

*
ناکۆکیی بنچینەیی قادری حاجی عەلی لەگەڵ خودی نەوشیروان مستەفا لەو خاڵەوە دروست بوو کە دیتی ئەویش هەمان ئاراستەی سەلەفەکانی خۆی گرتۆتەبەر. بێ پێچ و پەنا پێیگوتم کە سەروەت و مومتەلەکاتی گۆڕان نابێ بەناوی کاک نەوشیروانەوە بێت و دەبێ بیانخاتە سەر ناوی بزووتنەوەکە.

ئەو کاتەیش کە نەوشیروان مستەفا لە کۆتا رۆژەکانی ژیانیدا، داوای لێدەکات وەکو وارسی سیاسیی ئەو رابەرایەتیی بزوتنەوەکە بکات. قەبوڵی ناکات.

کاک قادر بۆ نەت کرد؟

"کاکە گیان کار لەکار ترازابوو..."

*
قادری حاجی عەلی باش دەیزانی کە نەدەبووە رێکخەری راستەقینە و بگرە لە باشترین حاڵەتدا دەبووە مامی گەورە و پاسەوانی ئەو میراتەی کە دەمێک بوو دابەشکرابوو!

*
کاتێک دووساڵ پێش ئێستا لە وتارێکمدا نووسیم"لە گردەکە وەرنە خوارەوە. مادام هەر کرێچین، لە خوار گردەکە دوو ژوور بەکرێ بگرن."

تەلەفۆنی کرد. بەپێکەنینەوە گوتی"هەندێک حەزیان لێیە لە بەرزایی کرێچی بن."

*
ئەو و هاوڕێی تەمەنی، کاک عوسمانی مەحمود، هەمیشە تەئکیدیان دەکردەوە کە حزبایەتی سوک کراوە. زۆر بەئاسانی دەیانتوانی گۆڕان نەک بکەن بە دوولەتەوە، بگرە بەشی زۆریشی بۆخۆیان ببەن. بەڵام کێشەی ئەو لەگەڵ ماهییەتدا بوو.

"پارتی و یەکێتی هەر ئەوەن کە ھەبوونە. ئینکاری ئەسڵی خۆیان نەکردووە. ئەوە گۆڕانە کە خەڵکی نائومێد و دەستخەڕۆ کردووە."

*
گردەوانەکانیش ئەم قسانەیان دەبیستەوە. بۆیە ئەوەی لە دەستیان هات لە دێواندنی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود لای پارتی و یەکێتی درێغییان نەکرد. بەس مابوو بڵێن قڕناقە و پشتئاشان ، تەنانەت شەڕی ناوخۆ و ٢٣ی حوزەیرانیش خەتای ئەم دوانە بووە!

*
قادری حاجی عەلی، دامەزرێنەر و بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی بوو. کاتێک گۆڕان و شەڕی راگەیاندن دامەزرا و بەرپا بوو. یەک پەڕە کاغەزیش(سەرباری گوشارەکانی نەوشیروان مستەفا) لەو قوتووە رەشە نەهاتە دەرێ.

"ئەوە لە ئەخلاقی میهەنیی من نەدەوەشایەوە. پارتی و یەکێتی بای ئەوەندە کەموکوڕیتان هەیە کە پێویست نەکات بۆ رابردوویان بگەڕێیەوە."

*
ئامانجی سیاسیی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود کودتا و لەتکردنی گۆڕان نەبوو. بەپێچەوانەوە وازهێنانەکەشیان زۆر بەهێمنی بوو. خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان پێوە دەکردن. خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون کە حزبێکی تازە دابندرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوان سور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێ بە پشودرێژییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا بکرێت و هەتا نەتوانن کۆدەکانی گۆڕینی راستەقینە بە پشتیوانیی ناڕازیی رەسەن کەشف بکەن، هەموو هەوڵێک چەواشەکردنی خەڵک و مایەپوچی دەبێ.

*

قادری حاجی عەلی پیاوێک بوو لێوانلێو لە مەعریفە و ئەخلاق. سیاسییەکی دووربین و هاوڕێیەکی بەوەفا.

سپی بوو وەک هەور، بەڵام بە تامی باران...
زیاتر