لە هێرشێکی داعش لە سنوری حەویجە چوار کەس برینداربوون و ئەفسەرێکیش گیانی لەدەستدا

  2020-08-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمشەو چەکدارانی داعش لەسنوری ناحیەی ڕیازی سەر بەقەزای حەویجە لەڕۆژئاوای کەرکوک هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک هاوڵاتی گوندی ماجد لەئاکامدا چوار کەس برینداربوون و پۆلیسێکی فیدڕاڵیش گیانی لەدەستداوە

ئەحمەد خورشید لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ‌هێزی حەشدی عەشایری لەحەویجە بەتۆڕی هەواڵی ژیانی وت ھێرشەکە لە کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو ئەنجامدراوە کاتێک ژمارەیەک چەکداری داعش بەدەستڕێژی گولـلە هێرشیان کردۆتە سەر ھاوڵاتیانی گوندی ماجدی سەر بەناحیەی ڕیاز لەئاکامدا دوو ھاوڵاتی گوندەکە و دوو چەکداری حەشدی عەشایری سنورەکە برینداربوون. باسی لەوەشکرد پاش ڕوداوەکە ‌هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی ڕویان کردۆتە گوندەکە لەڕێگادا بۆمبێکی چێنراویان پیادا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی ئەفسەرێک بەناوی سەعیدی کە کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵیە لەسنوری ناحیەی ڕیازی سەربەقەزای حەویجە لەڕۆژئاوای کەرکوک. پێشترو لە ٢٧ی تەمموزی ئەمساڵ لەهێرشێکی هاوشێوەدا کەلەلایەن چەکدارانی داعشەوە کرابووە سەر هاوڵاتیان و دانیشتووانی گوندی ماجد دوو چەکداری داعش بەسەختی برینداربوون. بەگوێرەی ئامارە نافەرمیەکان زۆرترینی هێرشی چەکداری داعش لەسنوری حەویجە بۆ سەرناحیەی ڕیاز بووە لەمساڵدا کەتیایدا ژمارەیەک لەهاوڵاتیان و موختاری ژمارەیەک گوندی سەربەناحیەکە لەلایەن داعشەوە بەئامانج گیراون. ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سنورەکە لەئەستۆی پۆلیسی فیدڕاڵیدایە و هێزێکی لیوای ٥٦ حەشدی عەشایریش کە لەخەڵکی سنورەکە پێکھاتوون هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵدا دەکەن.
 
 


ڕیکلام