هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی

مەلا بەختیار

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی
  12/09/2020  |    1670 جار خوێندراوەتەوە

مەلا بەختیار

دەوڵەتمەداری عیراق مستەفا كازمی تەشریفی هێنا بۆ كوردستان. بەرنامەی هاتنەكەی خۆی داینابوو.. جێبەجێش كرا .

گەورە و بچوكی كوردستان، جوانیان پێشوازی لێكرد.. هەم میوانداری كوردەواری و هەم، بەگشتی ئەتەكیاتی سیاسی شیاویان نیشاندا، وێڕای هەندێك كەموكوڕی كە نەدەبوو روبدات .

زەقترین كەموكوڕی.. خودی كازمی كردی.. هەروا، لە دەڤەری سلێمانیش، بەرپرسە حیزبیەكان، كردیان .

كازمی، دەبوایە بەرنامەیەكی گونجاوتری بۆ دیداری حیزبەكان دابنایە، خۆیشی سەری لە بارەگای سەرەكی حیزبەكان دابا. حیزب بە حیزب.. نەك بە هەرەوەز بیان بینێ‌ !

حیزبەكانیش، بەتایبەتی یەكێتی، نەدەبوو دوور لە ئەتەكیەت، بەشێكی بەرچاوی مەكتەبی سیاسی و سەروتر و خوارتریش، ریزیان بۆ دیداری ببەستایە. بەهەر حاڵ، با ئەمیش دەرسێكی ئەتەكیەت بێ‌ !

وەكوتر.. رێسای پێشوازی لە میوانێكی ئاوها، وا دەخوازێ‌، بەرنامەی میوانەكە رەچاو بكرێ‌. نەك هەر پارێزگایەك، بەرنامەو داخوازی هەبێ‌. من، نەم دی و نەم بیست، پارێزگاری هەولێر و دهۆك، داخوازینامەیان پێشكەش بە كازمی كردبێ‌. بەڵام بیستم، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لیستی داخوازیان داوەتە جەنابی میوان !

پێم وایە.. ئەبوایە، لە هەڵەبجە، سكاڵا و داخوازی بەناوی خەڵكەوە درابا بە كازمی، باشتر بوو لەوەی پارێزگار پێشكەشی كردبا. خەڵك، دوور لە ئەتەكیەت و رێسا، بۆی هەیە، سكاڵا و داخوازیان هەبێ‌.. نەخوازەڵڵا بۆ هەڵەبجەش. هەروەك چۆن، جوتیاران لەرێی فڕۆكەخانە، بۆ پارەی نەدراویان، رێیان لە كاروانی میوان گرت ..

ئەویش، رێزی گرتن و گەڕایەوە لایان .

ئەگەر بشمانەوێ‌ ئەنجامی ئەم سەفەرەی كازمی تاوتوێ‌ بكەین، دەڵێین :

ئەو بەڕێزە، بە ئاستەم نەبێ‌، بەرنامەی سەفەرەكەی نەگۆڕی. لە وەڵامی میدیاكان و لە كۆبونەوەكانیشدا، دوو وەڵامی هەبووە :

یەكەم: لە چوارچێوەی دەستوردا، كێشەكان چارەسەر دەكەن، ئەم قسەیە، لە بەغدادیش دەتوانێ‌ بیكات و لەسەریشی ناكەوێ‌ .

دووەم: داخوازیەكان، هەڵدەسەنگێنین و بۆئەوەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند بكرێ‌، لیژنە دادەنێین !

لە تەواوی سەفەرەكەیدا.. گفتێكی كۆنكرێتی نەدا. تەنانەت یەك ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێكی چارەسەرنەكراوی كیمیاوی هەڵەبجەش !!

لەكۆتاییدا.. دەڵێم: بەش بەحاڵی خۆم، لە عیراقدا، جگە لە هاوسەنگی هێز لە نێوان كوردستان و بەغداد، لەم قۆناغەدا باوەڕم بە هیچ گفتوگۆیەك.. یان پەیمانێك، یاخود رێكەوتنی دوو قۆڵی و سێ‌ قۆڵیش تاسەر نییە. رێكەوتنەكان.. تەنانەت بۆ موچەش كاتین .

هەموو بڕیار و رێكەوتنێك، لەگەڵ سەرۆك وەزیران، یان حیزبەكان، یان هەر پۆستێكی باڵای تر.. پەیوەستی دۆخی سیاسییە .

لە عیراقدا.. پرۆسەیەك بەناوی پرۆسەی دیموكراسیەوە نییە. دەستەبەری دەستوریش نییە. ئەوە مادەی (140) و ئەوەش بودجە و ئەمەش هێزی پێشمەرگە .

ـ مادەی 140.. دیزە بەدەرخۆنە كراوە .

ـ بودجە و موچە.. جگە لەوەی لە 5% قرتێنراوە، ئەوەی دەشی دەن.. لە قوڕگی شێر دێتە دەر !

ـ هێزی پێشمەرگەش.. داعش شكێن بوو.. كەچی ئەمریكا مانگانە بڕێ‌ بودجەی دەدانێ‌، عیراق، پۆستاڵێكی بۆ نە ناردووە ..

هەقە.. حكومەتی هەرێم و حیزبەكان.. عیراق وەكو هەیە بناسن! نەك، وەكو ئارەزوویان لێی هەیە ..

بەهیواشم.. دوای هەڵبژاردن. كە رێژەی حیزبەكان دادەبەزێ‌.. هاوكێشەكانی هەرێم و بەغداد.. نەگەڕێنەوە خانەی ناردنی هێزی سەربازی و بەرگری هێزی پێشمەرگە!


زیاتر