خوێندنەوەیەک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنیى و سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان – عێراق

پەیمان عزەدین

پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمان
  16/08/2020  |    904 جار خوێندراوەتەوە

پێشنیازە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی و سۆشیالمیدیا ،کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و ئێستا لە قۆناغی نوسینی ڕاپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانە بۆ ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاساکە ، یەکێکە لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە بەشێکە زۆری ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیانەوە بە گشتی، لەم ڕوانگەیەوە ئەم خوێندنەوەیە ئەخەمە بەرچاو.

یەکەم : ئەم یاسایە کێ ئەگرێتەوە ؟

بەگوێرەی ماددەی(٤) ی پێشنیازی یاساکە ، هەموو ئەوانەی لە ڕۆژنامە و پێگەی ئەلکترۆنی فەرمی بابەت بڵاودەکەنەوە یان ئەوانەی لەو پێگە فەرمیانە سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازن ، یان هەرکەسێک کە وەک تاک لاپەرە یان ئەکاونتی هەیە لە یەکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە.

کەواتە ئەم یاسایە تایبەت نیە بە پێگە و ڕۆژنامە ئەلکترۆنیەکان ،بەڵکو کۆی ئەو نوسین و بابەتانە ئەگرێتەوە کە لەلایەن کەسی سروشتی یان دامەزراوەی مەعنەوی بڵاو و پەخش ئەکرێنەوە ، لە پێگەیەکی فەرمی بێ یا لاپەڕەو ئەکاونتی کەسیی.

دووەم : ئەم یاسایە سزای کێ ئەدا و چی بە تاوان داناوە ؟

لە ماددەکانی ١٢ ، ١٣،١٦ تاوان و سەرپێچی و سزاکانیش دەستنیشانکراون.

- ماددەی (١٢) :

لەم ماددەیەدا بێ دوبارەکردنەوەی جۆری تاوانەکان ، ڕاستەوخۆ بڕگەکانی (٢ و ٤ ) لەماددەی چوارەمی یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر ) ی کردووە بە بەشێک لەم یاسایە و هەموو ئەوانەی ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە نابێ ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندندا هاتووە.

کەواتە ئەو بابەتانە کامانەن کە بە پێی بڕگەکانی (٢ ،٤ ) نابێ بڵاو ببنەوە ؟

ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ ئەڵێ : ئەم کارانەی خوارەوە بە تاوانی تیرۆر دادەندرێن و سزادەدرێن بە زیندانی ، کە لە ١٥ ساڵ تێپەڕ نەکات.

بڕگەی ٢ لە ماددەکە کە ئەم پێشنیازی یاسایە پشتی پێبەستووە ئەڵێت :
نوسراو ، چاپەمەنی ، کاسێتی تومارکراو ،یان هاوشێوەی ، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت ، کە هاندان ، بەچاک زانین ، یان پڕوپاگەندە لەخۆبگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری بەمەبەستی بەخشینەوەی یان بڵاوکردنەوەی.

بڕگەی ٤ ئەڵێت :
ئەگەر بە ئەنقەست ، هەواڵ ، ڕونکردنەوە ،یان پڕوپاگەندەیەکی تۆقێنەر بڵاوبکاتەوە ، هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بینراو ، بیستراو ، خوێندراو ، یان ئەلکترۆنی بەهەل وەربگرێت ، یان بەکاریان بێنێت ، لە ئەنتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبکاتەوە کە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری وەها کە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسیەوە و ترس بخاتە نێو هاووڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکات.

جا ئەگەر بە وردی سەیری ئەو دوو بڕگەیە بکەین ، ئەزانین کە بۆ خودی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆریش چەند کارەساتبارە ، کۆی ماددەی چوارەمی ئەو یاسایە پڕیەتی لە ناڕۆشنی و لاستیکیی چەمک و دەستەواژەکان ، کە ئەمە بەردەوام ڕەخنە بووە لەو یاسایە و وەک داوێک بۆ سزادانی نەیارانی سیاسی پارتی و یەکێتی باسکراوە ، بەڵام ئامادەکارانی ئەم پڕۆژەیە و دواتریش ئەوانەی واژۆیان لەسەر کردووە (بەئاگاییەوە بوبێ یا بێئاگایی ) مەودای ئەو سزایەیان لە سیاسەتوان و ئەندامانی پارتە سیاسیەکانەوە ، فراوانتر کردووە تا کۆی ئەوانە بگرێتەوە کە قسە ئەکەن لە شوێن و پێگەی فەرمی بێ یا نا فەرمی.

ئاسایشی گشتی وتاوانی تیرۆرکاری کامانەن ، کێ دەستنیشانیان ئەکات ؟

هەواڵ و ڕونکردنەوەی تۆقێنەر چین و چۆن دیاریدەکرێن؟

بە جێهێشتنی تەفسیر و تەئویلکردنی هەموو ئەو ناڕونیانە بۆ دەسەڵاتێکی دادوەری حیزبی ، لە بەرژەوەندی کێدایە ؟

-ماددەی (١٣) :
لەم ماددەیەدا ئەڵێت : جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (١٢) هاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی "مادەی شەشەم"ی " یاسای رۆژنامەگەريی لە کوردستان/ ژمارە 35ى سالَى 2007"، سزای سەرپێچیکاران دەدات.

باشە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ماددەیە لەیاسای ژمارە (٣٥) ساڵی ٢٠٠٧ ، ئەبینین تایبەتە بە ڕاستکردنەوە و وەڵامدانەوە ، واتە تایبەتە بەو پێگەو و ڕۆژنامانەی کە وەڵام یا ڕاستکردنەوەیەک بڵاو ناکاتەوە .

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە نێوان ئەو تاوانانەی لە ماددەی ١٢ ئاماژەیان بۆ کراوەو ئەوەی لە ماددەی ١٣ دا هاتووە ، ڕیزێک تاوانی تر هەن کە لە سۆشیال میدیا ئەنجام ئەدرێن و ئەم یاسایە دورو نزیک نەچووە بەلایاندا و ئەوانە ئێستا کێشەی بەشێک لە خەڵک و بۆشایی یاسایشە ، لەوانی هەڵخەڵەتاندن ، دزی ، ئیستیغلالکردن و دەیانی تر.

ماددەی (١٦) :

زۆربەی بڕگەکانی ئەم ماددەیە دژ بەیەک و ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی پێش خۆی بە نمونە :
بڕگەی دووی ئەم ماددەیە سزایەکی پێنچ سەد هەزاری تا سێ ملیونی داناوە بۆ ئەوانەی کە سەرپێچی ماددەی (١١)ی یاساکە ئەکەن .
کە ئەگەڕێتەوە سەر ماددەی (١١) تایبەتە بە وەڵامدانەوە و ڕاستکردنەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماددەی (١٣) بۆ سزادانی وەڵامنەدانەوە و ڕاستکردنەوە گەڕاوەتەو بۆ ماددەی شەشەم ، بڕگەی دووەم لە یاسای ژمارە (٣٥)ی یاسای ڕۆژنامەگەری ، بەڵام لەوێدا سزاکە ١ ملیۆن بۆ ٢ ملیۆنە.

باشە لە یەک یاسادا چۆن دوو سزای جیا بۆ هەمان کردار دەستنیشان ئەکرێت ، دادوەر بە کام سزایەیان بڕوات ، ئەوەی لە یاسای ژمارە (٣٥) هاتووە و ماددەی (١٣) ئەم یاسایە خۆی پێوە پابەند کردووە یا یەوەی لە ماددەی (١٦) دا دەستنیشان کراوە.

بڕگەی (چوار)ی ماددەی (١٦) ئەڵێت :
سەرنوسەری "وێبسایت"، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە لە "1000000" ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە "5000000" پێنج ملیۆن دیناريش زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند، یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، چ بە بڵاوكردنەوەی پۆست بێت، یان كۆمێنت، یاخود نامە. ئەگەر هەر بەردەواميش بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكەیشیان دادەخرێت و بۆیان نابێت تا ماوەی "3" سێ‌ ساڵ، خاوەندارێتیی وێبسایت و لاپەڕە و ئەكاونت بەناوی خۆیانەوە بكەن.
ئەم بڕگەیەش هەمان ناوەڕۆکی ماددەی دووەمی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هەیە ، بەڵام بە سزایەکی توندتر لە ڕووی غەرامەوە.

بڕگەی (پێنج)ی ماددەی (١٦) دووبارە جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی (٢ ، ٤ ) لە ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کردۆتەوە و لەم بڕگەیەدا ئەڵێت :

لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی "مادەی چوارەم"ی "یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری "وێبسایت" و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.

ئەم دوپاتکردنەوەیە نیەتی ئامادەکاران و ئامانجی یاساکە زۆرتر ڕوندەکاتەوە ، بۆیە تەنیا بە ماددەی (١٣) دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە و لە ماددەی (١٦) شدا ئەوەئ دوپاتکردۆتەوە کە سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕە هەمان سزا ئەیانگرێتەوە و مامەڵەی تیرۆرستیان بۆ ئەکرێت.

ئەمانەو چەندین سەرنج و تێبینی تر لە سەر زۆری سزاکانی ئاگادارنەکردنەوەی سەندیکا لە چەند حاڵەتێکت جیاوازدا.

بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئەم پێشنیازی یاسایە ئەگەر ببێتە یاسا ، یەکێک ئەبێ لە خراپترین یاساکان بۆ کپکردنی ڕەخنە و دەنگی ناڕازیی
هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ئیمزاکانیان پەشیمان بونەتەوە ، واز لە باسی کێشانەوەی ئیمزاکانیان بێنن ، چونکە ئەوە تازە هیچ لە بەردەوامیی قۆناغەکانی پەسەندکردن ناگۆڕێ ، بەڵام ئەتونن لە لیژنەکانیان و ناو هۆڵی پەرلەمان ، دژی ئەو ماددانە بووەستنەوە نەهێڵن بەم شێوەیە پەسەند بکرێت .

زیاتر