ئەندامێکى سەرکردایەتی یەکێتیی لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە ڕزگاری بوو

  2020-08-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکى سەرکردایەتی یەکێتیی دواى ئەوەى بەمەبەستى چارەسەرکردنى گرژیەکانى نێوان کورد و عەرەبە هاوردەکان بەرەو قەزاى داقووق بەڕێ کەوت، هەوڵى کوشتنى درا.

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ یەک شەمە 2ى ئابى 2020، عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هێزەکانی عێراق خێوەتیان لە چەند گوندێکی سنووری قەزای داقووق و خورماتوو هەڵدا و بە نیازی داگیرکردنی زەوی کوردنیشینەکانی ناوچەکە بوون .

مەلا کەریم شکور، ئەندامى سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە بەرەو قەزای داقووق و خورماتوو بەڕێکەوت .

بەڵام لە ڕێگای نێوان (کەرکووک - خورماتوو) کەوتنە بازگەیەکی عەرەبە عەشایەر و هاوردەکانەوە، کاتێک دەزانن بەرپرسێکی کوردە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردنیشینەکان دەڕوات هەوڵی کوشتنی ناوبراو دەدەن، خۆشبەختانە رزگارى دەبێت و تەنها زیان بەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.