ماكرۆن پشتیوانی لەبەغدا كردو هەرێمی ئاگاداركردەوە

سەرتیپ جەوهەر

رۆژنامەنووس
  08/09/2020  |    4784 جار خوێندراوەتەوە
لەدوای زێدەڕۆییەكانی توركیا لەناوچەكە

ئەوروپاو روسیا لەعیراق و سوریا كەوتوونەتە خۆ

1-2
هاتنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ لوبنان و دواتر عیراق زادەی پرۆژەیەكی نوێی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكایە بۆ بەرگرتن لەدەستوەردانی ئێران و توركیایە لەوڵاتانی ناوچەكە، هەروەك روسیا لەماوەی دوو هەفتەی رابردووەوە كەوتۆتە جموجۆڵێكی نوێ‌ لەسوریا كە ئەویش پێدەچێت پەیوەندیدار بێت بەبارودۆخی نوێی ناوچەكە.

دوای دوركەوتنەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئێستا فەرەنسا رێبەرایەتی ئەوروپا دەكات و دەیەوێت رۆڵی كۆكەرەوەو قەڵغانی ئەوروپا بگێڕێت. هەربۆیە لەماوەی دوو مانگی رابردوو هێزێكی زۆری بردۆتە یۆنان و قوبرس وەك پشتیوانی لەهەردوو وڵات بۆ بەرگرتن لەهەژموون و زیادەڕۆییەكانی توركیا لەدەریای ناوەڕاست.

زێدەڕۆییەكانی توركیا لەدەریای ناوەڕاست و لیبیا سەرەتای هەستكردن بەپێویستی جوڵەیەك بوو لەبەرامبەر توركیا، سەرۆكی فەرەنسا كەوتە جموجۆڵێكی نوێ‌ بۆ راگرتن و پاشەكشەپێكردنی ئەو زێدەڕۆییانەی توركیا لەسەر وڵاتانی لەناوچەكە وەك یۆنان و عیراق و سوریا و لیبیا بەپشتیوانی ئەمریكاو هاوبەشی پێكردنی وڵاتانی ناوچەكە.

لەبەرامبەر پشتیوانیكردنی ئەمریكا، سەرۆكی فەرەنسا پشتیوانی خۆی و ئەوروپای بۆ واشنتن دەكات لە كەمكردنەوەی نفوزو دەستڕۆیشتویی ئێران لە لوبنان و عیراق. واتە چەككردنی حزبولڵا لە لوبنان و چەككردنی حەشدی شەعبی لەعیراق لەبەرامبەر دەركردن و گوشارخستنە سەر توركیا لەو زێدەڕییانەی ناو خاكی عیراق و هەرێمەكە. هەروەك پێدەچێت ماكرۆن رۆڵی نێوانگریش بگێڕێت لەنێوان تاران و واشنتۆن. ئەویش كێشانەوەو كەمكردنەوەی نفوزو هەژموون ئێران لەهەردوو وڵات، لەبەرامبەردا ئەمریكا بەشێك لەسزاكانی سەر ئێران هەڵگرێت یان سوك بكات.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئیمانۆئیل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا هاتە عیراق، پەیامێكی روونی بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداو هەرێم پێبوو. ئەوەی پەیوەندی بەعیراقەوە هەبوو پێی راگەیاندن دەبێ‌ هەڵوێستتان روون بێت سەبارەت بە زێدەڕۆییەكانی توركیا لەناو خاكی عیراق، هەروەك پێویستە دەستوەردانی ئێران لەناوخۆی عیراق بەتەواوی بخرێتە چوارچێوە. ئەوەی یەكەم وەك داوای خۆی و ئەوروپا بوو، ئەویدیكەشیان وەك پشتیوانی لەهەڵوێستی ئەمریكا پێی راگەیاندن. بۆیە چەند رۆژێكە جوڵەیەك لە پەرلەمانی عیراق دروستبووە سەبارەت رێگریكردن داگیركارییەكانی توركیا، بۆئەوەی پەرلەمان لەوبارەیەوە بڕیارێك بدات.

سەبارەت بەهەرێمی كوردستان، لەبری سەردانی هەولێر، سەرۆكی هەرێمی بانگی بەغدا كرد وەك ئاماژەیەك یان جۆرێك لەهۆشداریدان، بەهەردوو سیفەتی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێم. هەرچەند تائێستا هیچ لێدوانێكی رەسمیی سەبارەت بە وردەكاریی ناوەرۆكی كۆبونەوەكە رانەگەیەنراوە، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بەغدان پێیانوایە ماكرۆن پەیامێكی روونی بە(هەرێم / پارتی) داوە، ئەویش كۆتاییهێنان بەو سنوربەزاندنانەی توركیاو ئەو پشتیوانیەی پارتی لە سوپای توركیا لەژێر ناوی هێرشكردنە سەر هێزەكانی PKK لەناو خاكی هەرێمی كوردستان. بۆیە رۆژی دوای سەردانەكەی بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم گەیشتە ئەنقەرەو قاولتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا خواردو پێدەچێت كورد وتەنی (كەشوكوشییەك) لەنێوانیاندا هەبێت.

ئەوەی جێی سەرنجە دوای چەند رۆژێكی كەم، چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ لەتوركیا بڵاویانكردەوە كە ئەنقەرە بڕیاریداوە ئۆپراسیۆنەكانی لەباشوری كوردستان بۆماوەیەكی كاتی رابگرێت، ئەوەش بەڵگەی ئەو پێشبینیەیە كە فەرەنسا گوشارەكانی بۆسەر توركیا زیادكردووەو تەنها بە وەستاندنی ئۆپراسیۆنەكان راناوەستێت، بەڵكو داوای دیكەی هەیەو دەیەوێت توركیا هێزەكانی لەعیراق پاشەكشە پێبكات.

لەبەرامبەر ئەو گوشارە راستەوخۆیەی ئەوروپا لەسەر توركیا بەئاگاداری ئەمریكا، روسەكانیش كەوتوونەتە خۆو دەیانەوێ‌ سود لەو بارودۆخە وەرگرن. پێشوازیكردنی چەند كاربەدەستێكی رێڤەبەری خۆسەر لەلایەن وەزیری دەرەوەی روسیاو لەماوەی چەند رۆژی رابردوو و راگەیاندنی پشتیوانی مۆسكۆ لەبەشداریپێكردنی رێڤەبەری خۆسەر لەپرۆژەی چارەسەری سوریا كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەو گومانەمان لا دروستدەكات كە روسەكان دەیانەوێ‌ گوشار لەتوركیا بۆ ئەوەی هەم سازشی زیاتری پێبكەن بكەن هەمیش گوشاری زیاتری بخەنە سەر تا ناچاری بكەن دیسان لەئەمریكا دوربكەوێتەوە.

بڕیارە لەم چەند رۆژە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بەسەردانێكی تایبەت بگاتە دیمەشق. پێدەچێت لاڤرۆڤ بەو سەردانەیدا لەیەككاتدا گوشار بخاتە سەر ئەنقەرەو دیمەشق و دیسان بیانەوێ‌ بازرگانی بەكورد بكەن. چونكە هەركاتێك روسەكان لەلێدوانی میدیایی پشتیوانیان لەدۆزی كورد لەسوریا كردبێت، ئەوا دەیانەوێ‌ گوشار لەسەر ئەنقەرەو دیمەشق دروستبكەن و لەبەرامبەر كێشانەوەی ئەو پشتیوانییە دەیانەوێ‌ سازشێك بەهەردولا بكەن.
زیاتر