لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە شاری عەفرینی سوریا، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان چوار کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە پر بووە لە تەقەنی و لە دەوروبەری پارکی گەورەی شاری عەفرین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون و بریندار بوون و زیانی مادی زۆریشی بە ناوچەکە گەیاندووە.
بەڵام تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە و وردەکاری زیاتر ئاشکرا نەکراوە.
شاری عەفرین لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨وە لە لایەن سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داگیر کراوە و لەو کاتەوە نائارامی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ناچار بوون شارەکەیان جێبهێڵن.