بەدەل بەرواری لە زیندانەوە داوایەك ئاراستەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەكات

  2020-09-17  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مازن شنگالی
پارێزەری بەدەل بەرواری رایگەیاند، بریگرتەكەی داوایەكی ئاراستەی رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان كردووە بۆ ئەوەی چاودێری كەیسەكەی بكەن.

خەتاب عومەر، پارێزەری هەریەكە لە بەدەل بەرواری، دوای سەردانی بریگرتەكەی لە زیندان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: رەوشی تەندروستی ئەو دەستگیركراوە باشە، بەڵام نیگەرانە لەو دۆخەی بۆی دروست بووە. 

بە گوێرەی وتەی پارێزەرەكەی بەدەڵ بەرواری داوایكردووە رێكخراوە جیهانیەكانی مافی مرۆڤ چاودێری دۆسیەكەی بكەن و لەسەری بێنە دەنگ بۆ ئەوەی چیتر هەوڵی بێ دەنگكردنی خەڵكی نەدرێت. 

پارێزەری ئەو دەستگیركراوە ئاماژەی بەوەكرد كە بەگوێرەی یاسا و ئەو مادەیەی پێی دەستگیركراوە، دەتواندرێت ئازاد بكرێت، لەبەر ئەوەی مادەی خراپبەكار هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردنە، ئەگەر مەترسی لەسەر نەبێت دەتواندرێت لە ماوەی 24 كاتژمێردا ئازاد بكرێت مامۆستا بەدەلیش كەسایەتیەكی ناسراوە. 

ئەو وتیشی، ئەوەی هەیە رێكاریی یاسایی دروست نیە و گومانمان بۆ دروست بووە كە لە جاری دووەم كەداوامانكردبوو ئازاد بكرێت هەر داواكاریەكەیان لێوەرنەگرتین.  

بەدەل بەرواری لە رۆژی 18ی ئابەوە دەستگیركراوە و تا ئێستا سبەی ماوەی مانگێك تێپەڕ دەكات بەسەر مانەوەی لە زیندان و رۆژی 22ی ئەم مانگەش دانیشتنێكی دیكەی دادگایی بەڕێوە دەچێت. 


ڕیکلام