ئەگەر کار بۆ هەرێمی سلێمانی بکەین ڕزگارمان دەبێت لە ٢٧ ملیار دۆلار قەرز

  11/06/2020  |    598 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر کار بۆ هەرێمی سلێمانی بکەین ڕزگارمان دەبێت لە ٢٧ ملیار دۆلار قەرز، چونکە ئەو قەرزە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی کابینەی پێشوەوە بووە و زیاتر و پارتی لێی سودمەند بون لەگەڵ چەند کەسێکی کەمی یەکێتی لە حکومەتدا کە لە پایتەخت دەژین.

هەروەها زۆنی زەرد لێی سودمەند بوە، و شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری کراوە، و ١٥٠ مەتریش کار تێیدا بەردەوامە. بەڵام ئەو پارەیەی بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانرابوو، درا بە موچە.

بۆ دەبێت پارە و خزمەت و خۆشگوزەرانی تەنها بۆ ئەوان بێت، بەڵام لە قەرزدانەوە و بێموچەییدا بمانکەن بە شەریک. ئەگەر کیانێک هەیە ناوی هەرێمی کوردستانە و لە چەند پارێزگایەکی یەکسان پێکهاتوە، دەبێت لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش بین، نەک خۆشی بۆ لایەک بێت و لە ناخۆشیدا شەریک بین.

بۆ دەبێت پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین قەرزی ئەوان بدەنەوە؟!
بۆ دەبێت ئێمە باجی هەڵەی ئەوان بدەین؟!

ئەوان ڕێکەوتننامەیان کردوە، با خۆیان قەرزەکانیان بدەنەوە. ئێمە لە ڕێی جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکان و دروستکردنی هەرێمی سلێمانیەوە دەتوانین خۆمان ڕزگاربکەین لەو قەرزە نابەجێیانەی پارتی کە لە ڕێی حکومەتی هەرێمەوە کردویەتی و کەس نازانێت چی لەم پارانە کراوە؛ ئێستا دەیانەوێت هەموو کورد باجی هەڵەکانیان بدات.

لەم سنورەدا حکومەت ٢ ملیار دۆلار قەرزاری دانە گازە. ڕاستە بیرە گازەکان لەم سنورەدایە، بەڵام ڕێکەوتننامەکە حکومەتی هەرێم کردویەتی. ئەگەر هەرێمی سلێمانی دروست ببێت، دوو گریمانە هەیە. یەکەمیان دەبێت حکومەتەکەی پارتی قەرزەکە بداتەوە. دووهەمیان کە گریمانە خراپەکەیە ئەوەیە کە هەرێمی سلێمانی قەرزەکە بداتەوە. گریمان حاڵەتی دووهەم ڕوودەدات، هێشتا دانەوەی ٢ ملیار باشترە لە دانەوەی ٢٧ ملیار دۆلار. پاش چەند ساڵێک بەرهەمی گازی چەمچەماڵ دەتوانێت قەرزەکەی بداتەوە و بکەوێتە ئەوەی خزمەتی چەمچەماڵ و ئەم سنورەش بکات.

کەی ئەوان قەرزەکەیان دایەوە و ئێمەش ژێرخانی ئابوری خۆمان پێشخست، ئەوکات دەکرێت ئەم دوو هەرێمە یەکبگرنەوە، بەڵام لەسەر بنەمای فیدرالیزم و لامەرکەزیەت، کە هەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەک دەسەڵات و داهاتی تەواوی خۆی لەبەردەستدابێت.

لامەرکەزیەت بۆ قۆناغێک باش بوو کە حکومەت پارەی هەبوو، بەڵام لەم قۆناغەدا لامەرکەزیەت سود و ئەرزشی نەماوە، چونکە حکومەتی هەرێم پارەی نیە تا دابەشیبکات بەسەر پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا. لە ئێستادا باشترین چارەسەر فیدرالیەتی پارێزگاکانە، واتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ببن بە هەرێمێک و گەشە بە ژێرخانی ئابوری و کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدەن.

کاک نەوشیروان لە دواهەمین کۆبونەوەیدا پێش کۆچی دواییەکەی ئاماژەی بەوەدا کە خەباتی پەرلەمانی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بە واتایەکی تر گۆڕانکاری لە ھەولێرەوە ناکرێت، کەواتە باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکانە، کە بژاردەیەکی مامناوەند و گونجاوە بۆ ئەوەی لە تەسلیمبون بە پارتی یان شەڕی ناوخۆ ڕزگارمان بکات.

زیاتر