تەندروستی هەولێر: ئاماری کۆڕۆنا لە بەرزبوونەوەدایە

  2020-08-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ژمارەی تووشبووان بە پەتای كۆرۆنا زۆر زیادی كردووە و ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆش کە ھەڵگری پەتاکەن سەردانی سەنتەرەکانی پشکنینی کۆڕۆنا دەکەن .

دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا بەردەوامە و نەخۆشییەكە لەناو هاووڵاتییان زیاتر بڵاوبووەتەوە، ئەوەش قۆناغێکی سەختە ".

وتیشی "پێویست بوو نەخۆشخانەی تر دابین بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و چارەسەركردنی نەخۆشەكان، بەتایبەتی لە ماوەی رابردوو ژمارەی نەخۆشەكان زۆر زیادی كرد، ھەوڵیش دەدەین نەخۆشخانەی زیاتر دابین بکەین ".

ئاشکراشیکرد، لەپێناو فراوانکردنی بازنەی چارەسەرکردن و وەرگرتنی زیاتری تووشبووی کۆڕۆنا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا، كە یەكێكە لە نەخۆشخانە گەورەكانی شاری هەولێر، بۆ چارەسەركردنی تووشبووان پەتای كۆرۆنا تەرخانکرا . وتا ئێستا ٣٧ تووشبوو لەو نەخۆشخانەیە وەرگیراون .

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئۆكسجینەی لەهەر نەخۆشخانەیەك پێویستە لەكاتی چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا، ١٠ بەرانبەری ئەو ئۆكسجینەیە کە لەكاتی ئاسایی و بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی تر بەكاردەهێنرێن .

بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر، ٥٠ ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و نزیكەی ٢٥٠ ئامێری یاریدەدەری هەناسەدانی دەستكرد هەیە دابینكراوە .



ڕیکلام