بۆچی ژانـڕاڵ عەزیز ئـاکرەیی لە ساڵی ١٩٧٣ ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولێی جێهێشت و خۆی ڕادەستی ڕژێمی ئێڕاقێ کرد!

کرمانج گوندی

پڕۆفیسۆر لە زانستگەی ستانی تێنێسی - ئەمریکا
  05/10/2020  |    493 جار خوێندراوەتەوە

عەزیز ئاکرەیی، ناسراو بە موقەددەم عەزیز، لە ساڵی ١٩٢٤ لە دایك بوو. دوای خوێندنی ئامادەیی، لە ساڵی ١٩٤٣، لە کولیەی سەربازیی و دوای تەواو کردنی کولیە، وەکی ئەفسەرێکی ژێهاتیی لە سوپای ئێڕاقێ کاری کرد. لە ساڵێ ١٩٥٤ لە کولیەی ئەرکان وەردەگیرێ. جگە لە تەواو کردنی کولیەی ئەرکان، ئاکرەیی لە ئێکیەتیی سوڤیەت و ئینگلستانێ چەند دەورەیێکی باڵای سەربازیی جۆراوجۆری بینی بوو.

ژانڕال عەزیز لە ساڵێ ١٩٦٢، پێوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولێ کە لەلایەن میللەت هێمای شۆڕشێکی نیشتیمانیی هەبوو کرد. لە دوای جیابوونەوەی باڵی بیرۆی سیاسیی لە ساڵی ١٩٦٤، ئاکرەیی دەبێتە ئەندامی بیرۆی سیاسیی پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك) و تا ساڵی ١٩٧٣ لەو پۆستەی دەمێنێتەوە. لەو ماوە، عەزیز ئاکرەیی وەکی چەهرەکی سیاسیی شارەزا و فەرماندەیێکی سەربازیی لێوەشاوە ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی لە شۆڕش هەبوو. عەزیز کەسێتییەکی خاکیی و مرۆڤدۆستیی هەبوو. لەبەرهەندێ، لەلایەن پێشمەرگە و خەڵك ڕێزی لێدەگیرا و خۆشەویست بوو.

لە ساڵی ١٩٧٣، لە ناکاوێك دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە عەزیز ئاکرەیی ڕێزەکانی شۆڕشی جێهێشتیە و خۆی ڕادەستی ڕژێمی ئێراقێ کردیە. ئیدی ماکینەکانی ڕاگەیاندی پدك لەهەموو لایێك ڕا هێرشگەلی ناشرینیان دەکردە سەری و بەمرۆڤێکی بەزیی و خۆفرۆش ناوزڕیان دەکرد. هەڵبەت لەبەرامبەر هێرشەکانی پدك، بڕێك لە ڕاستیی ئەو داستانەی کە ببوە هۆی ئەوەی عەزیز ئاکرەیی کارێکی ئاوهایی بکا لەناو خەڵك بڵاو بۆوە.

داستانەکە ئەوها بوو کە ژانڕاڵ عەزیز لە شوێنێك دەبی کە لەو کاتە زوبێری مەحموود ئاغای زێباریی، خاڵی مەسعوود بارزانیی، دەچیتە وێندەرێ. عەزیز ئاکرەیی لەبەر زوبێر هەڵناستێ، بەخێرهانتی ناکا، و هیچ بایەخیشی پێنەدابوو. دیارە هۆکاری ئەو ڕەفتارەی ئاکرەیی ئەوە بوو کە زوبێر ئەگەرچی خاڵی مەسعوود بارزابیی بوو، بەڵام کابرایێکی جاش بوو. لە زەمانی جاشایەتیشی ڕەفتارگەلێکی خراپی لەگەڵ ئاکرێ و ئاکرەییەکان کردبوو. وەلێ هۆکاری ئەوەی کە عەزیز بایەخی بە زوبێر نەدا بوو، زێتر جاشایەتییەکەی زوبێر بوو.

لەو ڕۆژانەی ڕابردی، بیرەوەرییەکانی کاك میر ئاکرەییم خیندەوە کە سەرگوزەشتەی ئەو کاتەی خۆیتی کە لە ئێرانێ بوە. لە دیدارێکی لەگەڵ ژانڕاڵ عەزیز ئەو بابەتە باس دەکا. عەزیز بۆ میر دەڵێ، ئەو ڕۆژە لە ئاکرێ دەچێتە پرسەی دۆستێکی خۆی؛ لەو وەختە زوبێریش دەچێتە وێندەرێ کە ئەویش وەك لەسەرێ ئاماژەی پێکرا، هیچ بایەخ بە زوبێر نادا.

بە گوێرەی بیرەوەرییەکانی میر ئاکرەیی، دوای چەند ڕۆژێك، مەسعوود بارزانیی هەواڵ بۆ عەزیز ئاکرەیی دەنێری کە بە زووترین کات بچێتە لای ــــ کە عەزیز دەچێتە لای مەسعوود سەلام دەکا وەلێ مەسعوود وەرامی سەلامی عەزیز ناداتەوە و ئێكسەر هێرشی توند دەکاتە سەر عەزیز ئاکرەیی کە چۆن لەبەر زوبێری خاڵی هەڵنەستاوە. زۆر جنێو و قسەی ناشرین بە عەزیز دەڵێ و تەنانەت (ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو)، میر هێما بەوە دەکا کە عەزیز پێی گۆتیە جودا لە جنێو و قسەگەلی ناشرین، مەسعوود بارزانیی، وەك هەڕەشە، دەمانچەی لە عەزیز هەڵکێشاوە.

لەوێ عەزیز ئاکرەیی بە مەسعوود دەڵێ کە کاری وی لەگەڵ وان تەواو بوو. بە مەسعوود دەلێ تۆ چلۆن لەسەر جاشێکی خیانەتکار ئاوها ڕەفتار لەگەڵ من دەکەی؟ ئیدی دوای ئەو ڕەفتارە ناماقوول و عەشایەرییەی مەسعوود، عەزیز ئاکرەیی ناتوانێ چیدی لە کوردستانێ بمێنێتەوە و بە ناچاریی خۆی ڕادەستی ڕژێمی ئێراقێ دەکا.

لێرەکانێ گەرەکە بگۆرتێ کە ئەو بنەماڵە، ئەو کاتیش، هەموو شتێکیان، تەنانەت ڕەفتاریشیان لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوولێش، بە پێوەری زهنیەتی عەشایەریی نرخاندیە. دەنا مەسعوود بارزانیێك کە باوەڕنامەی شەشی سەرەتایی هەبووبێ، چۆن دەتوانێ لە گرینگیی عەزیز ئاکرەیی و عەزیز ئاساکان بۆ شۆرش تێبگا.

مەسعوودێکی ئەو کات موراهیق کە تەنێ لەبەر ئەوەی کوڕی ژانڕاڵ بارزانیی بوو، ببوە ئەندامی بیرۆی سیاسیی پدك ئاوها ڕەفتار لەگەڵ عەیز ئاکرەیی بکا. لەوەش وێوەتر، عەزیز ئاکرەییش ئەندامی بیرۆی سیاسیی پدك بوو. لەو حالەتە، مەکانەی حیزبیی مەسعوود بارزانیی لەهی عەزیز ئاکرەیی زێتر نەبوو، نەك هەر ئەوەش، بەڵکو عەزیز ژانڕالێکی سوپای ئێراقێ بوو کە دەورەی مارشاڵی (ئەرکان) دیتبوو کەچی مەسعوود بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ عەزیز، مرۆڤێکی نەخوێندەوار بوو.

لەبەرهەندێ، ئەگەر بە پێوەری سیاسەت با، مەسعوود نەیدەتوانی نەك هەر لەگەڵ عەزیز ئاکرەیی، بەڵکو لەگەڵ هیچ کاربەدەستێکی شۆڕش لە ئاستێکی وەها نزم ڕەفتار بکا. وەلێ کە ئەوها ڕەفتاری کردیە، نیشانی داوە کە هەر کەسێك (تەنانەت ئەندامی بیرۆی سیاسیش) ئەگەر کارێك بکا کە لە ڕەزای بنەماڵە نەبێ، هەر چەند لێوەشاوە و دڵسۆزیی میللەتیش بێ، جێگەی لە کوردستانێ نابێتەوە.

شایانی وەببیرهینانەوەیە کە ساڵێك پێشتر، لە هاوینی ١٩٧٢، بارەگای بارزانیی، فاخیری حەمەد ئاغای مێرگەسۆرێ، سەعیدی حەمەد ئاغا مێرگەسۆرێ کە برای فاخیر بوو، و لاوکۆ کە لەلای فاخیر پێشمەرگە بوو کوشت. ئەو شەوەی کە فاخیروانیان کوشت، مەسعوود بارزانیی خۆی چوو بوە بەندیخانەی ڕایەتێ و پیاوکوژەکەی خۆشی لەگەڵ خۆی برد بوو.

گەرەکە ئەوەش بگوترێ کە فاخیریش ئەندامێکی باڵای سەرکردایەتیی پدك بوو کە بە بڕیاری بنەماڵە کوژران. لە ساڵێ ١٩٧٥ کە هەرەسیان بە شۆڕش هێنا، خودی حەمەد ئاغای مێرگەسۆرێ و خانەوادەکەی ویان قەتلوعام کرد. ئەو بنەماڵە، ئەوها ڕێبەرایەتیی شۆڕشی ئەیلوولێیان کرد!

ــــ دروودی پاکژیی کوردستانێ بۆ ڕەوانی ژانڕاڵ ئاکرەیی، فاخیر، سەعید، لاوکۆ، و تەواوی ئەوانەی لەلایەن ئەو بنەماڵە کوژران، یان بە جۆرێکی تر غەدریان لێکرا و بێئومێدانە سەریان نایەوە.

ــــ دروود بۆ ڕوانگەلی پاکی یەکایەکی شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاریی کوردستانی دایك لە تەواوی بەشەکانی مەملەکەت.

زیاتر