گەرمیان.. دووبرا کوژران و بکوژەکەش خۆی رادەستی پۆلیس کرد

  2020-08-03  | 
گەرمیان
 هێمن میروەیس
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە قەزای کفری دووبرا پێکەوە کوژراون و بکوژەکەش خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.

علی جمال قدووری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بەتۆڕی (ھەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، ئەمشەو لەقەزای کفری لەپێش دەرگای ماڵی خۆیان دوو برا بەناوەکانی (هیوا جەمال فەرەج ) لەدایکبووی 1983 پێشە پێشمەرگە و (سامان جەمال فەرەج ) پیشە پۆلیسی فریاکەوتن، بەفیشەک کوژران .

ئاماژەی بەوەشکرد، بەوتەی کەسوکاری ئەو دووبرایە، یەکێک لەکوژراوەکان چەند ڕۆژێکە لەگەڵ ماڵی خەزوری کێشەی هەبووە و ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی٨ی٢٠٢٠، برایەکی خێزانەکەی هاتووەتەپێش دەرگای ماڵی زاواکەی و بەفیشەک زاواکەی و برایەکی زاواکەی پێکەوە کوشتووە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، بکوژەکە کە کارمەندی ئاسایشە، خۆی ڕادەستی ئاسایشی کفری کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستاد تەرمی ئەو دووبرایە بەمەبەستی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کەلار کراوە و دواتر رادەستی بنەماڵەکەیان دەکرێتەوە.



ڕیکلام