وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی توانای خۆیەوە دەستی بەبەرهەمهێنان كرد و بوەش كۆی بەرهەمی كارەبا لە هەرێم گەیشتە سەروی سێ هەزار و 400 میگاوات كارەبا. 
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            بەگوێری راگەیەندراوێكی لیژنەی سەرپەرشتیاری وێستگەی 300 مگاوات كارەبای هەڵمی خەبان، ئێوارەی ئەمڕۆ كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی ئیشپێكرد و بەسەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت. 
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوە كردوە، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بەهاوڵاتیان. 
لەو سەردانەیدا وەزیری كارەبا داوای لە سەرپەرشتیاری پرۆژەكە كرد بەهاوكاری هەموو لایەن پارێزگاری لەو دەستكەوتە بكەن و كارەبای پێویست بدەنە هاوڵاتیان. 
وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی جیاوازە لەوێستگەكانی دیكەی كارەبا و بەیەكێك لەپرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان دادەنرێت ، كە بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كوردستان بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.