کۆمسیۆن داوای لە پارتی کردووە کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجام بدات

  2020-09-24  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بە زووترین کات کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجام بدات.

فەرمانگەی کاروباری حزبەکان و ڕێکخستنە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی نوسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێری کاروباری حزبەکانی کردووە، داوای لە پارتی کردووە بە زووترین کات کۆنگرەی ئەو حزبە ئەنجام بدرێت.

وەک لە نوسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٩دا لێپرسراوێکی باڵای پارتی دیموکرانی کوردستان کە دەسەڵاتی پێدراوە بە بەڵێننامەیەکی فەرمی ئاماژەی کردووە بەوەی  لە کاتی خۆیدا پارتی کۆنگرەی گشتی خۆی ساز دەکات، دوای ئەوەی داوای کردووە ڕەزامەند بن لەسەر دواخستنی کۆنگرەی حزبەکە بۆ ماوەی ١٠ مانگ.

لە کۆتایی نوسراوەکەی کۆمسیۆندا داوا لە نوسینگەی هەڵبژاردنەکانی هەولێر کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگادار بکەنەوە کە ئەو ماوەیە تەواو بووە و وادەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکەی و لە ئەنجامیش ئاگاداریان بکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەرەتای ئەمساڵ سەرکردایەتیی پارتی بڕیاریدا ساڵی 2020 کۆنگرەی 14 ببەسترێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتوانراوە کۆنگرەکە ڕێکبخرێت.

لەوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیکانی نزیک لەو حزبەی ڕاگەیاندووە، ئەنجامدانی کۆنگرە زۆر پەیوەستە بەوەی کەی دۆخێکی تەندروست دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی کۆنگرە ئەنجامبدرێت، بۆیە لەمساڵدا قورسە ئەم هەنگاوە بنێین.

ئاماژەی بەوەشکردبوو چاوەڕوانن لە سەرەتای ساڵی داهاتوو یان ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەرفەت گونجاوبێت بۆ ئەوەی کۆنگرەکە ببەستن.



ڕیکلام