خەڵک و دەنگدەری کوردستان هیچ متمانەیەکی بە پڕۆسەی سیاسی نەماوە

زیاد جەبار

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
  05/10/2020  |    543 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێزان - سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

جێگرێ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم

وەزیرانی ئامادەبوو لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان

سڵاوێکی گەرم

بەڕێزان

سەرەتا بە داوای لێبوردنەوە نەمتوانی لەکۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبم، بەھۆی ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە توشی پەتای کورۆنا (covid19) بووم ،تا کۆتایی کۆبونەوە و وتار و پرسیارەکانم بینی، گشت ئەو پرسیارانەش کەلەلامان بوو ،لەلایەن ھاوڕێکانم لە فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە ئاڕاستەی بەڕێزتان کرا .

ھیوام وایە بۆ قۆناغی داھاتوو بۆ گشت پرسەکان ،بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئیدی لەسەر داوای پەرلەمان بێت یاخود داوای بەڕێزتان و ئەنجومەنی وەزیران ، لە پەرلەمان ئامادە بن، چونکە ئامادەبونەکە لە چەندین لاوە سود بە پەرلەمان و حکومەت دەگەیەنێت وەک دووپایەی گرنگی حوکم ڕانی لە ھەرێمی کوردستان ، بە پێچەوانەشەوە ھەر بەھەند وەرنەگرتنێکی پێگەی پەرلەمان یاخود حکومەت، بە یەک ڕێژە زیان بە گشت لایەکمان دەگەیەنێت زیاتر متمانەی ھاوڵاتیان لەدەست دەدەین .

بەڕێزان

ئاشکرایە پرۆسەی سیاسی لەھەر وڵاتێک، پێکدێت لە بەشداری کردنی کارای دامەزراوەکانی حکومڕانی و گشت ھێزە سیاسیەکان بەبەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بەو پێیەی بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن جێگیر نیە و ڕەنگە لەدوای خولێك ھێزێک لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بچێتە بەرەی دەسەڵات یان بە پێچەوانەوە، بۆیە ئێستا ئێمە بە ئۆپۆزسێۆن و دەسەڵات، بەرپرسیارین بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ئارادایە، ھەروەھا ھەر پێشھات و ئەگەرێک کە لەداھاتودا ڕووبەڕومان ببێتەوە .

بڕوای تەواوم بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ھەیە لە ناو گشت دەسەڵاتەکانی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بێدەسەڵات کردن و لاوازکردنی ھەردەسەڵاتێک لە دەسەڵاتەکانی، جێ بەجێ کردن، یاسادانان، دادوەری ، سەرەنجام زیان بەدەسەڵاتەکانی تر دەگەیەنێت، بۆیە دەبینین بەھۆی ئەو دۆخە بابەتییەی لە ئارادایە بەھۆی قەیرانی دارایی  و تەندروستیەوە، زۆرینەی ڕەخنەکان لەسەر پەرلەمان و حکومەتە، بەتایبەتی پەرلەمان کە بەدەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک ھەڵبژێردراوە .

دەمەوێت لەم پەیامە بۆ بەڕێزتان، ئاماژە بەخاڵێکی گرنگ بکەم کە ئاشکرایە لای ھەموومان، بەڵام بەداخەوە وەک تێبینی دەکەم نە پەرلەمان و نە حکومەت بەتایبەتی لەبەرچاویان نەگرتوە، ئەوەش ھەرەسی متمانەی خەڵکە بە پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی .

بەپێی گشت داتاکان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی تانەو سکاڵاکان، لەھەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٨) تەنھا لە (٪‏٥٠)ی خەڵکی کوردستان بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردنی کردوە، ئەو دەنگانەش دابەش بووە بەسەر لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەمانایەکی دیکە، نیوەی خەڵک و دەنگدەری کوردستان ھیچ متمانەیەکی بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، بۆیە دەنگی نەبەلایەنەکانی پێشوی دەسەڵات، نە بە ئۆپۆزسیۆن، نەداوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بەتایبەت لەسایەی ئەو ڕەوتە پۆپۆلیستی و فریودەرەی لە عێراق لە ئارادایە، ئەمەش مەترسی ڕاستەقینەیە بۆ ئاییندە .

بەڕێزان

ئێمە ئومێدەوار بووین لەم کابینەیە، لەم خولەی پەرلەمان، متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانی خۆمان، بەپێویستی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەین، بەڵام بەداخەوە بەھۆکاری بابەتی و خودی، متمانە تا دێت لای خەڵک کەمتر بۆ تەوە بەتایبەتی بە دامەزراوەی پەرلەمان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە لەدەستدانی متمانەی خەڵک بەتەواوی پرۆسەی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان .

ئێمە تێدەگەین لەوەی دۆخێکی تەندروستی قورس ھەیە، قەیرانی داریی بەرۆکی گرتوین، بەڵام لەھەمان کاتدا ھەندێک ھەنگاو ڕەنگە پێویستی بە تێچویی دارایی نەبێت و ببێتە ھۆی پەیداکردنەوەی متمانە لەلای خەڵک، ئەویش بە پەیڕەوکردنی شەفافیەت لەنێوان حکومەت و پەرلەمان و لە ڕێی ھەردووکیشیان بەرامبەر بە خەڵک، ھەروەھا خێراترکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی بە شێوەیەک لە خزمەتی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بێت .

ھەروەھا ھەماھەنگی لەنێوان پەرلەمان و حکومەت کە ئەویش بە پێویستی ڕێزگرتنی حکومەت دێت لەپەرلەمانی کوردستان، چونکە ئەگەر ئێمە پێکەوە پرۆسەی حوکمڕانی و سیاسی تەواو نەکەین و حکومەت ڕێز لەپەرلەمان نەگرێت، ئەوا نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە خەڵک ڕێز لە پرۆسەی سیاسی  و تەواوی دامەزراوەکان بگرێت .

بۆیە داواکارم لە بەڕێزتان، لەو ماوەیەی لە کابینەکەتان ماوە، ھەماھەنگ و ھاوکار بن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لە لایەک بۆ گێڕانەوەی ڕێز و شکۆ و متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی، لەلایەکی دیکەش بۆ پتەوتر کردنی گیانی کوردستان پەروەری و ھەستی پێویستی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر بەغدا و بۆ لەبەین نەبردنی قەوارەکەو سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی سەرەتای خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، ئەوەش ئۆباڵێکی ھێند سەختە کەنە ئێمەو دڵنیاشم نە ئێوە ناتانەوێ بکەوێتە ئەستۆمان و لەمێژوو وەک ھۆکاری لەدەستدانی ئەم قەوارەیە ناومان تۆمار بکرێت .


زیاتر