ئەمریکا لە قەندیل: هەواڵ یان ئاوات؟

  04/08/2020  |    930 جار خوێندراوەتەوە
لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا لە چەند پێگەیەکی هەواڵی لە کوردستان هەواڵی سەردانی شاندێکی ئەمریکی بۆ قەندیل بڵاوبوەوە. ئەم هەواڵە لە چەند ئاستێکدا جێگای سەرنجە.

یەکەم، لە ڕوی کاتەوە، هەر زوو پاش ڕێککەوتنی کۆمپانیایەکی ئەمریکی و حکومەتی ڕۆژئاڤا دێت لە سەر پرسی نەوت. ئەم ڕوداوە، زەمینەی ئەوەی سازان کە هەواڵێکی وەک سەردانی قەندیل لە لایەن ئەمریکاوە هەتا ئاستێک بە هێند وەربگیرێت.

دووەم، هەرزوو چەندین پێگەی هەواڵی ڕاڤەی جیاوازیان بۆ هەواڵە کرد، کە دەرخەری ئەوەیە کە ئەجیندا سیاسییەکان چین لە ناوچەکەدا. لەو تەوەرانەی کە خرانە ڕوو، دابڕانی قەندیل و ڕۆژئاڤا، دانوستانی ئەمریکا و پەکەکە، ئەگەری دانوستانی تورکیا و پەکەکە.

سێیەم، کاتێک دەنگۆکە بڵاوبوەوە هەر گروپێک بە پێی ئامانجی سیاسی خۆی تام و خوێی پێوەکرد. قەتەرییەکان وەک جۆرێک لە مۆدێلی ئەمریکا و تالیبان لە قەڵەمیاندا.

وەک دەزانرێت قەتەر و جەزیرە، لە چەند ڕویەکەوە کەوچکی لەم قاپەدا هەیە. کەناڵی جەزیرە بەشێکە لە دەزگای پڕوپاگەندەی ئەردۆغان، هەروەها قەتەر دەیەوێت ئاماژە بە میانگیرییەکەی خۆی بکات لە نێوان ئەمریکا و تالیباندا، لە گەڵ ئەوەشدا پرسی ململانێ یان شەڕی ناوخۆیی عەرەبی کە لە نێوان سعودیە و ئیمارات و قەتەردا لە ئارادایە، ڕۆڵی بینی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی وەها.

چوارهەم، خەڵکێک بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە قسەیان دەکرد، وەک جۆرێک لە بانگەشەی سیاسی، نەک وەک زانیاری. ئەمە ئەگەر کەناڵە هەواڵییەکان ڕاست بکەن، کە سەرچاوەکەیان لە پەکەکەوەیە!

پێنجەم، ئەوەی باسدەکرا لە دانوستان نەدەچوو، دانوستان پرۆسەیەک نیە لە گوندێک لە دامێنێ شاخێکدا روبدات لە دیدارێکی کوتوپڕدا، بەڵکو پرۆسەیەکی لە سەرخۆیە، بە گشتی لە سەرەتادا لە جێگایەکی سێیەم، بە نهێنی ڕودەدات.

شەشەم، ئێستا ئەمریکا نکوڵی لە بونی هەوڵی وەها دەکات. ڕەنگە قەندیلیش بڵاوکردنەوەی لە سەر بڵاوبکەنەوە پاش نەفییکردنی ئەمریکییەکان.
حەوتەم، سەرباری هەموو ئەمانە، سەردانێک ڕویداوە، هەندێک دەڵێن گروپی مەدەنی بوون، هەتا ئێستا نازانرێت ئامانجیان چی بوە، کوێنەری بوون، بۆ لەم کاتەدا؟؟؟

زیاتر