وتەبێژی فەرماندەی گشتی سوپای عێراق رایگەیاند، بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق هێڵی سورە و سوپاكەیان چەندین رێگای لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی توركیا .
یەحیا ڕەسول زوبەیدی، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی عەرەبیەی راگەیاند، بەزاندنی سەروەری و سیادەی خاكی عێراق هێڵی سورە، سوپای عێراق چەندین رێگەی لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی توركیا .
وتیشی، عێراق رێگەنادات خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت، بەڵام توركیاش دەبێت رێز لەسەروەری خاكی عێراق بگرێت و دەستدرێژیەكانی رابگرێت .
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیای لە بەغدا بانگێشتكرد و یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی پێشكەشكرد و نیگەرانی خۆی لەبارەی بۆردومانی ناوچە سنوریەكانی هەرێم و لەشكركێشیەكانی توركیا دەربڕی .
رۆژی سێشەممەی رابردووش، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پێگەیەكی هێزەكانی پاسەوانی سنوریان لەناوچەی سیدەكان كردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی شەهیدبوون.