خەباتی سپی

  19/07/2020  |    630 جار خوێندراوەتەوە
- قەدەغەی زمان یەعنی قەدەغەی بوون. چونکە زمان تەجەلای بوونی نەتەوەیە. ئەوەی کە زمانت لێ قەدەغەئەکات، لەڕاستیدا بوونت لێ قەدەغە ئەکات. ئەیەوێ تۆ بەو جۆرە هەبیت، کە ئەو ئەیەوێ و بوونیكبی، لە پەراوێزو پاشکۆی زمانی ئەودا. دەی ئەمەش خودی نەبوونە، چونکە بوونی راستەقینەی تۆ لەناو زمانی خۆتدایەو لە زمانێکی تردا نیە.

- زمانی دایك زمانی ئازادیە. چونکە لە سروشتی خۆتی وەرئەگریت. زمانی چۆلەکە ئازادانەیە چونکە لە سروشتی خۆی وەرئەگرێ. بەڵام ئەگەر تۆ چۆلەکەیەك بگریت و بتەوێ لە دەواجنێکدا فێری زمانی مریشکی بکەیت. خۆ ڕەنگە فێرببێ، بەڵام ئەوە زمانی دەواجنە نەك زمانی سروشت. دەی زمانی دەوڵەتیش کە پێشێلی زمانەکانی دایکبوو، ئیتر ئەوە زمانی دەواجن و ناچارییە، نەك زمانی سروشت و ئازادی.

- کێشەی "دەوڵەت نەتەوە" ئەوەیە کە لەسەر زاڵێتی دامەزراوە نەك لەسەر عەدالەت. لێرەدا زمانی پێکهاتەی بەهێزو براوەی شەڕو ململانێ، ئەبێتە زمانی دەوڵەت و نەتەوەیەکی دەسکردی لێ دروستئەکرێ. ئەمەش پرۆسەیەکی ستەمکارانەیە، چونکە دۆخە دەسکردەکە، لەسەر سڕینەوەی ئەوەی کە هەیە دامەزراوە. مەسەلەن تۆ وەکو کوردێك هەیت لەناو زمانی کوردیداو بوونی تۆ ئەمەیە. کەچی دواتر ئەبێ ببیت بە تورکێك لەناو زمانی تورکیداو بکەویتە ناو بوونێکی ترەوە!

- ئەو ستەمەی دەوڵەتی مۆدێرن دروستیکردوە، تا ڕادەیەك لەڕێگەی ماف و هاوڵاتیبوونەوە کاڵئەکرێتەوە. یەعنی ڕاستە لە سەرەتاوە، نەتەوەی ئازادو یەکسان تێکشکێنراوە، بەڵام لە بەرامبەرا تاکی ئازادو هاوڵاتی یەکسان دروستکراوەو لێرەوە بڕێك بارە خوارەکە ڕاستکراوەتەوە. بەڵام کاتێ نەتەوەی ئازادو یەکسانت تكشکاندوەو تاکی ئازادو هاوڵاتی یەکسانیشت دروستنەکردوە. ئیتر شتەکە لەمسەرو لەوسەریش، هەر ستەمکارییەکی ڕووت و قووتەو هیچی تر.

- زمانی دایك زمانی پێکەوەژیانەو زمانی دەوڵەت زمانی بەڕێکردنی ژیانە. تۆ لەناو زمانی خۆتدا ئەژیت، بەڵام لەناو زمانێکی ناچاریدا، تەنیا ژیان بەڕێئەکەیت. بەڕێکردنی ژیانیش بەدیلی ژیان نیەو هەرگیز نابێتە دۆخێکی هەمیشەیی و درەنگ یان زوو کۆتایی دێ. چونکە لە ئەساسەوە ئێمە بۆ ژیان هەین، نەك بۆ بەڕێکردنی ژیان. ژیانیش خودی پێکەوەژیانەو پێکەوەژیانیش ئەوەیە کە لەسەر عەدالەت و ئازادی دامەزرابێ، نەك لەسەر ستەم و ناچاری.

- هەر بوونێك کە لەسەر سڕینەوەی بوونێکی تر دامەزرابێت، بوونێکی ستەمکارانەیەو ئاییندەی نیەو بینایەکە بۆ ڕوخان. هەر بوونێك لەسەر پاراستنی ئەوەی کە هەیە دامەزرابێ، ئەوە بوونێکی ئازادانەیەو ئەو بینایەیە کە ئەبێ پێ ی بگەین و دروستی بکەین. گەیشتن بەمەش خەیاڵ و یۆتۆپیا نیە، بەڵکو ئەرکەو ئەبێ بیکەین!

- جا یەکێ لە کێشەکانی مرۆڤ ئەوەیە، ئەو شتەی کە پێویستە بیکات و لەپێناویدا پێ بەسەر بەرژەوەندی و حەزەکانیدا بنێ، نایکاو بە بیانووی خەیاڵ و ناواقعیەت و یۆتۆپیاوە خۆی لێ ئەدزێتەوەو دوای بەرژەوەندی و حەزەکانی ئەکەوێ! ئەمەش تەنیا کاتکوشتنەو ئەوەی کە ئێستا بە بیانوی یۆتۆپیاوە خۆمانی لێ ئەدزینەوە، سبەینێ هەر ئەکرێ. فەرقەکە هەرئەوەیە، ئەوانەی سبەینێ، لەمانەی ئێستا هۆشیارترن و هۆشیاریی سەرئەخەن بەسەر غەریزەکانیانداو لەوێوەشەوە خەونەکە ئەکەن بە ڕاستی.

- ئینجا جوانترین شت لە زارای محەمەدیدا هەر ئەوەنیە، کە بەرگری لە زمانی دایك ئەکات، کە مافێکی سروشتی و مرۆیی و خواییە.. بەڵکو ئەوەیە کە پێمانئەڵێ، چیتر پاڵەوانی ئێمە هەر پیاو و چەك و فیشەك و شەڕ نیە. بەڵکو کچ و عەقڵ و وشەو زمانیشە. ئاخر لای ئێمە پاڵەوانێتی قۆرخی چەکەو پیاوی ئێمە بەوە بووە بە پاڵەوان کە چەکی هەڵگرتووە. بە هەمان پێوەر، بۆئەوەی ژنیش بکەین بە پاڵەوان، هاتووین چەکمان کردۆتە شانی ئەویش!

- وەك ئەڵێن مەل بە باڵێك نافڕێ و چەپڵە بە دەستێك لێنادرێ. کوڕو کچیش ئەبێ هەردوك بێنە مەیدان. بەڵام مەیدانەکە چەك و شەڕ نیە. ئەسڵەن چەك هەڵە گەورەکەی پیاوی ئێمەیەو ئەبێ ڕاستی بکەینەوە، نەكئەوەی بیکەینە شانی ژنیش! چارەسەر ئەوەیە کچ و کوڕی ئێمە لەبری چەك، عەقڵ هەڵگرن و خەباتێکی سپی بێ خوێن و بێ شەڕ، وەکو ئەوەی زارا دەستپێبکەن. لە ڕاستیدا ئا ئەم بەرخودانەیە کە ژیانە، نەکئەوەی کە هەر مەرگ و کاولکاری و مەکینەی بەکوشتدانی ئێمەیە!

- دە ساڵ زیندانی زارا، ڕێك ئەکاتە ئازادی هەمیشەیی زمانی ئێمە. ئاخر ئەو جۆرە خەباتە سپییە، زمانی ئێمەو لەڕێگەی زمانیشەوە بوونی ئێمە، ئەخاتە دۆخی نەمری و مانەوەی هەتاهەتایی. پێچەوانەی "خەباتی سور"، کە لەڕاستیدا سورنیەو ڕەشەو نیوەکەی تری نەمانی ئێمەو تەواوکردنی یارییەکەی دوژمنە.

- خەباتی ڕاستەقینە، خەباتە دژی ستەمکاری و خەباتیش دژی ستەمکاری، ئەوەیە کە خۆی ستەمکارییەکی تر نەبێت.
لێرەدا زارا ئەو خەباتەمان پیشان ئەداو پێمان ئەڵێ، کۆڵەواریی ئێمە، هەر بە هۆی ستەمی دوژمن نیە، بەڵکو بەهۆی ناهۆشیاری خۆشمانە لە دۆزینەی بەرگری ڕاستەقینە. نمونەی ئەم بەرگرییە سپییەش، هەر ئەوەیە کە ئاپۆ خۆی پێیگەیشتووە، بەڵام هێشتا زۆرێك ئاپۆچییەکان پێ ی نەگەیشتوون و هەر مەستی چەك و شەڕو شۆڕن.

- ئاخر ئێمە، هەمیشە بارێكمان لەسەر شانەو لەکاردانەوەدا خەباتی هەڵە هەڵئەبژێرین و ئەیکەین بە دوو بارو شان و ملی خۆمانی زیاتر پێئەشکێنین. لە نمونەی هەموو شۆڕشە چەکدارییەکانمان، کە هیچیان ڕزگاری ئێمەنین و هەموویان ستەمی تەریبی ستەمەکەی دوژمنن!

- ئازادی ئێمەش چەنێك پەیوەندی بە ئازادبوونمانەوە هەیە لە دوژمن، ڕێك ئەونەش پەیوەندی بە ئازادبوونمانەوەیە لە شۆڕش و ئێمە بە ئازادبوون لە هەردوکیان ئەتوانین ئازادبین. چونکە ئەو دووانە هەردوکیان وەسیلەی کۆیلەکردنی ئێمەن و ئێمە لەلایەن هەردوکیانەوە داگیرکراوین و هەردوکیان هەر داگیرکەرن، هەریەکەو بە شیوازی خۆی. دوژمن ئەیەوێ دیلی ئەوبیت و شۆڕشیش ئەیەوێ دیلی خۆی بیت و هەردوکی لەسەر حسابی ئازادی تۆ.

- خەباتی ڕاستەقینە حیزب و شۆڕش و شەڕو ئایدۆلۆژیای ناوێ، کە هەموویان مەکینەی کۆیلەکردنن. تەنیا ئینسانێکی بیرکەرەوەی ئازادی ئەوێ کە هۆشیاری بە حەق هەیەو زمانی دایکیش حەقە. هەر ئەونەو هیچی تر. هەرئەوەی کە زارا کردی!
زیاتر