بەرهەم ساڵح: کازمی دەیەوێت کێشەکانی کەرکوک چارەسەربکات

  2020-09-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند پێویستە کێشەکانی کەرکوک بەپێی دەستور چارەسەربکرێت نەک ئەمری واقیع بەسەر شارەکەدا بسەپێندرێت.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی کەرکوک کرد و ڕایگەیاند حکومەتەکەی مستەفا کازمی سورە لەسەر چارسەرکردنی كێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوایاندا کێشەی کەرکوک.

وتیشی پێویستە کێشەی کەرکوک بە رێگای کەرکوکیانە و بۆ خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک چارەسەربکرێت و شارەکە ببوژێندرێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕابردوودا بەهۆی پشتگوێخستنی شارەکە و بونی گەندەڵی و گوێ نەدان بە ئاڵنگەریا ئەمنیەکان هاوڵاتیانی کەرکوک زیانی زۆریان کردوە.

بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاند زۆر گرنگە گفتوگۆ لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک هەبێت بۆ چارسەرێکی کەرکوکیانەی کێشەکان بەپێی دەستور نەک سەپاندنی ئەمری واقیع.