دوو کەس لەهەولێر بەرتیل بە بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا دەدەن

  2020-09-19  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلی ئاراستەی دوو کارمەندی حکومی کردووە کە لە شاری هەولێر دادەنیشن، بە مەبەستی وەرگرتنی گرێبەست لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بۆیان.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، دوو کەس بە ناوەکانی "ئالان فریدای" تەمەن ٣٧ ساڵ و "لارا جومعە"  تەمەن ٣٠ ساڵ، کە هەردووکیان خاوەنی کۆمپانیایەکن لەشاری هەولێر.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، فریدای و لارا بەرتیلیان پێشکەش بە لێپرسراوێکی سوپای ئەمریکا کردووە لە بنکەی سەربازی ئاسمانی هەولێر لە عێراق، لەپێناو بەدەستهێنان و وەرگرتنی گرێبەستی هاوردەکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە.

لە دۆسیەی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە "ئەو دوو کەسە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پێشنیازی وەرگرتانی بەرتیلیان خستووەتە بەردەم لێپرسراوێک کە گرێبەستی هەیە لەگەڵ سوپای ئەمریکا، بەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر گرێبەستێک بۆ کۆمپانیاکەیان، بڕی لە٢٠%ی بدرێت بەو لێپرسراوە سەربازییە".

هەروەها لە دۆسیەی تۆمەتبارکردنەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو تۆمەتبارە پێشەکی بڕێک پارەی نەقدییان پێشکەشکردووە، لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستی هاوردەکردنی کەلوپەل لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠دا.

لەو بارەیەوە "بریان ڕایت" ڕێکخەری کارەکانی یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە "پێدانی بەرتیل"بە ئامانجی لەباربردنی هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بەشێوەیەکی یاسایی لە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "وەزارەتی داد بەردەوام دەبێت لەپێناو پارێزگارکردنی لە سوپای ئەمریکا لەو هەڵسوکەوتە گەندەڵکارانە و بەفیرۆدانی پارە لەسەرانسەری جیهاندا".

ئەوەش لەکاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا،  بەشی قەلاچۆکردنی گەندەڵی لە وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتریش ڕێگریکردووە لە چەند هەوڵێکی هاوشێوە لە وڵاتی کوەیت، دووەمیشیان لە کۆریای باشور لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا.