بەغدا هەزاران کوردی گۆڕی، بەڵام باسم بەغدای گۆڕی

ئارام ڕەفعەت

نوسەر و مامۆستا لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا
  02/12/2020  |    748 جار خوێندراوەتەوە
ساڵ ناوەراستی سەدەی بیستە. کورە شێخێک مزگەوتەکەی باوکی و شارەکەی، سلێمانی، جێدێڵێت و بە خەونی گەورەوە روو لە بەغدا دەکات.

ئەو گەنجە ٢٣ ساڵەییە بەهادین نووریە. ئەو دەبێت لە بەغدا ئەرکەکانی فەهد تەواو بکات، ئەرکی شۆڕشی چینی کرێکار و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی عێڕاقی. ئەرکێک لە خەون قورستر، هەموان چاویان لە فەهد بوو بیکاتە واقیع. فەهد سکرتێر و رابەری ئەفسانەیی حیزبی شوعی (شیوعی) عێڕاقییە. ئەو ئێستا لەسێدارە دراوە و هاورێکانیشی زیندانین.

حیزبی شوعی وێڵە بەدوای سکرتێرێکدا. کێ دەتوانێت جێگای فەهد پڕ بکاتەوە؟ کێ دەتوانێت حیزبی شوعی بخاتەوە ئەو پێگەیەی کە دوو ساڵ پێشتر حکومەتەکەی سالح جەبری روخاند و فەشەلی بە پەیماننامەی پۆرت سمۆسی بەریتانی-عێڕاقی هێنا؟ کێ دەتوانێت حیزبی شوعی بخاتەوە ئەو شوێنەی کە ساڵێک پێشتر فەهد رابەری بوو؟ کوڕە شێخە ٢٣ ساڵییەکەی سلێمانی گوتی من.

بەهادین ئێستا لە بەغدایە و "باسم"ی سکرتێری حیزبی شوعییە. باسم نازناوێکی سەرنج راکێشە. زیاتر ئاماژەیە بۆ کوڕە هەرزەکارێکی بەغدایی نا موتەدەیینی عەرەب نەک گەنجێکی تازە پێگەییشتوی سلێمانی. بەهادین نوری دەبوایە باسم بێت. هەروەک یوسف سەلمان یوسف "فەهد" بوو. ئەمیان کورد و ئەویش کریستیان، ئەوەش ناسنامەی حیزبی شوعیمان پێ دەڵێت.

حیزبی شوعی تەرکیبەکەی لەگەڵ فەلسەفە و جیهانبینییەکەی جیاواز بوو. لە تەرکیبەی حیزبی شوعیدا سوننەی عەرەب بە نیمچە تەواوی غائیب بوون. لەتەرکیبەدا شوعی حیزبێکی عێڕاقی نەبوو، تەنها حیزبی شیعە و کورد و کەمینەکان بوو. شیعە گروپێکی مەزهەبی، کورد گروپێکی نەتەوەیی و کەمینەکانیش هەم کەمینەی ئەتنیکی و هەم دینی بوون. سێ گروپی مەحروم و پەراوێزی عێڕاقی. لە غیابی سوننەدا، شوعی نەدەبووە عێڕاقی. سوننە ئەهلی حوکمرانی و قامچی و ئابوری و شەهادەبوون، ئەوان حیزبی شوعییان بە هی خۆیان نەدەزانی و بە حیزبێکی شعوبی تۆمەتباردەکرد. ئەگەر حیزبی شوعی لەتەرکیبەشدا عێڕاقی نەبووبێت لە فەلسەفە و جیهانبینی عێڕاقی بوو. عێڕاقی بە مەفهومی عەرەبگەرایی و عەرەب-سەنتریکی.

ئیتر باسم لە بەغدایەو سکرتێری ئەو حیزبە عێڕاقییە عەرەب-سەنتریکەیە. حیزبیش میساقێکی هەیە و ناوی میساقی فەهدە. ئەم میساقە هەم قودسیەتی هەیە و هەم شەرعییەت.

میساقەکەی فەهد قودسیەتی هەیە چونکە یادگاری فەهدی دامەزرێنەر و شەهیدی ئەفسانەیی حیزبە. میساقەکەی فەهد شەرعییەتیشی هەیە، چونکە لە کۆنگرەی ١٩٤٤ دا حیزبی شوعی میساقەکەی کردە میساق و مەنهەجی حیزب. ئیتر میساقی فەهد میساقی شوعییە و میساقی شوعیش میساقی فەهدە.

لە میساقی فەهدا کوردیش هەیە. بەڵام روانگەی میساقەکە بۆ کورد روانگەی عەرەب-سەنتریکە. هاوتای قەمەجییە عەرەب-سەنتریکەکانی عێڕاقی، فەهدیش کوردی وەک کەمینەیەکی ئەتنتکی پێناسە کردبوو. لەو پێناسەیەدا کورد چەند مافێکی رۆشنبیری و دیموکراتی پێ دەبڕێن. لە پێناسەکەی فەهدا، هاوتای قەومەجیە عەرەبەکانی تر ئێزیدی کەمینەیەکی ئەتنیکی جیاواز لە کوردن.

ئێستا باسم لە بەغدا سکرتێری کاریگەرترین حیزبی عێڕاقییە. خاکی بەغدا خاکێکی بارگاوییە و مەعدەنی کورد بەرگەی ئەو خاکە ناگرێت و ژەنگاوی دەبێت. کەم کورد هەیە رێی کەوتبێتە بەغدا و مەعدەنە کوردییەکەی ژەنگاوی نەبووبێت. خانزادی میری سۆران بە زیرەکی خۆی پەی بەو حاڵەتە بارگاوییەی بەغدا بردبوو. کەمیر سلێمان سەفەری دیدەنی والی بەغدای دێتە رێ، خانزاد بەلەشکری دەڵێت تورەگەیەک خاک و خۆڵی هەریر لەگەڵ خۆت ببە و با میر لەسەر خاکی بەغدا دانەنیشێت. چونکە مەردی خۆی لەدەست دەدات. لەو سەفەرە تراژییەدا مەعدەنە کوردییەکەی لەشکری ژەنگاوی دەبێت و خیانەت لە میر سلێمان دەکات.

ئێستا ساڵ ١٩٥٣ و باسم سێ ساڵ لە هەرەمی سەرەوەی حیزبی شوعییە و سێ ساڵە لەسەر خاکە بارگاوییەکەی بەغدایە. ئایا مەعدەنی باسمیش ژەنگ دێنێت؟ مەگەر باسمیش کورد نییە؟ مەگەر کام کورد هەیە چوبێتە بەغدا و مەعدەنە کوردییەکەی ژەنگی نەهێنابێت؟

باسم ئەزموونێکی جیاوازمان پێدەڵیت. مەعدەنی باسم ژەنگ ناهێنێت و ناگۆڕێت ئەو بەغدا دەگۆڕێت. ئەو میساقی خۆی دەنوسێتەوە و میساقەکەی فەهد توڕ هەڵدەدات.

باسم دەڵێت دەبەنگییە کورد وەک کەمینەیەکی نانەتەوەیی و ئێزیدیش لە جەستە و رۆحی کورد جیابکرێتەوە.

ئێستا ساڵ ١٩٥٣ و حیزبی شوعی لە بری میساقی فەهد میساقی "باسم"ی هەیە. لە مادەی ١٠ی میساقی باسمدا کورد هاوتای عەرەب نەتەوە (ئوممە)یەکی سەربەخۆی جیاوازە و ئێزیدییەکانیش بەشێکی جیانەکراوەی ئەو نەتەوەیەن. لە مادەی ١٢ی میساقەکەشیدا، کورد وەک نەتەوەیەک مافی چارەی خۆنوسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە. باسم ئەو دوو مافەی کورد دەکاتە بەشێک لە بەرنامەی حیزبی شوعی عێڕاقی.

باسم دەگیرێت و عەرەب-سەنتریکەکانیش لە ١٩٥٦ میساقەکەی باسم دەگۆڕن. میساقەکەی باسم تەمەنی درێژ نەبوو. بەڵام میساقەکەی ئەو وەک خۆی بە نەمری دەمێنێتەوە و دەبێتە یەکەم و دوا دۆکومێنتی حیزبێکی عێڕاقی مافی دەوڵەتبوون بە کورد بدات.

چونکە مەعدەنە کوردییەکەی باسم گەوهەر بوو، بەغدا باسمی نەگۆڕی... بەڵام باسم بەغدای گۆڕی.
زیاتر