چۆن دەبیت بە فەیلەسوف؟

ساماڵ مانی

مامۆستای زانکۆ و دکتۆرا لە فەلسەفەدا
  31/08/2020  |    708 جار خوێندراوەتەوە
پانتایی فەلسەفە زۆر فراوان و گەوره‌تره لەوه‌ی كە ڕای فەیلەسوفێك یان دوو، ئارگیومەنتێكی فەلسەفی یان دوو، ڕه‌وتێكی فەلسەفی یان دوو، وه‌ربگیرێن و پەسەند بكرێن و وا دابنرێن کە ڕاستن و ئیتر پاڵی لێ بدرێتەوه.

ئەمە گەر لە شەقامیشدا وابێت، ئەوا هەڵەیەکی مەزنە بیركردنەوه‌ی فەلسەفی وا بناغە بکرێت و دروست بکرێت و پەیڕەو بکرێت لای خوێنەری جیدی، بۆ تێگەیشتن و بۆ دروستکردنی زەمینەی دیبەیت و هزراندنی فەلسەفی. بەڵكو بە پێچەوانەی هاندانی ئەوه‌ی كە خوێنەر خۆی بە فەیلەسوفێك یان ڕه‌وتێكی فەلسەفی ڕازی بكات، ده‌بێت خوێنەری جیدی بۆ فەلسەفە هان بدرێت، لە ناو پانتایی هەموو ئەم ئارگیومەنت و دژه-ئارگیومەنت و ڕەوتە جیاجیایانە و گومان و ڕه‌خنە و هە ڵسەنگاندنانەدا، بەدوای ئەو ڕۆشناییەدا بگەڕێت، كە لە کۆتاییدا ده‌یگەیەنێت بە تێگەیشتن و زانین، تەنها ئەوکات کەسێک دەتوانێت ببێت بە فەیلەسوف.

هەر لەم تێڕوانینەوەیە کە ئەو دژایەتیەی نێوان فەلسەفەی ئەنەلەتیک و فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵ ڕەت دەکەمەوە؛ دژایەتی ڕەتدەکەمەوە نەک دیبەیت.

لە نێوان ئەم دوو جۆرە جیاکراوەی فەلسەفەدا، کە هەردوکیان سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی دێرێن، دژایەتیەکەیان زیاتر لەسەر بنەمای سیاسی و جیۆپۆلیتیک و قۆرخ کردن و بەرژەوەندی شەخسی ئەوانەیە، کە لە بواری فەلسەفەدا ئیش دەکەن و بەریەک دەکەون، نەک دیبەت و ئارگیومەنتە فەلسەفیەکان.

گەر ئەمانەی لێ لادەین و تەنها مەسەلەی دیبەیت و بۆچوون وئارگیومەنتە جیاوازەکانیان بهێڵینەوە، سەبارەت بە هەر پرسێک، ئەوا هەردوو لە ئەنەلەتیک و کۆنتینەنتاڵ پێکەوە زیاتر سوودبەخش دەبن، لە فراوانکردنی بواری فەلسەفەدا؛ فەلسەفە هێندە فراوانە پانتاییەکەی، کە دەتوانێت هەموو ئەم ڕەوت و جیاکردنەوانە لە خۆ بگرێت و فەلسەفەی پێ دەوڵەمەندتر بکات.

ئەوه‌ش مانای وایە بۆ ئەوەی ببیت بە فەیلەسوف، ده‌بێت لە ئەم هەموو ئارگیومەنت و دژه-ئارگیومەنتانە و گومان و ڕه‌خنە و پرسیار و سەرنجانە تێبگەیت و بە وردی بیانخوێنیتەوه، گەرچی زۆر جار لەوانەیە وا ڕێك بكەوێت كە هەندێك لە سەره‌نجامی ئەو ئارگیومەنتانە بە لاتەوه پەسەند نەبێت، یان ڕەوتێکی فەلسەفی ڕەتبکەیتەوە؛ بەڵام تە نها ئەوكات ده‌توانیت سەرنجێكی باشتر و كامڵتر دروست بكەیت لە فەلسەفەدا.

بە خوێندنەوه‌ی زۆربەی زۆری ئارگیومەنتەكانە لە فەلسەفەدا كە ده‌توانین متمانە بە هەندێك لە بۆچوون و باوه‌ڕه‌كانمان ببەخشین و بیانكەین بە 'زانین' و متمانەش لە هەندێكیان وەرگرینەوە و ڕه‌تیان بكەینەوه.

بیرکردنەوەیە کۆمان دەکاتەوە و جیامان دەکاتەوە، بەشەڕمان دەدات و ئاشتمان دەکاتەوە، شەیدا و عاشقمان دەکات و ڕق و تۆڵەمان تیا دەڕوێنێت، هەر بیرکردنەوەیە کە دەتوانێت چۆنی بوێت یاریمان پێبکات، هەر بیرکردنەوەشە کە باوەڕ دروست دەکات، ئەو باوه‌ڕانەی كە بە بەرده‌وامی وه‌ك داشی شەتره‌نج یاریمان پێ ده‌كەن و ژیانمان داگیر ده‌كەن، زاڵبوونی باوەڕە هەڵەکان بەسەر بیركردنەوه‌ماندا ژیان پڕووكێنەرن و یەکمان بەویتر لە ناو دەبەن و مرۆڤایەتیمانیان ماندوو كردووه، چ بە شاردنەوەی ترووسكایی ڕاستی لەڕێی بەزۆر خۆسەپاندنیان و چ بە ناڕاستبوونی خۆیانەوه؛ تۆڕیكی ئاڵۆزی بیركردنەوه لە نێوانماندا پێك ده‌هێنن، چۆن بیانەوێت بە كارمان ده‌هێنن و ده‌مانجووڵێنن، ده‌توانن بمانكەن بە دۆستی گیانی بە گیانیی یەكتر و لە هەمانكاتدا ده‌توانن بمانكەن بە دوژمنی سەرسەختی یەكتر و یەكتریمان پێ لەناوبەرن.
زیاتر