عەلی حەمە ساڵح: گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار داهاتی نەوت ناگرێتەوە

  2020-09-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان ڕایگەیاند لە ئەنجامی بەدواداچون بۆیان دەرکەوتووە گۆڕینەوەی داهاتی دۆلار بە دینار داهاتی نەوت ناگرێتەوە و قازانجی گەورەی بانکێکی ئەھلی بەردەوامە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندوە پێشتر حکومەت مانگانە 300 ملیۆن دۆلاری دەگۆڕیەوە  و قازانجی ئەو بانکە 27 ملیار دیناربووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە لە کابینەی پێشوو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوامانکردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت چونکە بەوە حکومەت 9 ملیار دینار قازانج دەکات.

عەلی حەمە ساڵح ئاشکراشیکردوە ئەو بانکە ئەھلیە خۆی دۆلارە دەگۆڕێتەوە بە دینار بە ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک و پاشان دەیدات بە وەزارەتی دارایی،پێویستە ڕێگا لەم قۆرخکاریە بگیرێت کە زیانی مانگانەی 9 ملیار دینار لە حکومەت دەکەوێت.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند گۆڕینەوەی دۆلاری کرد بە موزایەدە و ڕایگەیاند بانک و کۆمپانیاکان دەتوانن بەشداربن و عەلی حەمە ساڵحیش پشتگیری کرد و ڕایگەیاند مانگانە 9 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.