حیزبی کوردی و مێگەلیزم

داستان بەرزان

نووسەر و چیرۆکنووس
  20/09/2020  |    1062 جار خوێندراوەتەوە
بە درێژایی مێژووی سیاسی کورد، دروستبوونی ھەر حیزبێک لەسەر بنەمای تۆپەڵە خەڵک و جەماعەت و عەشامات دروستبووە، کەمترین حیزبی کورد لەسەر بنەمای فیکر، بیرکردنەوەی جیاواز دروستبووە، ئەگەریش ھەبووبێت ھەر زوو دەستبەرداری زۆرینەی ئەفکارەکانی خۆی بووە و خۆی داوەتەوە دەست بیردنەوەی دەستەجەمعی، واتە لەو جێیەدا حیزب دوای خەڵک کەوتووە و خۆی سپاردۆتە بیرکردنەوەکانی، کە ئەمە گوزاشت لە نەبوونی بنەمایەکی بەھێزی فیکری دەکات لە ھەناوی حیزبی کوردیدا.

لە دونیادا حیزب ئاراستەی خەڵکی دەکات و دەستکاریی ڕوانینیان دەکات، لە دونیای سیاسی ئێمەدا بە پێچەوانە فیکریی سیاسی ھەر حیزبێک لەسەرەتادا ئەگەر ھەشبێت، پاش ماوەیەک خۆی لە دەست دەدات و دەکەوێتە تواندنەوەی خۆی لە بۆتەی مێگەلدا، بەجۆرێک بیرکردنەوەی سەرەتاکانی لەگەڵ بیرکردنەوەی دواتریدا ئاسمان و ڕێسمانیان نێوان دەبێت.

ھۆکاری ئەم کێشەیەش ڕەنگە ئەوە بێت ئەو کەسانەی لە دونیای کوردیدا دەبنە سەرکردە و ڕابەرایەتی گروپێک یان دەستەیەک یان حیزب و ڕێکخراوێک دەکەن خاوەن دونیا  بینی نین و ئامانجیان خۆگەورەکردن و دروستکردنی قەرەباڵغییە لە دەوری خۆیان، بۆ ئەمەش لە زۆر جێگەدا حیزبی کوردی پێچەوانەی ئەو بیرو بۆچوونانە چوڵاوەتەوە و بریاریداوە کە سەرەتا وەک باوەڕ بەیانی کردوون.

نمونەی ئەمانەش زۆرن لە مێژووی حیزبی کوردیدا و ھەر کەسێکمان دەتوانین چەندان ڕیز بکەین، بەڵام ئەوەی ئەمە دەکاتە کێشەی دیار و بەرچاو ئەوەیە ئەم نمونانە لە ناو ئەو حیزابانەدابن کە لەسەرەتادا خۆیان لەسەر بنەمای فیکر و جیھانبینی تایبەت بە خۆیان بەیان کردووە، دەنا ھیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە حیزبێک کە لەسەر بنەمای خێر، عەشیرەت، ناوچە... دروست بووبێت ھەرچی شتێکی نا لۆژیکی و نابەرپرسیارانە بکات، لەبەر ئەوەی ئەو چەشنە لە حیزب لە بنەمادا خۆی لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و فیکریی دروست نەبووە.

ئەوەی لە ناو حیزبە تاڕادەیەک مەدەنی و دیموکراسییەکاندا بە تایبەت لەپاش ڕاپەڕین بووە جۆرێک لە مۆدێل ھەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژووی قۆناغی شاخ بوو، بەبیانووی وتنی حەقیقەت و ڕاستییەکان، سیاسەتکارانی ئەم بەشەی کوردستان کەوتنە نووسینەوەی یاداشت و وتار و جۆری جیاوازی دیکەی نووسین، کە تێیاندا ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ دەکەوتنە لەکەدارکردنی یەکتر لە پێناو پاککردنەوەی خۆیاندا،

بڕۆن تەماشا بکەن کەمترین سیاسی کورد لە کتێبی یاداشتەکانی خۆیاندا دانیان بە لاوازی، دزێوی ناڕێکی خۆیاندا ناوە، بەڵام بۆ پەردە ھەڵماڵین لەسەر نھێنی و نادروستییەکانی یەکتر تاکو ئەوپەڕی ڕۆیشتوون و ئەمەشیان لای ھاوڵاتیان وەک حیکمەت و بوێری و ئازایەتی لێوەرگیراوە، بەڵام بابەتەکە لە ناوەڕۆکدا ئەوەیە، ئەوەی ئەو کردوویەتی ڕەنگە یەکێکی دیکە نەتوانێت یاخود نەیەوێت بیکات، وەک ئەو قەسابەی لە پێناو ئەوەی ناوبانگ دەربکات ئامادەبێت منداڵەکەی خۆی سەرببڕێت، ئەمەی سیاسی کوردیش لەم بەشەی کوردستان دەستی دایە ھەمان ڕەفتارە بە جۆرێکی دیکە.

ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە وێنەکە گەورەتر ببینین، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر ئەوانە بناسین کە ڕۆژانێک لە شاخەوە مژدەی ڕۆژێکی نوێیان دەدا ھەر بەراستی موژدەبەخش بوون، یاخود تەنیا بۆ مەبەستەکانی خۆیان تێدەکۆشان و وەکو ئەوەی کردیان ھەموو شتەکانی دیکەیان خستەلاوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان. چونکە وەک دەبینین ھەموویان لای خۆیانەوە خەریکن ئەویتریان تاوانبار و ناشیرین و دزێو نیشان دەدەن،

ئێمە ئەگەر بێت و قسەی ھەموویان وەک ڕاستی تەماشا بکەین، کەواتە ئەمانە باشیان زۆر کەم تێدا دەمێنێتەوە، بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش بڕۆن کتێبەکانیان لەسەر خۆیان و ئەزموونی و شاخ و ھاوسەنگەرەکانیان بخوێننەوە، تەماشای چاوپێکەوتن و دیدارەکانیان بکەن لە پاش ڕاپەڕین تا ئێستا، سەرکردەکانی کورد ئەو کاتەی لێدەر بچێت کە ھاوکوتلە و ھاوئاوازبوون، ئەویتری ژیانیان خراپ قسەیان لەسەر یەکتری کردووە.

ئێستاش کە زۆرینەی ئەو نەوەیەی شاخ چوونەتە تەمەنەوە و بەرەو ئەوە دەڕۆن کەنار بکەون، بەجۆشتر لە ھەوڵی شکاندنی یەکتردان و ئەوانەیان کە ھێشتا زیندوون ئەوانە دەشکێنن کە مردوون و ئەوانەش کە مردوون پێشتر کەمیان بە زیندووەکانی ئێستا نەکردووە، بەڵام ئەوەی مایەی لەسەر وەستانە ئەوەیە بۆچی لە کات و ساتی خۆییدا ئەم بابەتانە یەکلایی نەکراونەتەوە؟ بە بۆچوونی من لەم چەند شتە تێناپەڕێت (بوونی دەستەڵاتی زۆری ئەوانەی ئێستا مردوون و نەوێرانی ئەوانەی زیندوون یان ڕاستی قسەکانی ئەوانەی مردوون و نەبوونی بەڵگە و داتا لە بەردەست ئەوانەی ئێستا زیندوون تابتوانن قسەکانیان پشتڕاست بکەنەوە).

لە ھەموو بارێکدا ئێمە دەبێت بڕوابکەین کە ئێستا قۆناغی پاش شۆڕشە (ئەگەر شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوونی ھەبووبێت) ئەم قۆناغەش ھیچ کام لەو شەڕانەی کە ئەمڕۆ دەکرێن بە دەردی ناخوات، مرۆڤی پاش شۆڕش بۆی گرنگ نییە دوای ٣٠ ساڵ بزانێت فڵانە سیاسی کاتی خۆی پلانی چیبووە لە بەرامبەر فڵانە ڕووداودا، ھێندەی بۆی گرنگە ژیانی زامن بێت و مافەکانی ئەزموون بکات، نەوەی پاش شۆڕش شۆڕشی وەرگرت تێگەیشت، بەڵێ ئەوەی کردتان شۆڕش بوو، ئەی دوای ئەوە چی؟ 

خودی ئەوەی سەرکردە و سیاسییەکانی کورد دەیانەوێت ئەم نەوەیەی پاش شۆڕش بەم بابەتانەوە سەقاڵ بکەن، مەبەستیانە ماف و داواکانی خۆیانیان بیربەرنەوە، ھاوکات سەرنجی خەڵکیش بەلای خۆیان ڕابکێشن، چونکە دڵنیان لە مێژە سەرنجیان لەسەر نەماوە! ئەمەش کە دەبینن لە ئێستادا خەڵکی خەونی نەوەی نوێی سیاسەتە، ئەو نەوەیەی پاش شۆڕش ھاتوون و جومگەکانی دەسەلاتی سیاسیان گرتۆتە دەست، خەڵکی ئەوەی ویستی کردی، ئەوانەی پێشوویان کەنارخست، ئێستا چیتر سەردەمی ئەوانە نەماوە بە باشی و خراپییەکانیانەوە کە بەداخەوە خراپییان زۆرترە،

ئێستا ئیتر سەردەمێکی نوێنە لە سیاسەتکردنێکی سەردەمیانە، سیاسەتێک کە پێکەوە خزمەتی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی بکات، تەنانەت خودی ئەوەی ناوی باوەڕیشە لە ئێستادا فۆڕمێکی دیکەی وەرگرتووە، چیتر ئەوە نییە خەڵکی خۆی بدات بە کوشت لە پێناو وشەیەکی نیشتماندا، چونکە ئەوەتا نیشتیمان لەدەستی خۆدایە، ئەوەی ئێستا خەڵکی ئامادەیە خۆی بۆ بدات بە کوشت مافە مەدەنی و ماددییەکانییەتی کە تا ئێستاش لەلایەن نەوەی شاخەوە موزایەدەی پێوەدەکرێت.

 بۆیە پێویستە نەوەی نوێی سیاسەت بە ڕێگایەکی دیکە بکات و ئەو مافانەی خەڵکی بگەڕێننەوە و مۆدێلێکی دیکە لە سیاسەت پیادەبکەن کە لە بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی دەربازی بێت و ببێتە دەنگ و ڕەنگی خەڵک، کە من وایدەبینم ھەر سیاسییەک لەوانەی ئێستا گەنجن و خەڵکی متمانەی پێیانە توانی ئەوە بکات، زامنی داھاتووی گەشی خۆی دەکات و بە کردار دەبێتە ھاوخەم و ھاوسۆزی خەڵکی.

گرنگترین شتیش ئەوەیە نەوەی نوێی سیاسەت خۆیان بەم شەڕانەوە سەرقاڵ نەکەن کە نەوەی پێشووی سیاسەت لەم ھەرێمەدا لە پاش ڕاپەڕینەوە کاریان لەسەر کردووە، بەپێچەوانەوە زۆرینەی ئەوانەی ئەوان پیادەیان کرد، ئەمان ئاڕاستەی دیکەی بدەنێ و لە ڕەھەندی دیکەوە بیخوێننەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە دڵنیابن زۆرینەی ئەوەی ئەوان لە پاش ڕاپەڕینەوە گرتیانەبەر ڕێگە ڕاستەکە نەبوو، بوونی ئەو ھەموو ناڕەیەزایەتییەش لە بەرەبەیانەکانی ڕاپەڕینەوە تا گەیشتە خۆپیشاندانە گەورەکان و کوشتنی خەڵکی لەسەر داواکردنی مافەکانی خۆی نیشاندەری ئەو ڕاستییەن.

زیاتر