لەڕێگەی هێڵی ئاسنەوە موسڵ بە تورکیاوە دەبەسترێتەوە

  2020-09-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری نەینەوا ئاشکرایکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستدەکرێت بە کاری ڕاکێشانی هێڵی ئاسنی نێوان شاری موسڵ و تورکیا.

نەجم جبوری پارێرزگاری نەینەوا بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی ڕاگەیاندووە، میلاکی ئەندازیاری و هونەری پسپۆڕ بە هاوکاری کۆمپانیا ئەندازیارییەکانی بواری ئاوەدانکردنەوەی تورکیا، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەست دەکرێت بە ڕاکێشان و پێکەوە بەستنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان شاری موسڵ و کۆماری تورکیا.

پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو پڕۆژەیە کەمکردنەوەی لۆدە لەسەر ئەو قەرەباڵغیەی کە لەسەر ڕێگاکانی دەرەوەی شار هەیە.

جەختیشیکردەوە، کارەکە بە یەکەم پڕۆژەی گرنگی شاری موسڵ دادەنرێت، بە تایبەت کە پارێزگای نەینەوا یەکێک لەو پارێزگایانەی عێراق، پەیوەندییەکی فراوانی ئابوری و وەبەرهێنانی هەیە لەگەڵ تورکیای هاوسێدا.

بەهۆی شەری داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە لایەن سوپای عێراقەوە، پارێزگای نەینەوا بە گشتی و شاری موسڵ بە تایبەتی، یەکێک لەو شارانەی عێراق کە زیانی گەورە بەر ژێرخانی ئابوری کەوتووە و لە هەندێک گەرەک بە تەواوی خاپور و بووە و بۆ ژیان دەست نادات.