قایمقامی هەولێر: نەخۆشخانە ئەهلیەكان ناچاركراون تووشبووانی كۆرۆنا وەربگرن

  2020-08-11  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قایمقامی هەولێر رایگەیاند لێپرسینەوە لەو نەخۆشخانە ئەهلیانە دەكەن كە تووشبووانی كۆرۆنا وەرناگرن و دەشڵێت تا ئێٍستا هیچ نەخۆشخانەیەك سزا نەدراوە بەهۆی وەرنەگرتنی تووشبووانی كۆرۆنا.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاند: نەخۆشخانەی تایبەت زۆرن، نەخۆشخانەكانیش نرخیان جیاوازە لەهەموو دنیاش ئەو شتە باوە بەڵام وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دەركردووە كەفەرزی كردووە لەسەر ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە كە نەخۆشی كۆرۆنا وەربگرن. 

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر روونیشیكردەوە، وەزارەتی تەندروستی كردویەتیە مەرج بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكان نرخەكانیان دابەزێنن،  بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا لیژنەیەك پێك هاتووە لەوەزارەتی تەندروستی لەتەندروستی هەولێر، وەكو قایمقامیەت لەو لیژنەیەد بونیان هەیە. 

ئەوەشی راگەیاندووە ئەو نەخۆشخانانەی پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی نەبن سزا دەدرێن و دەشڵێت: بڕیارەكە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمە لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و لیژنەكە دەست بەكاربووە، نەخۆشخانەكان زۆربەیان نەخۆشەكان وەردەگرن. 

ئەو باسی لەوە كردووە ئەوان هەركاتێك لەلایەن تەندروستییەوە ئاگاداركرانەوە كە یەك لە نەخۆشخانەكان پابەند نییە و نەخۆشی كۆرۆنا وەرناگرێت، ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەن. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە دوێنێ خشتەیەك بەناوی وەزارەتی تەندروستی بڵاوكرایەوە كە تیایدا نرخی وەرگرتنی تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دیاری كردبوو ناڕەزایی زۆری خەڵكیشی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی بەرزی نرخەكانەوە. 


ڕیکلام