مەسەلەی ”ئیش“ و ”ئیشکەربوون“ لە کوردستاندا

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  08/07/2020  |    767 جار خوێندراوەتەوە

سەرنجێکی کورت لەسەر دۆخی جوتیاران لە ھەرێمدا

”لادێ“، ”گوند“، ”جوتیار“، ”ئیش“، ”پەیوەندیی نێوان لادێ و شار“، ھتد... کۆمەڵێک چەمکن کە لە دوای پەلامارەکانی ئەنفالەوە مانایەکی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا نامێنێتەوە. زۆربەی ھەرەزۆری لادێکانی کوردستان نەک تەنھا پەلاماردران، بەڵکو لە ڕووی فیزیاییەوە بوونیان نەما و لەسەر نەخشە سڕانەوە. ”جوتیار“ خۆشی وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژیی تایبەت بوونی نەما، ئەوانەیان کە کوژران، کوژران و ئەوانەشی کە نەکوژران لە کۆمەڵێک ئ”ئۆردوگا“دا کۆکرانەوە و گەمارۆدران، نەک تەنھا لە ”جوتیاربوون“ خران، بەڵکو فۆرمە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوونیشیان لێسەندرایەوە. بە مانایەکی دیکە پەلامارەکانی ئەنفال ھەم ژینگە مادییە لادێیی و گوندییەکەی لەسەر نەخشە سڕیەوە، ھەم بکەرەکانی ناویشی لەناوبرد. بەمەش بۆشاییەکی سۆسیۆلۆژیی ھێجگار گەوەی لە کوردستاندا دروستکرد. ئەو پەیوەندییە سروشتیی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییەی کە لادێ بە شارەوە گرێئەدات و ئەو ھاوسەنگییەی لەنێوان شار و لادێدا دروستدەبێت، کە زۆرجار بەرھەمی کاری چەندان سەدەیە، تێکدراو و بەتەواوی سڕایەوە. بە کردەوە لە دوای ئەنفالەوە کوردستان بریتیبوو لە چەند شارێکی کەم و کۆمەڵێک ئۆردوگای گەورەی کۆکردنەوەی بەزۆری خەڵکەکانی دەرەوەی شارەکان. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەناوچوون و سڕینەوەی چەمکی ”کار“ یان ”ئیش“ و سڕینەوەی ئەو فۆرمەی مرۆڤبوون بوو کە لە ئیشکردنەوە ئاڵاوە. یەکێک لە پێناسە گرنگەکانی ئینسان ئەوەیە کە بوونەوەرێکی ئیشکەرە. بۆیە بەعس لە ئەنفالدا بە زۆر مانا بەشە ئیشکەر و خۆژیەنەکەی کۆمەڵگای ئێمەی وێرانکرد و ”ئیشکردنی“ وەک بەشێکی گرنگیی شوناسیی ئینسانبوون لە مرۆڤی ئێمە سەندەوە.
لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ھەوڵێکی عەقڵانیی پلان بۆداڕێراو و ستراتیژێکی بیرلێکراوە بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ئەو دۆخە بوونی نەبوو. بەڵکو بە پێچەوانەوە درێژە بەو دۆخی لە ئیشخستنەی مرۆڤی ئێمە بەردەوامی پێدراو بەشێکی زۆری خەڵکانی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان کرانە موچەخۆری حیزب و لەناو ھێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حیزبدا جێگەیان بۆکرایەوە. لەم ڕێگەیەوە درێژە بە ھێڵە سەرەکییەکانی ھەمان دۆخ درا کە بەعس بە ستراتیژیەتێکی جینۆسایدیانە دروستیکردبوو.

لەناو ئەم سیستمەدا دۆخێک دروستکراوە کە بەشە ئیشکەر و نیمچەسەربەخۆەکەی ئەو کۆمەڵگایە، ئەوانەی بەرھەمێکیان ھەیە، مەبەستم جوتیارانە، نەتوانن بە بەرھەمی کارەکانیان بژیین، ”کار“کردنیان نەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دابینکردنی لانیکەمی دارایی و بژێویان

لەم دەیەی دواییەدا جارێکی تر لادێکان و جوتیاران دروستبوونەوە و ھاتنەوە ناو نەخشەی جوگرافیی و نەخشەی سۆسیۆلۆژیی کۆمەڵگای ئێمە. لەم دۆخەدا ئەوانەی کە دەبنەوە بە جوتیار و دەچنەوە لادێکانی کوردستان، جارێکی تر دەبنەوە بەو بەشە ئیشکەرە بچووک و نیمچە سەربەخۆیەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەبێتەوە. جوتیارانی کوردستان، لە زۆر سەرەوە، بەشە ئیشکەرەکەی ئەو کۆمەڵگایەن و ئەو توێژە کۆمەڵایەتییەن کە بەرھەمیان ھەیە و کار بە مانا ئابووریی و سایکۆلۆژیی و سیاسییەکەی ئەنجامئەدەن. بەڵام لەناو ئابوریی پڕ لە تاڵانی نەوت و لەناو سیستمی رەیعی پڕ لە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی کەموێنەی ھەرێمدا.
لەناو ئەم سیستمەدا دۆخێک دروستکراوە کە بەشە ئیشکەر و نیمچەسەربەخۆەکەی ئەو کۆمەڵگایە، ئەوانەی بەرھەمێکیان ھەیە، مەبەستم جوتیارانە، نەتوانن بە بەرھەمی کارەکانیان بژیین، ”کار“کردنیان نەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دابینکردنی لانیکەمی دارایی و بژێویان، ”ئیشکردن“ ئامرازی دابینکردنی پێداویستتە سەرەکیی و سەرەتاییەکانی ژیان نەبێت، دۆخێکە، ھێما بۆ تاوانە ئابوریی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ژیارییە گەورەکانی سیستمەکە دەکات. لەم سیستەمدا کەمینەیەک لەپاڵ ئابوریی نەوتدا بەبێ ”ئیش“ قەڵەودەبن و بەبێ ئەوەی ھیچ ”بەرھەم“ێکیان ھەبێت، خۆیان و نەوەکانیان بۆ ڕۆژگارێکی درێژ دەبن بە ملیۆنێر و خاوەن سەرمایەیەکی بێشومار، ئەوانەشی کە ئیش دەکەن و ڕەنج ئەکێشن و بەشدارن لە کردەی بەرھەمھێناندا، ناتوانن بە داھات و دەسکەوتی ئیشەکەیان بژین. ئەوەی ئەمڕۆ لە پەیوەندیدا بە جوتیارانی کوردستانەوە ڕڕووئەدات دەرەنجامی ئەم ستراتیژ و ھاوکێشە وێرانکەرەیە. ستراتیژێک لەپشتییەوە سیستمێکی سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی و میلیشیایی ئامادەیە، کە ئەوەی بەر لە ھەمووشتێک وێرانیدەکات ”ئیش“ە وەک چالاکییەک کە مرۆڤە بەھۆیەوە دەتوانێت خۆی بژیەنێت و ”مرۆڤی ئیشکەر“یشە وەک بوونەوەرێکی بەرھەمھێن کە بڕێکی زۆر لە ئازادییەکانی لەناو ڕەنج و ئیش و چالاکییەکانی خۆیەوە بێت.

زیاتر