کوڕێکی ترەمپ بە تۆمەتی گەندەڵی بانگهێشتی دادگا دەکرێت

  2020-09-24  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادوەرێکی دادگای نیویۆرک فەرمانیکرد بە بانگهێشتکردنی ئیرک ترەمپ کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە گومانی خڕکردنەوەی داهات لەلایەن ڕێکخراوی ترەمپەوە بەشێوەیەکی نایاسایی لە بواری خانووبەرەدا.

بڕیاریشە ڕۆژی ٧ی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئیرک ترەمپ لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.

لیستشیا جەیمس داواکاری گشتی نیویۆرک، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە  دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئیرک ترەمپی تەمەن ٣٦ ساڵ کردووەتەوە، کە لەدوای ئەوەی باوکی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە لە ساڵی ٢٠١٧وە ، بووەتە کەسایەتی یەکەمی کۆمەڵگەی ئابوری ترەمپ.

سەرباری ئەوەی ئیریک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا، بەڵام پارێزەرەکەی داوایەکی پێشکەش بە دادگا کردووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چونکە لەئێستادا زۆر سەرقاڵە بە هەڵمەی هەڵبژاردنەکانی باوکییەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە.

لەبەرامبەر ئەو داوایەی پارێزەری کوڕی ترەمپ، داواکاری گشتی داواکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە ئیرک ترەمپ ناچار بکرێت پەڕاوەکانی پێشکەش بکات بە دادگا بۆ ئەوەی بخرێتە ناو دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی، سەبارەت بە سەروەت و سامانی کۆمپانیاکە لە بواری خانووبەرەدا، بە تایبەت باڵەخانەیەک لە شەقامی ۆوڵ ستریت و ئوتیڵی ترەمپ ئینتەرناشیوناڵ لە ویلایەتی شیگاکۆ.

دوای ئەو سوربوونەوەی داواکاری گشتی ، دادوەریی دادگاکەش ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داوای داواکاری گشتی و ئاماژەی بەوەکردووە، بەڵگەکانی ئیریک ڕازیکەر نین و دەبێت دەستبەجێ لەبەردەم دادگا ئامادە بێت، ئاماژەی بەوەشکرد هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.

 



ڕیکلام