گۆمە شڵەقاوەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یارییەکەی ئەردۆغان - ماکرۆن

  12/09/2020  |    2701 جار خوێندراوەتەوە
لە گەرمەی ململانێی وڵاتە زلهێزەکان لە گۆڕەپانێکی پڕ کێشە و گرفت بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر شەڕی وزە و دەستڕۆیشتووییە، ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش گەیشتووەتە لوتکە. ململانێی نێوان تورکیا و یۆنان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە ڕەنگە بەرەو پێکدادانێکی سنورداریش ببرێت، هاوکات فەرەنسا لە لیبیاوە چاوی بڕیوەتە لوبنان و عێراق و وڵاتانی ئەورووپیش هەوڵ دەدەن لە بەرامبەر پاوانخوازییە سەربازییەکانی تورکیا و ئەردۆغان هەڵوێستی خۆیان یەکبخەن.

ئەم هەموو خاڵە گرنگەش بێ گومان هاوکێشەیەکی نوێی هێز و دەستڕۆیشتوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت، هەر بۆیە واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕووسیا لەم کەلێنەی ئێستای نێوان وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی کەڵک وەرنەگرێت.

چەندین هەفتە دەبێت کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان ڕووی لە هەڵکشان کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ئەورووپی. تورکیا لە گەڵ قوبرس و لە لیبیاش کێشەی ناوەتەوە، ئەویش لە کاتێکدا کە وڵاتانی ئەورووپی لە بەرامبەر ئەم ملهوڕی و پاوانخوازییەی ئەردۆغان و ئەنکەرە خاوەن یەک هەڵوێست نین.

دۆخەکە بۆ تورکیا هێندە لەبار نییە، ئەم وڵاتە لەم هەموو گۆڕانکارییەدا تەنیا هاوپەیمانێکی بچووکی هەیە بە ناوی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی لە لیبیا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەشنێک هاوپەیمانی لە نێوان یۆنان، قوبرس، میسر و ئیسرائیل بە پاڵپشتی فەرەنسا دەبینرێت.

بە پێی ئەم پەراوێزکەوتنە سیاسییەی ئەردۆغان و قەیرانی دارایی تورکیا، هاوکێشەی هێز لە دەریای ناوەڕاست، بەم ڕۆڵە چالاکەی فەرەنسا، کۆدەنگی وڵاتانی ئەورووپی و بێدەنگی ڕووسیا و ئەمریکا بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات.

بە بۆچوونی ئەردۆغان، بەم بێ هەڵوێستییەی واشنتن و لە ڕێگای پەیوەندی نزیکەوە لە گەڵ دوناڵد ترەمپ، ئەنکەرە دەتوانێت ڕێکەوتنێک هاوشێوەی ڕێکەوتنەکەی ئاستانەی تایبەت بە سوریا بە هاوکاری ڤلادیمیر پوتین سەبارەت بە لیبیاش جێبەجێ بکات و بەم شێوازە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە یۆنان و قوبرس بباتە پێشەوە بەڵام هاتنەپێشەوەی میسر و پرۆژە ئابورییەکەی سیسی، خەونەکانی ئەردۆغانی بەتاڵ کرد، بەدەر لەمەش پاڵپشتی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانەی فەرەنسا لە یۆنان کێشەی زیاتری خستووەتە بەردەم سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیمانۆیل مەکرۆن ئەوەی پیشانداوە کە دەیەوێت ڕێگری لە سەرکێشییەکانی ئەردۆغان بکات، بە ڕادەیەک کە بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، سەردانەکەی ماکرۆن بۆ لوبنان و عێراق دەکەوێتە چوارچێوەی ململانێکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گومان لەوەدا نییە کە ئەم هاتنەپێشەوەی فەرەنسا بەرەو لوبنان و عێراق، پیشاندەری شەڕە بەردەوامەکەی وزە و سامانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە لایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە.

بەم هەلومەرجەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەتوانین بڵێین کە موڵەتی هەڵگیرسانی شەڕی تورکیا – یۆنان یان بەرەنگاربوونەوەی فەرەنسا – تورکیا و میسر – تورکیا دژوار دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم بەرەنگاربوونەوە و شەڕانە دەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنیان ئەستەم بێت و چارەنووسی ناوچەکە بەرەو هەڵدێری زیاتر ببات. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەردۆغان هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ دەدات و مەکرۆنیش پلانی گەڕانەوەی ڕۆڵی جارانی یەکێتی ئەورووپای هەیە. بێ گومان ئێرانیش لە ناوچەکە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تورکیا قسەی دەبێت و ئەمریکاش ڕێگری لەوە دەکات ئەورووپا پلەی یەکەمی هێز و دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەکە لە دەست بستێنێت.
زیاتر