کێ دێت بۆ ڕۆژهەڵات؟ ئێما سکای

  10/08/2020  |    1542 جار خوێندراوەتەوە
دەمێکە ئەم پرسیارە لە مێشکمدایە. کێن ئەوانەی کە ڕۆژئاوا جێدەهێڵن و دێن بۆ ڕۆژهەڵات؟ لە ئەدەبیاتی سیاسی ڕۆژئاوادا ئەمانە لە ژێر چەمکێکدا دەناسرێن کە عەرەبیستە، یان عەرەبچی، هەروەها لە ئاستێکی فراواندا بە ئۆریەنتالیست یان ڕۆژهەڵاتناس دەناسرێن. لە دوای کتێبەکەی ئیدوارد سەعید بەوناوە، ئۆریەنتالیست وەک جۆرە جنێوێکی لێهاتوە. بەدیدی ڕۆبەرت کەپڵان عەرەبیست ئەوانەن کە ڕۆمانسێتێکیان هەیە بۆ دونیای عەرەبی. هەبونی ڕۆمانس یانی لاوازبونی عەقلانیەت و زاڵبونی سۆز. ئایا کورددۆست یان کوردۆفیلۆ بۆنی هەیە، خەڵکێکی زۆر، بە تایبەتی ئافرەتان، لە کورد دۆستییەوە بوون بە دژە-کورد. ئەمە جێگای تێڕامانە.

هێلا میوس ئەو هونەرمەندە بەرلینییەی کە ڕۆژانی پێشوو لە بەغدا ڕفێنرا، دەڵێت هەرکە لە فڕۆکەخانە دابەزیم، عەشقی ئەم شارەبوم و زانیم ئەمە ئەو جێگاییە کە دەمەوێت ژیانمی تیادا بە سەربەرم. ئەمە مەتەڵێکی ئاڵۆزە. ڕەنگە خەڵکانێک کە بە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئەڵمانی شارەزابن دیدێکی تایبەتیان هەبێت بۆ ئافرەتێکی خەڵکی بەرلینی ڕۆژهەڵات. خەڵکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بە زۆری هەست بە نامۆیی دەکەن لە ناو بونیادی کۆمەڵگای ئەڵمانیدا، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە یان چەپێکی توندڕەون یان ڕاستڕەوێکی توندڕەو. ئەمەش حەکایەتێکی ترە. بەڵام دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بایوگرافیا وەک میتۆدێک ئێجگار بە سودە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە.

زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش گێرتچوارد بێڵ بە سواری ئەسپ لە بیابانەوە دێتە بەغدا و عەشقی دەبێت. ئەو خانمەی کە لە داهاتودا زیاتری لە سەر دەنوسین. مونیف بە گێرتچوارد یان مس بێڵ دەڵێت خاتون. بە گشتی عەرەبیستەکان کۆمەڵێک خەسڵەتیان هەیە: زمانی عەرەبی لە یەکێک لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا دەخوێنن. ئارەزوییان هەیە بۆ مێژوو و ئارکەلۆژیا و کەلتور و خواردنی ئەو ناوچەیە. هەندێکیان سەرباری پیشە، پاڵنەرێکی ئایدەلۆژییشیان هەیە. بێگومان سێکس ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەر دەبینیت. بەڵام بایوگرافیایان ڕەنگە لە هەموو بونیادێکی تر زیاتر زانیاری بەخش بێت.

ئەمڕۆ باسی ئێما سکای دەکەم.

ئێما لە لەندەن لە ساڵی ١٩٦٨ لە دایک دەبێت. ١٩٦٨ ساڵێکی ئاسایی نیە لە مێژوی ئەوروپادا. لە تەمەنی یەک مانگیدا باوک و دایکی ئێما لە یەکتر جیادەبنەوە. ئەمە ئاماژەیەکی ڕونە لە ژیانی ئێمادا بۆگەڕان بۆ سۆز و خۆشەویستی باوکێتی. ئێما بەبێ باوک گەورە دەبێت. باوکی ئێما پیاوێکی جولەکەبو، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ بەریتانیا کۆچی کردبوو. لە هەژاریدا دایکی لە ماڵاندا کاردەکات. لە تەمەنی چوارساڵیدا دایکی لە قوتابخانەیەک دەبێتە بەخێوکەر، ماترۆن. هەر لە قوتابخانەکە لە نهۆمی سەرەوە جێگای ژیانیان بۆ دابین دەکەن. شێوازێکی بڵاوە لە ئەوروپا ئەوانەی بەخێوکەر و چاودێرن لە قوتابخانەکاندا هەر لەوێش دەژین، بە تایبەتی ئەو قوتابخانانەی کە خوێندکارەکانیان ناڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان، بەڵکو هەموو ژیانیان لەوێ بە سەردەبەن. ئێما ئەو ساڵانە لەوێ کاتێکی خۆش بە سەر دەبات. لە تەمەنی دە ساڵیدا دایکی عەشقی یەکێک لە مامۆستاکانی قوتابخانەکە دەبێت، کە دە ساڵێک لە خۆی مناڵترە. مامۆستاکە ژن و مناڵی بەجێدەهێڵی و لە گەڵ دایکی ئێمادا دەچن بۆ ئایرلەندای باکور. دوای ساڵێک دەگەڕێنەوە بۆ ئینگلتەرا. لە ئەوروپا لە زۆر قوتابخانەکاندا لە قۆناغی ناوەندیدا ساڵێکی پشوو یان دابڕان هەیە، لەم ساڵەدا ئێما دەچێت بۆ ئیسرائیل و لە کیبۆتزی کفر میناخیم کار دەکات. کیبوتز جیهانێکی ترە، وەک خۆی دەڵێت. ئازادی و عەلمانیەت و سۆشیالیزم لە خەسڵەتە سەرەکیەکانین. گفتوگۆ دەربارەی ماناکانی ژیان و خواردنەوە و کێشانی حەشیش، بەشێک دەبێت لە ژیانی ڕۆژانە. لەوێ ئیما جولەکەی پاشخان جیاوازی زۆر دەناسێت. لە کیبۆتز ئێما دەبێتە هیومانیست. کە دەگەرێتەوە بۆ بەریتانیا دەچیتە ئۆکسفۆرد، هەمان زانکۆ کە مس بێڵ تیایدا ئارکەلۆژی دەخوێنێت، لەوێ کلاسیک دەخوێنێت. کە لە ساڵی ١٩٨٧ یەکەم ئینتیفازە دەست پێدەکات، بڕیار دەدات کە خوێندنی بگۆڕیت بۆ عەرەبی و عیبری. یەکێک لە مامۆستاکانی کچی ڕۆماننوسی ناسراوی ئیسرائیلی ئاموس ئۆزە.

ئێما پاش تەواوکردنی خوێندن و سەفەر لە سەردەمی پرۆسەی ئاشتی فەلەستینی ئیسرائیلیدا بۆ ڕێکخراوێکی فەلەستینی NGO کاردەکات.

لە کاتی شەڕی عێراقدا ئێما لە مانچستەر دەژی. کاتێک ئیمەیڵێک لە حکومەتی بەریتانییەوە بۆ فەرمانبەران دێت: دەپرسێت: کێ ئارەزوی هەیە بچێت بۆ عێراق وەک خۆبەخش؟ ئێما ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت وەک خۆبەخشێک لە سوپای بەریتانیدا بێت بۆ عێراق. خۆبەخش بەمانای بێپارەنیە. ئێما ئەو ڕۆژگارە چەپ و دژە شەڕە. ئامانجی ئەوەیە کە بێت هاوکاری خەڵكی عێراق بکات. بەڵام لە هەمانکاتدا ئافرەتێکە کە لە چەندین چیرۆکی خۆشەویستیدا شکستی هێناوە و ئەو کاتە کە دێت بۆ عێراق سنگلە و تینوی خۆشەویستییە. ئەمەشە پاشان دەڵێت، ئەو خۆشەویستییەی کە ئەو ساڵانە لە عێراق هەستم پێکرد هەرگیز لە ژیانمدا هەستم پێنەکردبوو. جارێک جەلال تاڵەبانی دەیبینیت پێی دەڵێت، دەڵێن بویت بە مس بێڵ. ئێما تێدەگات کە مس بێڵ لە عێراقدا شمشێرێکی دوو دەمە. ئەوانەی عێراقچین خۆشەویستییەکیان هەیە بۆی وەک ئافرەتێکی دڵتەنگ، بەڵام دروستکەری عێراق. تێترەنجانی کورد بە عێراق، دیسانەوە ئەو یەکێکە لە پاڵەوانەکانی. ئێما لە وەڵامی تاڵەبانیدا دەڵێت، داوای لێبوردن دەکەم کە بەریتانیا عێراقی دروستکرد و کوردی تێکرد. بەڵام یەکەمجار ئێما ناوی مس بێڵ لە چەند سەرۆک هۆزێکی سوننەی کەرکوکەوە دەبیستێت، وەک وەسفێکی پۆزەتیف. بێڵ زۆر لایەنگری تیرە عەرەب سوننەکان بوو.

ئێما لە کەرکوک دەگیرسێتەوە. لە سەرەتای گەیشتنیدا شەوێک لە جێگای مانەوەکەی بە ڕوتی دەنوێت. بەڵام کە دەمەوبەیان تەقینەوەیەک ڕودەدات، لە جێگاکەیدا خۆی گرمۆڵە دەکات و هەردوو دەستی دەخاتە سەر گوێیەکانی و وەک بی ناو ئاو دەلەرزێت و نازانێت لە ترساندا چیبکات. ئێما دەبێتە کەسی دووەم لە بەڕێوبردنی شاری کەرکوک. پاشان دەبێتە ڕاوێژکاری جەنەڕاڵ ئۆدرینۆی زەبەلاح. لەم ماوەیەدا ئێما لە چەپێکی دژە شەڕەوە سۆزێکی زۆر بۆ سەربازە ئەمریکییەکان لە لای گەشە دەکات. جێگای ئاماژە پێدانە زۆربەی کات ئێما تەنها ئافرەتی ناو هەموو هێزە هاوپەیمانەکان بوە لەوێ. ئێما سەرەتا لە ساویلکەیی ئەمریکییەکان واقی وڕ دەمێنێت. لە ئەنجامدا ئێما چەند ساڵێک لە عێراق دەمێنێتەوە و پاش عێراق وەک یەکێک لە شارەزایانی عێراق مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن لە ناوەندە جیاوازەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.

ئێما بە ئاڵۆزی عێراق ئاشان دەبێت، لە هەمانکاتدا دیدێکی یوتوپی لە لای گەشە دەکات کە سروشتی هەموو عێراقچییەکانە. لە کاتی ژیانی لە عێراق، ئێما ئێوارانی پێنچ شەممە لە گەڵ چەند خێزانێکی چینی ناوەندی باڵای عێراقیدا تێکەڵ دەبێت و شەوانی خواردنەوە و سەمای لەوێ بە سەر دەبات. ئەم خێزانانە کچ و کوڕەکانیان تێکەڵن لە عەرەب و تورکمان و سوننە و شیعە. ئەم نمونە بچکۆلانە دەبێتە بنەمای خەیاڵی عێراقێکی پێکەوەیی. زۆر لە ڕۆژئاواییەکان دەبیستم ئەگەر شارەکان گەورەبن و خەڵک پێکەوەبژین و ژن و ژنخواز هەبێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی عێراقی دروست دەبێت. ئەمە یوتوپیایە نەک واقیع. یوتوپیاش هەمیشە زەمینەی لەباری توندوتیژییە، وەک ئەزمونی سەدەی بیست ئاگادارمان دەکاتەوە.
زیاتر