سوپای تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکانی پارێزگای دھۆک و هەر لەمڕۆشدا شەش گوند لە ھەردوو ناحیەکانی باتیفا و دەرکار لە قەزای زاخۆ بۆردومانکران .
قادر ئەحمەد لە ناحیەی دەرکار بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 7:30 خولەکی ئەمشەو سوپای تورکیا بۆردومانی گوندەکانی شەرانشی سەروو و شەرانشی خواروو و شیشێ-ی لە سنوری ناحیەی دەرکار کردووە و تاوەکو ئێستاش بۆردومانەکە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا فڕۆکەکانی تورکیا بەبەردەوامی لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و جاربەجاریش بۆردوماندەکەن.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە ناحیەی باتیفا بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، لەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندەکانی کەشان و ڕویسێ و بانک-یان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە ئاگر لە چەند ناوچەیەک کەوتووەتەوە و زیانێکی زور بە زەوی و باخی ھاوڵاتیان گەیشتووە.
بەھوی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارێزگای دھۆک، جگە لە شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی، ھەزاران دۆنم زەوی و بێستانی ھاوڵاتیان سووتاون و بەرھەمەکانیان لەناوچوون.