وەزیری پێشمەرگە میحوەری ٣ی قادرکەرەم بەسەردەکاتەوە

  2020-08-09  | 
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەکاتی بەسەرکردنەوەی میحوەری ٣ی قادرکەرەم
فۆتۆ: پەیجی وەزارەتی پێشمەرگە
کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان میحوەری ٣ی قادر کەرەمی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لە پێویستی و کەموکوڕییەکانی هێزەکانی کۆڵییەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی ئابی ٢٠٢٠ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری فەریق جەمال ئیمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە و ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت، لەنزیکەوە هێزەکانی پێشمەرگەی لەبەرەکانی پێشەوەی میحوەری ٣ی قادرکەرەم بەسەرکردەوە .

لیوا کاکەمەند فەرماندەی میحوەری ٣ی قادر کەرەم بەئامادەبوونی لیوا هیوا رەش، فەرماندەی میحوەری کەرکوک، لەپێشوازی وەزیری پێشمەرگەدا، کورتەیەکی لەسەر ئەرک و رۆڵی لیواکانی میحوەرەکەی خستەڕوو .

دواتر وەزیری پێشمەرگه فەرماندەی لیواکانی سەر بەمیحوەری ٣ی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لەپێویستی و کەموکوڕییەکانی کۆڵییەوە، هەروەک ستایشی قارەمانێتی و ئازایەتی ئەو هێزانەی کرد، که رۆڵی گەورەیان بینیوە لەراوەدوونان و نەهێشتنی تیرۆریستان لەناوچەکەدا.

داواشیکرد، زیاتر پابەندی بنەما و دیسپلینە سەربازییەکان بن و لەرێگەی وەزارەتی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێمەوە هەوڵی باشکردنی دۆخ و گوزەران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەین .

لەدیداری فەرماندەی لیواکاندا، وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند، ئەرکی هەمووان سەختە و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە هەوڵەکانمان بۆ چاکسازی و باشکردنی ژیانی پێشمەرگە و خۆڕێکخستنەوە بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "خەونی میللەتەکەمانە، لەئایندەدا کورد ببێتە خاوەن هێزێکی بەتوانا و توکمەی نیشتمانیی کە بتوانێت ئایندەی نەوەکانمان و کوردستانەکەمان بپارێزێ".