دوو دەوڵەتی دیکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە

  2020-09-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو ئیسرائیل دەگاتە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دوو وڵاتی دیکەی عەرەبی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە ئەو دوو دەوڵەتەش بریتین لە سودان و سوڵتانشینی عومان، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا قۆناغی باشیان بڕیوە لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوە نوێیەی ئەو دوو وڵاتە بە پشیتوانی و کۆمەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕابگەیەندرێت.

لە لایەکی ترەوە "کیلی کرافت" نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبنی کرد لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی ڕێککەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکاتز

گرافت بە کەناڵی عەرەبی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، وڵاتەی پلانی هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکەن.

ئەو باڵیۆزەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکییەکان هیوادارن وڵاتی سعودیە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانەوەیەکی زیاتر هاتووەتە ئاراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی عومان و ئیسرائیلدا، ڕێکەوتنیش کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەیاننامەیەک بڵاوبکرێتەوە سەبارەت بە بەدیهێنانی ڕێککەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و چاوەڕوانیش دەکرێت لە هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان عومان و ئیسرائلدا ئیمزا بکرێت، ئەگەریش کێشەی تەکنیکی بێتە پێشەوە چاوەڕوان دەکرێتى دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو.

سەبارەت بەڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ سودانیش ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە  ئاشکرایکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات ئاشکرا دەکرێت.

چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ سودان ڕەنگە دوابکەوێت، چونکە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی سودان ڕایگەیاندووە، هەنگاوی لەوشێوەیە دەبێت دوای پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی هەمیشەیی بێت.

ئەو زانیاریانە لەکاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشارەکانی بۆسەر سودان زیاد کردووە، بەمەبەستی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەم قۆناغەی ئیستای دەسەڵاتی سودان و چیتر چاوەڕوان نەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی هەمیشەیی.

لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی "وایلا"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی نیوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سودان کە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات سازکراوە، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سودان، بێ هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو کۆتایی هاتووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە ناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوو، پەیوەندیی هەبووە بە چوارچێوەی ئەو کۆمەکە ئابورییانەی کە واشنتۆن پێشکەشی سودانی دەکات لەچوار چێوەی پرۆسەی ئاشتیدا.

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕێککەوتنی سودان و ئیسرائیل وەساوە لەسەر ملدانی ئەمریکا بۆ هەندێک لە داواکانی سودان، کە بە پلەی یەکەم تایبەتە بە هاوکارییە ئابوریەکانی واشنتۆن و دەرهێنانی سودان لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی تیرۆر دەکات بەلای ئەمریکاوە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی سودان ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆمانی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمارات چەند تەوەرەیەکی لەخۆی گرتبوو، لەناویشیاندا پرۆسەی ئاشتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەنجامی گفتوگۆکانیش دەخاتە بەردەمی ئەنجومەنی ڕاگوزرەر لە سودان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆنن بیرتس بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی ئیسرائیل و ئالۆن ئۆشفیز وەزیری دەرەوە، ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو سەردانی مەنامەی پایتەختی بەحرەنیشیان کردووە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە وردەکاریی ڕیککەوتنی ئاشتی لەنێوان بەحرەین و ئسرائیل.

هاوکات چەند سەرچاوەیەکی کەنداو بە ڕادیۆی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشار لە دەوڵەتی قەتەر دەکات، بەئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل، لەبەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ و دابڕانی وڵاتانی کەنداو و میسر لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر، کە ماوەی سێ ساڵە درێژەی هەیە.

بەڵام سەرچاوەیەکی قەتەری کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، حکومەتی دەوحە ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت جیاکاری بکرێت لە نێوان ئەو بابەتەدا.

ئەو پێشهاتە نوێیانە لەکاتێکدایە، میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، هەریەکە لە دەوڵەتەکانی عومان و مەغریب و سودان، کاندیدن بۆ چوونە پاڵ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.



ڕیکلام