وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیەکی لەسەر کوژرانی خێزانە کوردەکە بڵاوکردەوە

  2020-09-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، کوشتنی شیلان دارا و خێزانەکەی لەناوچەی مەنسوری خۆرئاوای بەغدا بە پاڵنەری تاوانەکە دزی بووە.

لە بەیاننامەیەکدا خالید موحەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ئەو تاوانبارە دەستگیر بکەن کە تاوانەکەی دوێنێی گەڕەکی مەنسوری بەغدای ئەنجام داوە، کە خێزانێکی سێ کەسی تیا کوژراو ە پێکهاتوون لە باوک و دایک و کچێک، تاوانەکەش پاڵنەری دزیکردنی لە پشتەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوان، دەزگا ئەمنییەکان توانیان لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی تاوانبار ئاشکرا بکەن، کە هەڵاتبوو بۆ پارێزگای هەولێر.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، گەلی عێراق دڵنیادەکەنەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام بە ئاگان و توانای ئاشکراکردنی ڕاستی و تاوانبارەکانیان هەیە، کە لەو ڕووەوە هیوا و متمانەیەکی گەورەی بە هاوڵاتییەکانی هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە دووبارە بوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، ئەوەش ئەرکی هەرە گرنگی ئەوانە کە لەپێناویدا کار دەکەن.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سێ تۆمەتباری سەرەکی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا، لە هەولێر دەستگیرکراون.

ئێوارەی ئەمڕۆ دژە تیرۆری کوردستان دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەکی تاوانی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە.

لە دانپێدانانەکەدا ئەو کەسە دەڵێت کە ناوی مەهدی حسێن ناسرە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤ و دانیشتووی گەڕەکی حەبیبییەی بەغدایە .

ئاماژە بەوەش دەکات کە، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە و بەدیاریکراویش پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە لە بەغدا.