حەلبوسی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا: باڵیۆزخانەکان لە دەستدرێژی دەپارێزین

  2020-09-27  | 
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە لە پاراستنی ئەمنیەتی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی دەوڵەتان لە هەر دەستدرێژییەک.

لەڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیکردووە لە ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەسەندنەکانی لەسەر دۆخی عێراق و نێودەوڵەتی.

لە دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لە پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان لە دەستدرێژی و هێرشە بەردەوامەکان، هەروەها جەختکردنەوە لە سەپاندنی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت و چەسپاندنی یاسا و بەرقەرارکردنی ئاسایشی و ئارامی لە وڵاتدا.

بە گوێرەی بەیاننامەکە باڵیۆزی ئەمریکاش جەختیکردووەتەوە لە پشتیوانیکردنی گەل و حکومەتی عیراق بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان، جەختیشکراوەتەوە لە هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆبوونەوەکیدا جەختیانکردەوە سەپاندنی هەیبەی دەوڵەت و کۆنترۆڵ کردنی چەک کە تەنها دەبێت بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.

پێشتریش چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ .

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.



ڕیکلام