ئەو موڵکانەی کەوتوونەتە سنوری ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانییەوە تاپۆ دەکرێن

  2020-08-09  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وا بڕیارە لە ماوەی پێنج مانگی داهاتوودا ئەو موڵکانەی کەوتوونەتە سنوری ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانییەوە، بەپێی ڕێگارە یاسایی و هونەریی و ئەندازەییەکان تاپۆ دەکرێن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەدیوانی پارێزگا بە ئامادەبوونی فەرمانگە پەیوەندارەکان کۆبوونەوەیەک کرا بەمەبەستی تاپۆکردنی ئەو گوندانەی دەکەونە ناو ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانییەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکارو ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٢)ی تایبەت بەم بابەتە دانران و لە ڕۆژی۲٠۲٠/۸/۱٥ تا ڕۆژی ۲٠۲٠/۱۲/۳۱دیاریکرا بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتیەک بەپێیی یاساکە مافی هەیە فۆڕمی تایبەت پێشکەش بە لیژنە لاوەکیەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بکات و وابڕیارە لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەموو ئەو زەویی و موڵکانەی لە یاساکەدا دیاریکراون بەپێی ڕێکارە یاسایی و هونەری و ئەندازەییەکان تاپۆ بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر هاوڵاتیەک تا ڕۆژی ۲٠۲٠/۱۲/۳۱ داواکاری پێشکەش نەکات موڵکەکەی بەپێی یاسا دەبێتە موڵکی شارەوانی و مافی کەسیی بەسەریەوە نامێنێت.