شۆڕشگێڕی نە پیشەیە نە مەدالیا، هەتا سەر بۆ کەس بمینێ

مەغدید سەپان

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  12/08/2020  |    616 جار خوێندراوەتەوە
خەڵک هەیە وادەزانن، ئەگەر کەسێک دوو تفەنگی بۆ کورد تەقاند، هەتا دونیا مایە، بە شۆڕشگێڕی دەمینێتەوە و هەموو کورد دەبی خزمەتی بکا، بەڵام ئەگەر مێژووی بزوتنەوە و شۆڕشەکانی جیهان لە حەفتا ساڵی رابردوو بخوێنینەوە، پێچەوانەی ئەو ڕایەمان پێدەڵێ. دەکرێ کەسێک لە قۆناغێکی ژیانی شۆڕشگێڕێکی مەزن بووبیت، بەڵام بە وەرگرتنی دەستەڵات لە خەتی شۆڕش لایدابیت و گەورەترین زیانی بە گەل و وڵاتی خۆی گەیاندبی. نموونە گەلەک زۆرن، من تەنیا لەسەر سێ کەس دەنووسم.

١- ڕوبێرت موگابا Robert Gabriel Mugabe لەگەڵ Joshua Nkomo خەباتی پارتیزانییان بۆ ئازادکردنی زیمبابۆی دەستپێکرد. موگابا لە ساڵی ١٩٨٠ – ١٩٨٧ کرا بە سەرۆک وەزیران و لە ١٩٨٧ تا ٢٠١٧ سەرۆککۆماری زیمبابۆی بوو. لە تەمەنی ٩٣ ساڵی بەشەق کورسی سەرۆککۆمارییان لێسەند. (خەڵکی لە برسان کوشت و زیمبابۆی وێرانکرد)

٢- فیدێل کاسترۆ Fidel Alejandro Castro Ruz لە ساڵی ١٩٥٦ شەڕی پارتیزانی لە کوبا دژ بە دەستەڵات دەستپێکرد، لە ساڵی ١٩٥٩ حکومەتی گۆڕی، لە سەرەتا ١٩٥٩ – ١٩٧٦ پۆستی سەرۆکوەزیرانی کوبای هەبوو، لە ساڵی ١٩٧٦ – تا ٢٠٠٨ سەرۆککۆماری کوبا بوو. لەبەر نەخۆشی لە تەمەنی ٨٦ ساڵی (٢٠٠٨) Raúl Castro ی برای کرد بە سەرۆککۆمار. (خەڵکی لەبرسان کوشت و کوبای وێرانکرد).

٣- کیم سونگ Kim Il-sung بۆ ماوەیەکی کەم لە دوای دووەم جەنگی جیهانی، شۆرشی کۆریای باکوری دژ بە لەشکری داگیرکەری یابان دەستپێکرد. لە ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٧٢ سەرۆک وەزیران بوو، لە ١٩٧٢ تا مردنی (١٩٩٤) سەرۆککۆماری کۆریای باکور بوو. (٨٢) ساڵ ژیا. (خەڵکی لەبرسان کوشت و کۆریای باکوری وێرانکرد).

هەر سێک سەرکردەی سەرەوە، خەباتێکی زۆر جوان و عادلیان دەستپێکرد، بە تراگێدیایەکی گەورە بۆ وڵات و گەل کۆتایی هات، میللەتیان لە برسان کوشت و وڵاتیان تووشی گەورەترین کارەسات کرد.

نامەوێ هیچ لەسەر سەرکردەکانی خۆمان بنووسم، چونکە بە خەباتی دوێنێی ئەوان ئاشنان و ژیانی ئەمڕۆشیان لەمن باشتر دەبینن...

زیاتر