ژەنەڕاڵێکی ئەمریکی: ئەگەری بەرپابوونی جەنگ لەناو ناتۆدا لە ئاردایە

  2020-09-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای ئەمریکا هۆشداری دەدات لەسەرکێشییەکانی تورکیا لەدەریا ناوەڕاستدا، کە پێشبنی دەکات ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازی لەناو رێکخراوی ناتۆدا.

تۆماس تراسک ژەنەڕاڵی خانەنشینی سوپای ئەمریکا و جێگری فەرماندەی پێشووی سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "ناشیوناڵ ئینترێست" نووسیویەتی، ئەو وەچەرخانەی لەناوخۆیی تورکیا هاتووە ئاراوە کە پێشتر هاوبەشێکی عیلمانی خۆرئاوا بووە، بەڵام لەئیستادا زیاتر نەتەوە پەرست و ئیسلامیی و سەرکوتکەرە.

تراسک ئاماژەی بەوەکردووە، مۆرکی بنەڕەتی نوێی تورکیا بریتییە لە دەستوەردان لە خۆرهەڵاتی دەریاری ناوەڕاستدا و بە تەواوی وێنەیەکی تورکی لە دیپلۆماسیەتی بەلەمی جەنگی جێبەجێ دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاشکرابوونی یەدەگی گەورەی وزە لە نزیک قوبرس و میسر و ئیسرائیل و لایەنە کاریگەرە هەرێمایەتییەکانی تری داهاتووی ناوچەکە، پاڵنەرێکی گەورەی خواستەکانی تورکیایە لە دەریای ناوەڕاستدا.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئەو ژەنەڕاڵە سەربازییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، جێ پەنجەی سەربازی و ئابوری زیاتری تورکیا لە لیبیا، تا ئێستا چەند جارێک هەڵسوکەوتە ئیستیفزازییەکانی تورکیا خەریک بووە ببێتە هۆی بەرپابوونی پێدادانێکی چەکداری لە نێوان کەشتییە تورکی و یۆنانی و فەڕەنسییەکاندا لە ناوچەکەدا.

ڕوونیشیکردووتەوە "لەبەردەم دۆخێکی ئاڵۆزی وەک ئێستادا مەترسی پێکدادانی سەربازیی لەناو پەیمانی ناتۆدا لە ئارادایە، بۆیە پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەژموونی زیاتری خۆ ی بخاتەگەر، لەپێناو بەقەرارکردنی ئارامی لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

هاوکات پێشنیازی ئەوەشی کردووە، واشنتۆن نوێنەرێکی تایبەتی خۆی دابمەزرێنێت تایبەت بە کاروباری خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بۆ ئەوەی کاربکات لەگەڵ مونتەدای خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، کە پێکهاتوون لە میسر و قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل و ئیتالیا و ئوردن و دەسەڵاتی فەلەستین، بەمەبەستی دروستکردنی قورساییەکی هاوسەنگ و ڕوون لەبەرامبەر ئەو ڕێگرییانەی تورکیا، کە پەیڕەوی دەکات لەبەردەم گەشەی وزەی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا.

ئەو ژەنەڕاڵەی سوپای ئەمریکا داواشی کردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون و پێگەی سەربازیی خۆی لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر بکات، چونکە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەرگری لەگەڵ ئەسینا، هاوکار دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی تورکیا و روسیا لە ناوچەکە.