نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

  2020-08-01  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەخۆشخانەی رزگاری رایدەگەیەنێت هیچ كێشەیەكی نەمانی ئۆكسجینیان نیە، باس لە وەش دەكات كە لایەنێكی سیاسی چەند بوتڵێكی ئۆكسجینیان بردووەتە نەخۆشخانەكە.

نەخۆشخانەی رزگاری لەبارەی نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكەیان روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: دوێنێ شەو وا پیشاندرا گوایە ئۆكسجین نەماوە هەرچەندە ڕامانگەیاند ئەم هەواڵە دوورە لەراستیەوە هەروەها ئەمرۆ چەند بوتڵێكی ئۆكسجین بەناوی لایەنێكی سیاسی هێنرابووە نەخۆشخانە كەهەرچەندە لەكاتی ئێستادا بڕی تەواو هەیە بەیەدەگەوە. 

ئەو نەخۆشخانەیە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رەتیكردووەتەوە هیچ كێشەیەكی ئۆكسجین هەبێت و دەڵێت "هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوامین لە خزمەتكردنی نەخۆشان و داوادەكەین لێبگەرێن خزمەتگوزاری چارسەری بەرێگای راست و زانستی خۆیدا بروات" .

ئەوەش دوای ئەوەهات كە دەنگۆی نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری كە تایبەتە بە نەخۆشانی كۆرۆنا لە هەولێر لە شەوی رابردوو بڵاوكرایەوە، بەڵام نەخۆشخانەكە رەتیكردەوە و ئەمڕۆش نەوەی نوێ 49 بوتڵی ئۆكسجینی بۆ نەخۆشخانەكە دابینكرد، بەڵام رایگەیاند نەخۆشخانەكە ئامادە نەبوون لێمان وەربگرن. 



ڕیکلام