لە موغەوە بۆ شێخی تەریقەت و خوێندنەوەیەکی مێژوویی

  11/07/2020  |    758 جار خوێندراوەتەوە
چەند ڕۆژێکە کۆچی دواییی شێخ محەمەدی کەسنەزان و دواتر هاتنی ژمارەی زۆری دەروێش لەو دیو سنورە دەستکردەکانەوە و بەزاندنی ئەو سنوورە خەڵکی سەرقاڵ کردووە و بووەتە بابەتی گەرمی سەر سۆشیال میدیا. بۆچوونەکان جیاوازن لەسەریان، هەندێک هێرشیان دەکەنە سەر و گاڵتەیان پێ دەکەن و هەندێک سەرسورمانی خۆیان دەخەنە ڕوو بەرامبەر خۆشەویستی دەروێشەکان بۆ شێخەکەیان. بابەتی گرنگی لەم جۆرە دەتوانرێت سەدان جۆر خوێندنەوەی بۆ بکرێت، وەک مێژوونوسێک خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ دەکەم و لە وتارێکی کورت دا هەوڵی دەرخستنی بنەچەی دێرینی لە ناو کورداندا دەدەم.

لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوە شتێکی نوێ نیە و ئەوانەی کە بە تەمەن بن زیاتر ئاشنای بابەتگەلی لەو جۆرەن وەک لە نەوەی نوێ کە بە گشتی ڕووداوی لەو جۆرەیان کەمتر بینیوە و ئەم تەریقەتانە لە ڕابردوودا لە ناو کوردساتندا زۆر بڵاوبوون و زۆر تاکی کورد لە ڕابردوودا سەر بە ڕێچکە جیاوازەکان بوون. لە ساڵی ١٩٣٤ دا کاتێک کە ئینگلیز شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەی سەرکردەی بزووتنەوەی هەقەیان دەستگیر کرد و بردیانە بەندیخانەی کەرکوک، ژمارەیەکی زۆر لە موریدەکانی گوێنیان لەبەر کرد و ڕوویان کردە کەرکوک، ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک پاڵی بە حکومەتی ئەو سەردەمەوە نا کە شێخ عەبدولکەریمی سەرکردەی بزووتنەوەی هەقە بەربدەن. هەمیشە خەڵکانی سەر بەو ڕێچکە سۆفیگەرانە بەهۆی پابەندی و بڕوای بەهێزیانەوە توانیویانە کاریگەریان هەبێت و زۆرجاریش دەسەڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە سوودی لێ وەرگرتوون، بەڵام بزانین سەرچاوە مێژووییەکان بۆ کام سەردەم دەمانگەڕێننەوە؟
بە هەمان شێوە ڕێچکەی سۆفی نەقشبەندی جیهانی کە لە بنەچەدا کوردی نەبوو، بەڵام بەهۆی گونجانی کوردستان بۆ ئەو ڕێچکانە و بنەچەی دێرینی لەو بوارەدا، دواتر هەر زانایەکی کورد بە ناوی مەولانا خالیدەوە بوو بە شێخی بێ ڕکابەری ڕێچکەی نەقشبەندی و بە هەندێک گۆرانەوە دواتر کردیە ڕێچکەی خالدی
بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی دێرینی کوردی بگەین، دەبێت پەنا بۆ سەرچاوەی دێرین بەرین، جا سەرچاوەی جیاواز وهی سەردەمی جیاواز هەیە، لێرەدا واز لە زۆر دێرین دەهێنین و وەک کۆنترین سەرچاوە بە سەرچاوەی یۆنانی قایل دەبین کە نزیکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ تەمەنیانە. هیرۆدۆت کە ئاماژە بە میدەکان دەکات دەڵێت ئەوان حەوت تیرە بوون و یەکێکیان بە تیرەی موغ (موغان) ناو دەهێنێت. ئەمانە پیاوی ئاینی بوون و کەسایەتیە ئاینیەکان هەر لە ناو خۆیاندا بووە. کەس لەو سەردەمەدا نەیدەتوانی قوربانی بۆ هیچ کام لە خوداکان بکات بێ بوونی موغێک. ئەوان ئەستێرەناس و خاوەن خەونامەبوون و خەویان بۆ پادشا و خەڵک لێکدەدایەوە و بەپێی پێوەری ئەو سەردەمە کەسانی زانا بووون. موغەکان بناغە و کۆڵەکەی گرنگی فەرهەنگی میدی بوون و لە ناوچەکەشدا کاریگەریان هەبوو. بۆیە ئەوان نیشانەی شەرعی دانبوون بە زۆر ڕووداوی ئاینی ئەو سەردەمە. ئینجیل کاتێک ئاماژە بە لەدایکبوونی عیسا دەکات دەڵێت کە سێ موغ (سێ پیرمەند) بە ڕێنمایی ئەستێرەکان هاتنە شوێنی لەدایکبوونی عیسا و ڕێزیان بەرامبەری نیشان دا. لەوێدا ئنجیل دەیەوێت بڵێت کە پیاوە زانا ئاینیەکانیش شایەتی پێغەمبەرایەتی عیسا بوون. هەندێ لە وشەکانیشیان هی سەردەمی دێرینە تەنانەت وشەی (دەروێش) بە هەمان مانا لە سەردەمی میدەکاندا بەکارهاتووە.

موغەکان زۆر گرنگ بوون بۆ مانەوەی دەسەڵاتی میدەکان، بۆیە کاتێک کەفارسەکان میدیان شکاند، چەند موغێک سەرکردایەتی میدەکانیان دەکرد بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی کوردی میدی، بە تایبەت موغێک بە ناوی بەرزیە سەرکردایەتی میدەکانی کرد و جگە لە میدەکان زۆربەی نەتەوەکانی ناوچەکە دوای کەوتن. ئەو هەوڵە بوو بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر فارسەکان. بۆیە سەرکردەی حەوت بنەماڵەی سەرەکی فارسەکان لە ڕۆژێکدا هێرشیان کردە سەر بەرزیە و کوشتیان و بەوە بڕوایان بەخۆیان زیادی کرد و کەوتنە سەربڕینی موغ، دواتر ئەو ڕۆژە لە ناو فارسەکاندا وەک جەژنی لێهات و بۆ چەنین ساڵ دوای ئەوە یادی ئەو ڕۆژەیان دەکردەوە.
هەر حیزبە و گۆڕێکیان بۆ سەرکردە کۆچکردووەکەیان هەڵبەستووە و سەردانی گۆڕە پیرۆزەکەی دەکەن و وەک دەروێشێک پەیمان دووپات دەکەنەوە کە لە ڕێبازی سەرکردە/شێخەکەیان لانەدەن و ئەوانیش هەرهەمان دابونەریتی شێخەکانی کوردستان دووبارە دەکەنەوە، تەنها بەشێک لە ڕووکەش و وشەکانیان گۆڕیوە
موغ پیاوی ئاینی بوون لە نێوان مرۆڤ و خوداکاندا بۆیە پابەند بوون بە خوداکانەوە نەک ئاینێکی تایبەت، بۆیە لەگەڵ بەهێزبوونی ئەشکانیەکان و دەرکەوتنی ئاینی زەردەشتیدا، ئەوان بوونە موغی زەردەشتی بەڵام لە بنەچەدا پابەندی ئاینێکی تایبەت نەبوون بەڵکو پابەندی خودا جۆربەجۆرەکان بوون. فەرهەنگی پیاوی ئاینی و ڕۆڵەکەی دواتریش لەگەڵ هاتنی ئاینی ئیسلامدا لە ناو کوردا دا هێشتا گرنگیەکەی خۆی مابوو. لە ئەنجامدا بە هەندێک گۆڕانکاریەوە ئەو دابونەریت و ڕەگە دێرینیە تێکەڵی ئیسلام کرا. بۆیە زۆرجار کورد پێشەنگی ڕێچکە سۆفیەکانی سەردەمی ئیسلام بوو. یەکێک لە بەهێزترین ئەو ڕێچکانە، ڕێچکەی سورەوەردی بوو کە بە ناوی شارۆچکەی لەدایکبوونی شێخی گەورەی سورەوەردیەکانەوە ناونرابوو، کە شارۆچکەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. عومەری سورەوەردی کە خاوەنی رێچکەکە بوو و مامی پێشتر سەرەتاکانی دامەزراندبوو، سۆفیەکی گەورەی کورد بوو و شیعری کوردی هەورامی لێ بەجێماوە و ئەمڕۆ گۆڕەکەی نزرگەیەکی گەورەی مێژووییە لە شاری بەغدا و گەڕەکێک بە ناویەوە ناونراوە گەڕەکی (شیخ عمر).

لە ڕاستیدا ڕێبازی سورەوەردی هێندە بەهێز بوو، بوو بە ڕێچکەی نیمچە فەرمی دەوڵەتی عەباسی و خەلیفە پشتگیری بوو و هاوشێوەی ئەمرۆ خەلفیەی عەباسی بۆ مەرامی سیاسی سوودی لە سورەوەردی وەردەگرت. زۆرجار نوێنەری دیبلۆماسی خەلیفەی عەباسی بوو و سەرکردەی ئەو وەفدانەی دەکرد کە دەنێردرا بۆ لای ئەیوبی و سەلجوقی و دەولەتەکانی تری ناوچەکە و چەندین جار سەردانی هەولێریشی کردووە. بەڵام لەو سەردەمەدا ئەو سۆفیە گەورانە خەڵکانی خوێندەوار و زانابوون و لە زۆر بواری زانستیدا شارەزا بوون.

لە ڕاستیدا ئەم فەرهەنگە هێندە بەهێز و ڕەگداکوتاوە لە ناو کورد دا ، سەفەویە شێعەکانی فارسیش هەر لە بنەماڵەیەکی کوردی سۆفیەوە دروست بوون. سەجەرەی بنەماڵەی سەفەویەکان بریتیە لە "شێخ سەفیەدین عەبدول فەتاح عیشاق کوڕی شێخ ئەمینەدین جوبرائیل کوڕی سەلاح قوتبەدین ئەبوبەکر کوڕی سەلاحەدین ڕەشید کوڕی موحەمد حافزئەلکەلاموللە کوڕی عەڤاد کوڕی پیرۆز ئەلکوردی ئەلسنجانی (پیرۆز شا کڵاوزێڕین/زێرین کڵاو). بنەماڵەی شێخانی سەفەوی کورد خاوەن تەکێ و ڕێچکەی سۆفیگەری خۆیان بوون، ووردە ووردە بەهۆی دروستبوونی دەرفەتی سیاسیەوە بوون بە شیعە و ڕێچکەی فەرمی ئاینی وڵاتی ئێران.

بە هەمان شێوە ڕێچکەی سۆفی نەقشبەندی جیهانی کە لە بنەچەدا کوردی نەبوو، بەڵام بەهۆی گونجانی کوردستان بۆ ئەو ڕێچکانە و بنەچەی دێرینی لەو بوارەدا، دواتر هەر زانایەکی کورد بە ناوی مەولانا خالیدەوە بوو بە شێخی بێ ڕکابەری ڕێچکەی نەقشبەندی و بە هەندێک گۆرانەوە دواتر کردیە ڕێچکەی خالدی. مەولانا خالید لە سەردەمێکدا کە پەیوەندیکردن لە جیهاندا زەحمەت بوو، لە ناوچەیەکی زۆر فراواندا موردید و خەلیفەی بە جیهاندا بڵاوبووبوە و لە سەردەمی خۆیدا گەورەترین و بەهێزترین ڕێچکەی سۆفیگەری بوو. مەولانا خالد جگە لەوەی کە خۆی پەیڕەوی نەقشبەندی دەکرد بەڵام ئیجازەی تەریقەکانی قادری و سورەوەردی و چەشتیشی هەبووە.
هەرچەندە زۆر کەس ئەمڕۆ گاڵتە بە هەڵسوکەوتی دەروێشەکان دەکەن، بەڵام پێم وایە هەڵسوکەوتیان زۆر جیاواز نیە لە هەڵسوکەوتی ئەندامانی زۆربەی حیزبە کوردیەکانی ئەمڕۆ. لە ڕاستیدا ئەگەر بێ لایەنانە سەیری زۆر لە حیزبە نوێکانی کوردستان بکەین دەبینین کە زۆر جار ئەندامەکانیان وەک دەروێشێک کوێرانە دوای ڕێبازی سەرکردەکانیان کەوتوون
چەندین ساڵ پێش مەولانا خالید، شێخەکانی کوردستان لەگەڵ پتەوبوونی ئاینی ئیسلامدا لە ناوچەکە، خۆیان گونجاندوە و ووردە ووردە وازیان لە نازناوە ئاینیە دێرینە کوردیەکانی وەک پیر و بابە هێنا و بوون بەشێخ و سەید. ئەو گۆڕانکاریە لە ئاینەکانی ئێزدی و یارسان و دروزیشدا ڕەنگی داوەتەوە و ئەوانیش وازیان لە ناوە کوردیە دێرینەکان هێناوە و سەید و شێخیان تێ کەوتووە. بەڵام لە ڕاستیدا زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم ڕێچکانە و ئاینە کوردیەکاندا هێشتا بەدی دەکرێت و دەری دەخات کە لە بنچەیەکی هاوبەشەوە هاتوون.

جا ئەگەر سەیری تەنها ناو و گۆڕی ژمارەیەک لە کەسایەتیە دێرینەکانی کوردستان بکەین بەشێک لەو گۆڕانکاریەمان بۆ دەکەوێتە ڕوو. بۆ نموونە پیرمەسور، پیری شەوکێڵ، پیرمەم، پیرەمەگرون، پیری سور، باوە/بابە مەحمود، باوە/بابە سەرهەنگ، باوە یادگار، پیر سەهاکی بەرزنجی، بابە تایەری هەمەدانی، پیر دانیاڵی داڵاهویی، پیر سلێمانی ئەردەلانی، پیر تەیموری هەورامانی، پیر حسەینی ئەستەمبوڵی، پیر ڕاستگۆی قەرداغی، پیر نازدار خاتوونی شیرزای، پیر ئەحمەدی گەنجەیی، پیر مەحمودی لوڕستانی.....دواتر ئەو کەسانەی دوای ئەوان هاتوون ناوەکانیان دەبنە سەید و شێخ. گۆڕانکاریەکە لە هەموو ناوچەکاندا بەیەکەوە نەبووە، بەپێی شوێنەکان لە هەندێک شوێندا درەنگ تر ڕوویداوە بە تایبەت لە ناوچە شاخاویە سەختەکاندا.

لە ڕابردوودا تەکێی ئەم شێخانە شوێنی خوێندن و زانست بووە و شێخەکان خەڵکانی خوێندەوار بوون و شارەزاییان لە زۆر بواری زانستی و ئاینیدا هەبوو. مەولانا خالیدی نەقشبەندی نموونەیەکی شێخەکانی ڕابردووی کوردستانە. لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەدەی بیستەمدا ووردە ووردە تەکێکان رۆڵی زانستی خۆیان لە دەستدا و رێچکە سۆفیەکان زیاتر ڕووپۆشێکی ناوەرۆک بەتاڵی بنەچە دێرینیان بۆمایەوە کە ئەمڕۆ زیاتر لە سەما و زیکر و دەفلێدان و گۆرانیە ئاینیەکاندا دەبینرێنەوە.
ئەم بەزمەی لەم چەند ڕۆژەدا دەبینرێت، تەواوکەری ئەو مێژووە دێرینەیە و وەک زۆر ڕووی فەرهەنگی کوردی، ناوەرۆکی نەماوە و زیاتر ڕووکەشە کوردیەکەی ماوە
خەڵکانی سەر بەم ڕێچکانە زۆر پابەندی ڕێچکەکانی خۆیانن لەبەر ئەوە بەهۆی کاریگەری ئەم ڕێچکانەوە لەسەر کۆمەڵگە زۆربەی جار دەسەڵاتەکانی ناوچەکە سوودیان لێ وەرگرتوون. وەک باسکرا لە سەردەمی عەباسیەکاندا، خەلیفە بە تایبەت سورەوەردی بۆ بەهێزکردنی خۆی بەکارهێناوە و سورەوەردیش هەمان شتی کردووە. عوسمانی و سەفەوی و قاجاڕ و لەسەردەمی نوێشدا حیزبی بەعس و وڵاتی ئوردن و حیزبە کوردیەکانیش سوودیان لێ وەرگرتوون. ئەوانیش ئاگاداری ئەو یاریەن و ئەمڕۆ هەندێکیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خەریکی یاری سیاسین و ڕێچکەکەیان وەک حیزبێکی سیاسی لە یاریە سیاسیەکەدا بەکاردەهێنن بەڵام بە بەرگێکی دەرویشانەوە. لە هەندێک حاڵەتدا شێخی ئەم ڕێچکانە لە سەردەمی نوێدا بوونەتە داکۆکیکەرێکی ڕاستگۆی میللەتەکەیان. نموونەی ئەو حاڵەتە شێخ مەعشوقی غەزنەویە کە لە ڕۆژئاڤا ڕژێمی سوریا لەسەر هەڵوێستە بوێرەکانی لە پێناوی داکۆکیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا شەهیدیان کرد.

جا ئەم بەزمەی لەم چەند ڕۆژەدا دەبینرێت، تەواوکەری ئەو مێژووە دێرینەیە و وەک زۆر ڕووی فەرهەنگی کوردی، ناوەرۆکی نەماوە و زیاتر ڕووکەشە کوردیەکەی ماوە. هەرچەندە زۆر کەس ئەمڕۆ گاڵتە بە هەڵسوکەوتی دەروێشەکان دەکەن، بەڵام پێم وایە هەڵسوکەوتیان زۆر جیاواز نیە لە هەڵسوکەوتی ئەندامانی زۆربەی حیزبە کوردیەکانی ئەمڕۆ. لە ڕاستیدا ئەگەر بێ لایەنانە سەیری زۆر لە حیزبە نوێکانی کوردستان بکەین دەبینین کە زۆر جار ئەندامەکانیان وەک دەروێشێک کوێرانە دوای ڕێبازی سەرکردەکانیان کەوتوون و هەر حیزبە و گۆڕێکیان بۆ سەرکردە کۆچکردووەکەیان هەڵبەستووە و سەردانی گۆڕە پیرۆزەکەی دەکەن و وەک دەروێشێک پەیمان دووپات دەکەنەوە کە لە ڕێبازی سەرکردە/شێخەکەیان لانەدەن و ئەوانیش هەرهەمان دابونەریتی شێخەکانی کوردستان دووبارە دەکەنەوە، تەنها بەشێک لە ڕووکەش و وشەکانیان گۆڕیوە.

تێبینی:
- ئەم وتارە کورتە هەوڵی پشتگیری یان دژایەتی نیە بەڵکو هەنگاوێکی سەرپێیە بە ئاڕاستەی تێگەیشتن لە بنەچەی مێژوویی ئەم ڕێچکە ئاینیە کوردیانەی کوردستان. دەروێش و سۆفی لەم وتارەدا بە گشتی بەکارهاتوون و لێرەدا هەوڵی لێکدانەوە و جیاوازیان نەدراوە.
زیاتر