ژمارەیەك لە پزیشكانی سلێمانی بایكۆتی دەوامیانكرد

  2020-08-10  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەك لە پزیشكانی نەخۆشخانەی شار بەهۆی وەرنەگرتنی موچەكانیانەوە مانگرتنیان لە كارەكانیان راگەیاند و سورن لەسەر بایكۆتەكەیان تا ئەو كاتەی موچە وەردەگرن.

دوای مانگرتنی بەشێك لە پزیشكانی نیشتەجێی خوڵا و پایە بڵند لە نەخۆشخانەی شار، هاوژین عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بە پەیامنێری ژیان-ی راگەیاند: بەڵێنیان پێداوین كە رۆژی چوار شەممە واتە دوو رۆژی دیكە موچەی كامەندانی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكرێت. 

پەیامنێری ژیان ئەوەشی راگەیاند، ئەو پزیشكانەی مانگرتنیان دەستپێكردووە باوەڕیان بە بەڵێنی حكومەت نەماوە و سوورن لەسەر بایكۆتەكەیان بەردەوامن. 

كامەندانی تەندروستی زیاتر لە 40 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە و هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە كە ئەگەر لە رۆژی چوار شەممەشدا موچە دابەش نەكرێت ئەوا بایكۆتەكە فراوانتر دەكرێت. 

تا ئێٍستا موچەی مانگی ئاداری ئەم ساڵ دابەشنەكراوە و موچەی مانگی شوباتیش كە زیاتر لە 40 رۆژە دابەشكراوە 21%ی موچەكانیان لێبڕدراوە. 
 


ڕیکلام