تەندروستی هەرێم لەبارەی نرخی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا روونکردنەوە دەدات

  2020-08-10  | 
هەولێر
یەكێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی نرخی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڕێژەی ٤٠ تا ٥٠ لەسەدی نرخەکان کەمکراوەتەوە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەند نرخێکی چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، دەمانەوێت هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا بکەینەوە کەوا نرخەکانی چارەسەری بەهۆی باروگوزەرانی هاوڵاتیان لەم دۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا، بەڕێژەی ٤٠ تا ٥٠ لەسەدی نرخەکان لەلایەن لێژنەیەکی ڕاوێژکاری کەمکرایەوە و بە فەرمانی وەزاری ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەرچووە."

ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی پشکنین بەدواداچوونی ڕۆژانە دەکەن و وەزارەتی تەندروستی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخەکان و رێگانادرێت بە هەر زیادەرۆیی و سەرپێچیەک.

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵگەنامەیەك بڵاوكرایەوە و تیایدا ئاشكراكرابوو، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، نرخی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا، لە 500 هەزارەوە دەستپێدەكات و تا یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرزدەبێتەوە.





ڕیکلام