لەپێشانگای كشتوكاڵی پاریس بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نمایش دەكرێت، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش دەڵێت، كۆماری فەڕەنسا دەرگای هاوكاریان بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ بۆ هەرێمی كوردستان كردۆتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 30/7/2020، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازیكرد لە ئۆلیڤیێ دیكوتینیێ، كونسوڵی گشتی كۆماری فەڕەنسا لەهەرێم.
دوای بەخێرهاتنی كونسوڵی فەڕەنسا لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئۆلیڤیێ دیكوتینیێ، تیشكی خستەسەر سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیكردن بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری .
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر گرنگیدان بە پیشەسازی، بەتایبەت دروستكردنی كارگەی لە قتونانی بەرهەمی جوتیاران و بەبازاڕكردن .
هەروەها باس لە گرنگیدان بە كوالێتی بەرهەمەكان و پۆڵێنكردنی ناوچەكان بۆ فرەچەشنكردنی بەرهەم بەئامێری كشتوكاڵی پێشكەوتوو بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان .
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە، بەشداریكردنی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە پێشەنگای كشتوكاڵی لە پاریس بۆ ساڵی 2021، گفتوگۆی لەسەركرا كە یەكەمجارە هەرێمێك بەشداری پێدەكەن لە پێشەنگای كشتوكاڵی وڵاتی فەڕەنسا .
دروستكردنی خانووی شوشەیی بۆ بەرهەمهێنان لە هەموو وەرزەكانی ساڵ و زیادكردنی هەماهەنگی لەنێوان كۆمپانیاكانی هەردوولا بۆسەرخستنی پلانەكان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە .
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە لەدوای پشووی جەژنی پیرۆزی قوربان هەنگاوەكان دەستپێدەكرێن بۆ هەماهەنگی و سوودبینین لە بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی فەڕەنسا، لەلایەكی تریش نەخشەی بەرهەم بە گوێرەی ناوچەكان كە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامادەیكردووە، پێشكەش بە كونسوڵخانەی فەڕەنسا دەكرێت بۆ ئەوەی هەوڵەكان یەك بخرێن لەپێناو بەرەوپێشبردن و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانی خۆماڵی .
لە كۆتای كۆبوونەوەكەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاس و پێزانی بۆ ئەم هەنگاوەی كۆماری فەڕەنسا راگەیاند كە دەرگای هاوكاریان بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ كردۆتەوە، جەختیش كردەوە كە درێغی ناكەن لە بەكارهێنانی نوێترین زانیاری و تەكنەلۆژیای سەردەم لە بواری كشتوكاڵی لە چوارچێوەی تواناكان.