وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پەكەكە كردبێت

  2020-08-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كەباس لەوە دەكەن كاربەدەستانی ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان قەندیل كۆبووبێتنەوە.

وتەبێژێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریكا و بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە نزیك قەندیل دەكەن راست نین و كۆبوونەوەی لەو جۆرە ئەنجامنەدراوە. 

ئەوەش دوای ئەوە هات كە ماوەی دوو رۆژە بە شێوەیەكی بەرچاو باس لەوە دەكرێت كە كۆبوونەوەیەك لە نێوان ژمارەیەك دیبلۆماتكاری ئەمریكی و سەركردەكانی پەكەكەدا ئەنجامدراوە. 

هەرچەندە كۆبوونەوەكە لە هیچ لایەكی كۆبوونەوەكە پشتراست نەكراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە هەرێمیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كۆبوونەوەكە لە ئاسمانەوە لەلایەن فرۆكە ئەمریكیەكانەوە چاودێری كراوە و هێزێكی تایبەتی پەكەكەش لە زەمینەوە چاودێری كۆبوونەوەكەیان كردووە.