کام خییانەت،چۆن کاڵ فامیەک و کێ ملهوڕە؟ فەرموو کاک ئومێد دەست پێشخەری بکە!

زیاد جەبار

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
  16/10/2020  |    3946 جار خوێندراوەتەوە

ومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان،نوسینێکی بڵاوکردۆتەوە لەبارەی ڕوداوەکانی ۱٦ئۆکتۆبەر و جڵەوی زمان و فامە کەمەکەی خۆی بەرداوەو خۆی و حیزبەکەی وەک سەرمەشقی کوردایەتی پیشان دەدات، وەک ئەوەی کورد ئاگای لە مێژووی حیزبەکەی نەبێ کە پڕە لە ناپاکی!

چۆن کاڵفامییەک!

بەر لەهەموو شتێک ،سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە مەڕ ڕووداوەکانی۱٦ی ئۆکتۆبەر زۆرڕون و ئاشکرایە بەر لە کۆنگرە و ئێستاش داوا دەکەین لیژنەیەکی سەربەخۆ دروست بکرێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر و پێشینەی ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکانی بکات.

هەروەک ئاشکرایە ، ۱٦ی ئکتۆبەر، دەرئەنجامی کورتبینی سەرکردایەتی کوردستانە لە پێشیانەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتەکان و سەپاندنی ڕیفراندۆمێک بەبێ ئامادەکاری و هۆشداری!

خۆ ئەگەر کەسێک پێویستبێ، بەرپرسیارێتی خۆی لە ۱٦ی ئۆکتۆبەر هەڵبگرێت بێ دوودڵی، بارزانییە! کە دەیوت: (هێند حساب بۆ هیچ کەس ناکەین، چەند دەوڵەت لەپشتمانە،دواتر خۆ ناچەمێنین)،بەڵام شکا نەک چەما لەگەڵ خۆشی سەد ساڵ خەونی کوردی بدەردە دواوە.

کام خیانەت!

ئومێد خۆشناو گروپێک بەرپرسانی حیزبەکەی، وەک قیڕەی قاز، ڕستە سواوەکان دەڵێنەوە، وا باسی خیانەت دەکەن کە حیزبەکەیان خاوەن مێژوویەکی زۆر پاکژ و پەرێز پاک بێت و سەرکردەکانی حیزبەکەی لە نمونە و لە نەسڵی شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکان بن.

فەرمون بەڵگەیەک ئەگەر بچوکیش بێت لەسەر ئەو خیانەتە بهێننەوە، بەڵگەیەک وەک وێنەکانی پاڵ سەدام حسێن لە ۳۱ی ئاب، یان بروسکەکانی ڕۆژنامەکانی بەعس بۆ ئەو پەڵە شەرمەزارییە!

فەرموو بەڵگەیەک بێنەرەوە کە یەکێتی خیانەتی کردوە، وەک بەڵگەو گرتە ڤیدیۆییەکانی پێشکەوتنتان بۆ سەرکوت کوردانی ڕۆژهەڵات، لە هەشتاکاندا.

وەک بەڵگەکانی تەسلیمکردنەوەی شۆڕشگێڕان بە ئێران و تورکیا.

شەنگال تەسلیمی داعش کرا، کێ کردی، چۆن کرا ئەوەش یەکێتی بوو؟

کەرکوک ، کێ سەرەتا چۆڵی کرد، یەکێتی یا هێزەکانی ئێوە؟

کێ شەهیدی دا لە کەرکوک بۆ بەرگرتن لە حەشدی شەعبی، ئێمە بووین یان ژەنەڕاڵە هەڵاتوەکانی ئێوە؟

زومار و ڕەبیعە و کوێ و کوێ، بە چاوتروکاندنێ تەسلیمی داعش کرا، دواتریش تەسلیمی عێراق،ئەوەش یەکێتی بوو؟

دوای ئازادکردنی شەنگال هەر دوێنێ مۆرێکی تری کلکایەتیتان وەرگرتوو شەنگالتان تەسلیمی عێراق کردەوە، تەنها بۆئەوەی هێزی کوردی لەو شارە دەربکەن،ئەمەیە نیشتیمان پەروەری تۆ و حیزبەکەت؟؟!

کێ ملهوڕە؟

سەیرە ئومێد خۆشناو بتوانێ چەمکی ملهوڕی بەکاربهێنێ،لەکاتێکدا دەوڵەت نەما لە ناوچەکە، حیزبەکەی ملەکەچ و ملهوڕی نەبێت!

پێش بەعس کەوتن!
پێش ئێران کەوتن بۆ سەرکوتکردنی کورد!
پێش تورکیا کەوتن بۆ لێدانی کورد!

ئێستەش هێندەی بارەگای لقەکانتان، بارەگای میت و سەربازی تورک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتەکەتدایە، ئەمەیە سەربەرزی و شەرەفمەندی حیزبەکەت؟؟!

کاک ئومێد

بەڵێ، خیانەت ئەوپەڕی بێڕەوشتیە لە سیاسەتدا،داماڵینە لە مۆڕاڵ و نیشتیمان پەروەری دورکەوتنەوەیە لە هەموو بەهایەک، بۆیە داوات لێدەکەم لەمەشدا شمشێری شۆڕشگێڕیت هەڵکێشەو دەستپێشخەربە، تۆ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و منیش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیم، با پێکەوە پرۆژە یاسایەک پێشکەش بکەین بۆ شەرمەزارکردنی خییانەت ، دادگایی کردنی خییانەت کاران، بەڵام بیرت بێت ، کە ناوی خییانەت هات، ئێستاش گرتە ڤیدیۆی و وێنەکانی سەردەمی ۳۱ی ئاب و پێش کەوتنتان بۆ تانکەکانی بەعس ھەیەو بەردەستە، هێشتا بەڵگەکان ماون تانکی بەعستان هێنایە ئەو باڵە خانەیەی کە ئێستا من و تۆ تێیادا پەرلەمانتارین لەوێشەوە دەست بەبنەبڕکردنی خییانەت لە ناو کورددا دەکەین!

کەماڵت لەرزۆک وەک تۆڕی لۆکز بوو باشترە نەک بەرد وردەلمیش نەگریتە شورای بڵندی خەڵک، ئەگەر چی دەزانین مرۆڤێک و حیزبێک، شانازی بە خییانەتی ۳۱ی ئابەوە بکات، دوو دڵنەبێت لە تەسلیم کردنی شەنگال، هەموو شتێکی لێدەوەشێتەوە.

زیاتر