سەرچاوەیەک: شاندێکی بیانی سەردانی قەندیلی کرد

  2020-08-02  | 
دهۆک
ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە بەرزاییەکانی قەندیل
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندێکی بیانی سەردانی قەندیلی کرد.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، لەبەیانی ئەمڕۆوە زیاتر لە ١٠ فڕۆکەی ئەمریکی  لە فڕۆکەخانەی هەریر و فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هەڵفڕیون و بەسەر ئاسمانی دەڤەری بیتوێن و قەندیل و دۆڵی باڵەیاندا سوڕاونەتەوە.

سەرچاوەیەک لە بناری قەندیل بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، سوڕانەوەی فرۆکەکان لە ئاسمانی قەندیل پەیوەندی بە هاتنی شاندێکی بیانییەوە هەیە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی٨ی٢٠٢٠، سەردانی قەندیلی کردووە.

ئەگەرچی ئەو سەرچاوەیە هیچ ئاماژەیەیکی بەوەنەکرد کە شاندەکە ئەمریکین یاخود سەربە وڵاتێکی دیکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، ئەمڕۆ جموجوڵێکی ئەمنی چڕ لە سنوری چیای قەندیل هەستی پێکراوە و گومانی ئەوە هەیە کە شاندێکی ئەمریکی سەردانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کردبێت .

بەوتەی چەند شایەتحاڵێک، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی بەئاسمانی چیای قەندیلدا سوڕاونەتەوە و خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتییش هەستیان بە جومجوڵێکی ئەمنی چڕکردووە لە سنورەکە.

خەڵکی باڵەکایەتی دەڵێن، ژمارەیەك فڕۆكە بە نزمی بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە، پێیانوایە فڕۆكەی ئەمریكن و بۆ پارێزگاری لە تیمەكەیان ئەو جوڵە سەربازیانە دەكەن .

تۆڕی هەواڵی ژیان ناتوانێت لەئێستادا ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکاتەوە کە لەبەردەستدان، چونکە تاوەکو ئێستا، نە پەكەكە و نە بەرپرسانی ئەمریكاش هیچ لیدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.



ڕیکلام